ئیسرائیل دەڵێت فەرماندەییەکی بزووتنەوەی حەماسیان کوشتووە کە داڕێژەری هێرشە کوشندەکەی 7ی مانگی دە بووە بۆ سەر باشووری ئیسرائیل.
هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل ناسراو بە شین بێت ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بڵاویان کردەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوەکرد، بە گوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، نەسیم ئەبو عجينة لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژراوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەبو عجینە فەرماندەی بەتالیۆنی بەیت لاهیە بووە و ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە پەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پاراگلایدەر لە کاتی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر باشوری ئیسرائیل.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کوژرانی ئەبو عجینە زیانێکی بەرچاو بە هەوڵەکانی حەماس دەگەیەنێت بۆ پەکخستنی چالاکییە زەمینییەکانی سوپای ئیسرائیل.
هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند هێزە ئاسمانی و زەمینیەکانی لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی 300 ئامانجیان پێکاوە، لەوانە بنکەی هەڵدانی موشەکی دژە تانک و موشەکی ژێرزەمینیی و هەروەها بنکە سەربازییەکانی ناو تونێلە ژێرزەمینییەکانی حەماس، گوتیشی ناوبراو لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژراوە.
حەماس تۆڕێکی فراوانی تونێلی لە ژێر غەززە هەیە کە پێدەچێت چەک و خۆراک و پێداویستییەکانی دیکەی تێدا کۆبکاتەوە.
سەرباز و تانکەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە پێشڕەویان بەرەو باکوری غەززە و بوونی سەربازی خۆیان لە غەززە فراوانتر دەکەن.