Accessibility links

دۆخی میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاند لە هەرێمی کوردستان


لە هەرێمی کوردستان ژمارەی میدیا و ڕاگەیاندنەکان لە دەیان و سەدان دەرچووە. بە بڕوای بەشێک لە شارەزا و چاودێران ئەگەرچی زۆری ژمارەی میدیا لایەنی ئەرێنی هەیە و نیشانی بوونی ئازادییە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بۆی هەیە کاریگەری نەرێنیشی هەبێت لەسەر ئەرکەکانی میدیا. لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەی دارایی ئەو میدیایانە مشتومڕێکی زۆریان لێکەوتووەتەوە.

دەپرسین :
کاریگەری بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕاگەیاندنە جۆراو و جۆرەکان لە هەرێمی کوردستان چییە؟
ئایا کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بەو ژمارە زۆری میدیا هەیە؟
ئایا لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان هیچ چاودێرییەک لەسەر سەرچاوە و پاڵپشتی میدیاکان هەیە؟
ئایا میدیا لە کوردستان دەتوانێت وەبەرهێنان بکات بۆ خۆی یان وەک هەندێکیان بانگەشەی ئەوە دەکەن سەرچاوەی داراییەکەیان ڕیکلامی بازرگانییە، ئایا بە ڕیکلامی بازرگانی لە کوردستان میدیا دەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی پرسی دۆخی میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاند لە هەرێمی کوردستان بە میوانداری بەڕێزان:
1- دکتۆر نەزاکەت حسێن، سەرۆکی لیژنەی داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ، هەروەها مامۆستای بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی.
2- کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.
3- دکتۆر بەرهەم خالید، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی.

please wait

No media source currently available

0:00 0:55:33 0:00

دکتۆر نەزاکەت حسێن:
"بوونی ژمارەی زۆری دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەر شوێنێکدا لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، بەڵام بوونی ژمارەیەکی زۆری میدیا ئەو میدیایانە پێویستییان بەسەرچاوەی داراییە ، کە دەبێت پەیدا بکرێت، اەگەر وڵاتەکە خۆی توانای دابینکردنی هەبەت ئەوا خۆی دابینی دەکات، ئەگەرنا پەنا دەبرێتە بەر سەرچاوەی نادیار و دەرەکی، چونکە هەرێمی کوردستان کۆمپانیا شوێنە بازرگانییەکان خاوەنی بودجەی بەوجۆرە نین یا وڵاتەکەمان پیشەسازی نیە، بۆیە پەنا دەبرێتە بەر سەرچاوەی نادیار، جگە لەوەی ئەو ژمارە زۆرەی میدیا دەبێتە هۆی دابەشبوونی وەرگر وە ئەگەر بە یاساش ڕێکنەخرابێت ئەوا دەبێتە هۆی زۆربوونی تەشهیر و بەکارهێنانیان بۆ دژایەتی یەکتر، لە هەرێمی کوردستانیش یاسایەکی گشتگیر و شمولیمان نیە، ڕاستە یاسای ژمارە 35ی کاری ڕۆژنامەوانی ئازادییەکی جوانی فەراهەم بکات بۆ ڕاگەیاندن، بەڵام ئەو ئازادییەی ڕێکنەخستووە و ژینگەیەکی فەوزایی میدیامان هەیە."

"فرە کەناڵی میدیا لە هەرێمی کوردستان سەرئێشەی بۆ دروستکردوین، لەڕووی سەرچاوەی دارایی و دابەشکردنی وەرگر و ئاستی پڕۆفیشناڵی."

"مامۆستایەکی ئەڵمانی ساڵی 2014 هاتە زانکۆ بۆ لامان داتای ژمارەی ڕاگەیاندنەکانی پیشان داین، بەراوردمان کرد بە ژمارەی ڕاگەیاندنەکانی کوردستان بینیمان 2014 هەرێمی کوردستان نۆ قاتی ئەڵمانیا ژمارەی ڕاگەیاندنی زیاترە کە ئێستا 2023 ژمارەکە دەبینین چەندە زیادی کردووە."

"من لەگەڵ ئەوەدا نیم کە میدیا دابخرێت یا کۆنترۆڵ و کۆت و بەند بکرێن، بەڵکو لەگەڵ دانانی هەندێک کۆد و پڕەنسیبم کە دابنرێت و بەیاسا ڕێکبخرێن، چونکە ئێمە لە ژینگەیەکی شێواو و فەوزای میدیایداین ئێستا."

"لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتادا ڕاگەیاندنمان بە جوانی هێنا، ئێستاش چەندین یاسای جوانمان هەیە، بەردەوام حکومەت و پەرلەمان دەستییان بە میدیاوە بووە، کێشەمان لەوەدا نیە، کێشەکەمان لە زۆری ژمارەی میدیایە کە سۆشیاڵ میدیاکان هات وایکردووە خەڵکانی ناپڕۆفیشناڵ بهێننە ناو میدیا و بابەتی نا پڕۆفیشناڵی و بڵاوبکاتەوە میدیاکان."

کاروان ئەنوەر:
"یەکێک لە کێشە گەورەکانمان ئەوەیە کە ڕۆژنامەنوسی ببێتە پیشە بۆ خەڵکێ کی دیاریکراو، ڕۆژنامەنوسی تاکە کارە لە کوردستان کە هەموو کەس دەتوانێت بیکات، خاڵی دووەم، نەبوونی دادگای تایبەتە بە ڕۆژنامەنوسان، خاڵی سێییەم نەبونی یاسایەکە، ڕاستە ئێستا پڕۆژە یاسایەک هەیە و خوێندنەوەی بۆ کراوە بەس ئێمە لەو یاسایە ڕازی نین چونکە کۆت و بەندی زۆری بۆ کاری ڕۆژنامەوانی دانراوە."

"گەورەترین کێشەمان ئێستا تێکەڵکردنی میدیا و سۆشیاڵ میدیایە، کە بۆتە هۆی ئەوەی جگە لەو میدیایانەی هەن، ئێمە گرفتمان لە پەیج و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک ڕاگەیاندنن کە سێرڤەرەکانیان لە دەرەوەی کوردستان و عێراقن، ئەمانە ناوی خەڵک دەزڕێنن و هەواڵی چەواشەکاری لەسەر خەڵک بڵاودەکەنەوە، بۆیە کاتێک ناوی میدیا دەبەیت خەڵک ترسێک دایدەگرێت و ڕادەچڵەکێت، چونکە میدیا نەبۆتە پێشەنگ، من ناوییان دەنێم پەیجی بندیوار کە بەبێ فلتەر خوێن و گرتەی نەشیاو بڵاودەکەنەوە، بەڕاستی ئێمە لە سلێمانی ماندوین بەدەست ئەم پەیجە بندیوارانەوە."

"دوای ئەوە میدیای کوردی لە قۆناغی مەترسیداردایە، چونکە ترس هەیە کاتێک خێازانێک دادەنیشێت سەیری دەکات لەپڕ شتێک باس بکات کە هی ئەوە نەبێت خێزان و منداڵ و هەموو کەس گوێی لێببێت، ماڵ هەیە لەم سلێمانیە دەڵێن چوار مانگە تەلەفزیۆنمان هەڵنەکردووە، ئەوانە ناڵێم کە وەک دکتۆرە نەزاکەت وتی: بەپێی ئەو توێژینەوانەی ئێمە بە خوێندکارەکانی زانکۆی دەکەین، هەندێک لە خەڵکی کەناڵە کوردییەکان تەنها بۆ سەیرکردنی دراما و یارییەکان بەکاردەهێنن."

"من لێرەدا زەنگێکی مەترسیدارتری تر لێدەدەم، ئەویش بابەتی زیرەکی دەستکردە، کە هێشتا بەتەواوی نەگەیشتۆتە لای ئێمە، جا بابگات بزانە ئەو کەناڵە فەیکانە چۆن ئیستغلالی دەکەن و بەکاری دەهێنن، نزیکەی چوار کەیسمان گەیشتۆتە دەست کە سەر لێکراوەتەوە و خراوەتە سەر لەشی ڕووت، ئەمە یەکێکە لەو حاڵەتانەی دەبێت قۆناغی داهاتوو خۆمان حازر بکەین بۆ ئەو کێشانە لەو میدیا فەیکانەوە، ئێمە دەبینین سێ ڕۆژە میدیا و سۆشیاڵ میدیاکان خۆیان خەریککردووە بە کچە مۆدێلێکەوە کە پارەی خەڵکی بردووە."


دکتۆر بەرهەم خالید:
"ئێمە لەهەموو بوارەکاندا بەمیدیاشەوە هەڵئاوسانمان هەیە، ژمارەی کۆلێژی پزیشکیمان زیاترە، ژمارەی دەرچوەکانمان زیاترە، بۆ میدیاش بەهەمان شێوە ڕاستە، ئێستا ئەو ژمارە زۆرەی میدیایەی لو کوردستان هەیە ژمارەیەکی زۆر زۆرە، بەداخەوە بەهۆی ئەو هەواڵ و بابەتانەی لەناو میدیاکان و پاشکۆکانی میدیا واتە سۆشیاڵ میدیا بڵاوی دەکەنەوە خەڵک تۆراوە لەمیدیا، من زۆرجار بۆ قوتابیەکانمی باس دەکەم دەڵێم، کاتی خۆی کە شتێکمان دەوت بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکەمان دەمانوت فڵانە ڕۆژنامە وتی، بەڵام بەداخەوە ئێستا پێچەوانە بۆتەوە ئەگەر وابڵێی خەڵک متمانەی نەماوە."

"ئەم زۆری و بۆرییەی میدیای کوردی وایکردووە چەندێتی زۆربێت، بەڵام چۆنیەتی کەمبێتەوە، وایکردووە هەواڵی ڕاست کەمبێتەوە، ئنجا ناو نەماوە ئەگەر بتەوێت میدیایەکی نوێ دابنێییت هەرچی ناوە بەکارهاتووە ئەوەندە میدیا زۆربووە، ئنجا یاری و چاوشارکێ بە وەرگر دەکەن دەڵێن بۆ خوێندنەوەی هەواڵەکە وەرە کۆمێنت لەوێشەوە لینکێکییان داناوە، جگە لە هەواڵی کوشتن و بڕین کە پەیڕەوی بنەماکانی کاری ڕۆژنامەوانی و ئیتیکی ناکەن، خەڵکێک خۆی هەڵواسیووە بەپیشەی ڕۆژنامەوانی ،ئیشێکە ئاسان کراوە لە کوردستان کە بەپێچەوانەوە ئیشێکی قورسە، ناتوانم بلێم دۆخەکە لەبارە بەدڵنیایی دۆخەکە ژینگەیەکی نالەباری ڕاگەیاندن هەیە."

"زۆر کات کە لەبەریتانیا ئێمە دەمانخوێند مامۆستاکەمان دەیوت هەواڵ وەک بی بی سی، یا تەلەگراف یا فڵانە ڕاگەیاندن بنوسن، بەڵام من ئێستا کە لەکوردستان وانە دەڵێمەوە باسی نوسینی هەواڵ بۆ خوێندکارەکانم دەکەم دەڵێم بەوجۆرە بینوسن نەکەن وەک فڵانە میدیایی کوردی بینوسن، واتە پێییان دەڵێیین ڕێک پێچەوانەی میدیای کوردی بنوسن تا پەیڕەوی ئیتیک و پڕۆفیشناڵی کاری ڕۆژنامەوانی بکەن."

"میدیا ڕۆڵی هەبووە لە دابەزینی کوالێتی وەرگر، بەئەنقەست بێت یا نا، بەبڵاوکردنەوەی ئەو بابەت و هەواڵانە وایانکردووە کە هەواڵە ڕاستەکان ببنە ژێرەوە، دەبینی کەسێک کێشەی خێزانی هەیە لەگەڵ ژنەکەی جیابۆتەوە بەجۆرێک 15-20 مایک دەچێتە بەردەمی بەلایڤ دەگوازنەوە، باشە ئەمە کەی کێشەی خەڵک و بایەخی هەواڵی هەیە! تا بیگوازنەوە بۆ خەڵک."

XS
SM
MD
LG