Accessibility links

مەترسی ناردنەوەی شەهرام ئەلیاسی و خێزانەکەی لە تورکیاوە بۆ ئێران


دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی و سەرەڕای قبوڵکردنی دۆسیەکەیان لە لایەن ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، داواکاری پەنابەری شەهرام ئەلیاسی و خێزانەکەی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیاوە ڕەتکرایەوە و دە ڕۆژ مۆڵەتیان پێدراوە بۆ ئەوەی ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر بڕیارەکە دەرببڕن پێش ئەوەی دیپۆرتی ئێران بکرێنەوە.

شەهرام ئەلیاسی، زیندانی سیاسی پێشووی کوردی ئێران و چالاکوانی سیاسی کە لە سالی 2007 لە تاران دەستگیرکرا و بە تاوانی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و سیخوڕی، حوکمی 11 ساڵ زیندان بەسەردا سەپێنرا. بەڵام دوای 6 سال بە کەفالەت ئازادکرا، لە سالی 2014 پەنای بۆ تورکیا برد.

ئەلیاسی بە دەنگی ئەمەریکای گوت لە ساڵی 2015 لە لایەن ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تورکیا مافی پەنابەریان پێدرا و چاوەروانی گواستنەوە بوون بۆ ئەمەریکا. بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری پەنابەرانی سوریا ڕوویان لە تورکیا کرد و دوای بریارێکی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکاش دانۆڵد ترامپ سەبارەت بە پەنابەران خۆی و خێزانەکەی لە تورکیا مانەوە تا لە ساڵی 2018 کاروباری پەنابەران بە بەڕێوبەرایەتی پەنابەرانی تورکیا سپێردرا. دوای چەندین چاوپێکەوتن، هەفتەی ڕابردوو دۆسێی شەهرام و خێزانەکەی ڕەتکرایەوە.

شەهرام ئەلیاسی پێیوایە کە مەترسی لە سەر ژیانی هەیە ئەگەر دیپۆرتی ئێران بکرێتەوە چونکە "پێشتر لە ئێران زیندانی سیاسی بووە و ئێستاش لە تورکیا کاری ڕۆژنامەوانی دەکات و بەڕێوەبەری کەمپەینی بەرگریکردنە لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی و ئەندامی سازمانی مافی مرۆڤ و دژی لە سێدارەدانە."

تەیمور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ گوتی، دوای ئەوەی کە چارەنووسی پەنابەران بە دادگاکانی تورکیا دراوە لە جیاتی نەتەوە یەکگرتووکان، "بریاردراوە بەشێکی زۆری پەنابەرانی کوردستانی ئێران بگەڕێنرێنەوە بۆ ئێران، کە بەشێکی زۆریان پێشینەی سیاسیان هەیە." دەشڵێت، دەبێ ئەم پرسە بە ڕای گشتی بگەیەنرێت. چونکە ئەو پێیوایە " مەترسی گەورە لەسەر ژیانیان هەیە، نەک تەنها زیندانی بکرێن یان ئەشکەنجە بدرێن، بەڵكو هەڕەشەی لە سێدارەدانیان لە سەرە بە تایبەت ئەوانەی پێشتر زیندانی سیاسی بوون یان ئەندامی حزبێکی کوردی ئێران بوون."

خانم لەیلا ڕەوەند، کە خۆشی لەگەڵ کچەکەی کە تەمەنی یەک ساڵ بوو چەندین جار لە ئێران هاوکاتی زیندانکردنی شەهرامی هاوسەری، زیندانکرابوو بەهۆی چالاکیەکانی وەک ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی مەریوان و کەمپینی دژی کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەف، بە دەنگی ئەمەریکای گوت، " هێشتا ئاسەواری ئەو ڕۆژانە لەسەر جەستە و دەروونی جێماوە، ئێستاش کە هەڕەشەی گەڕانەوەمان لەسەرە، ترس و فشارەکانمان سەد ئەوەندە زیادی کردووە. ترس و دڵەراوکێ و نیگەرانی ئەم چەند ڕۆژە، ئەو ڕۆژانەی بیرهێنامەوە کە لەناو زیندانەکانی سنە و رەجائی و مەریواندا بووم."

بەپێی ئاگاداریەکانی دەنگی ئەمەریکا، نامەیەکی پاڵپشتی لە شەهرام ئەلیاسی و خێزانەکەی وەک یەکێک لە بەڵگەکان لە کاتی داوای پێداچوونەوە لەسەر بڕیاری دیپۆرتکردنیان، ڕەتکراوتەوە لەبەر ئەوەی لە نامەکەدا ناوی شەهرام وەکو ئەندامی ڕێکخراوی قەڵەمی – پەنی – کوردستان هاتووە. شەهرام دەڵێت پێی وتراوە نابێت ناوی کوردستان بەکاربێت.

تەیمور ئەلیاسی بە دەنگی ئەمەریکای گوت "پەیوەندیمان بە بەرێوەبەرایەتی کاروباری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کردووە و نامەمان بۆ ئۆفیسەکانیان لە تورکیا و ژنێڤ ناردووە و نیگەرانی خۆمان لەسەر بڕیاری بەرێوبەرایەتی پەنابەرانی تورکیا دەربڕیوە. گوتیشی نایشارمەوە کە هێشتا ئێمە نیگەرانین چونکە تورکیا لە ڕابردوودا چەند کەسێکی ناردووتەوە."

ڵەیلا ڕەوەند کە خاوەنی دوو کچە دەڵێت "کچە گەورەکەم کە تەمەنی 16 ساڵە دەڵێت، ئێستا پێکەوەین، بەڵام ئەگەر بگەرێینەوە بۆ ئێران ئیتر بێ دایک و باوکیش دەبین." ئەو دەڵێت ئایندەی منداڵەکانم دیار نیە، بۆیە خۆی و هاوسەرەکەی دەنگی خۆیان دەگەییەننە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووکان و ڕای گشتی، بۆ ئەوەی مامەڵەی ڕەوایان لەگەڵدا بکرێ.

XS
SM
MD
LG