هاوکاتی شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەزە کە سەرنجی زۆربەی وڵاتان و میدیاکانی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، هێرشە سەربازییەکانی سوپای تورکیاش بۆ سەر کوردەکانی سوریا بەردەوامە و هێرشەکان لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا تێدەپەڕن.
لە بەیاننامەیەکدا زیاتر لە 120 زانا و مامۆستای ئایینی کوردستانی ئێران بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی باکوری سوریا دەکەن و داوای دەستوەردانی حکومەتەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکان.
مامۆستایانی ئایینی شارە جیاوازەکانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەکەیاندا دەڵێن "تورکیا لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بە بیانووی هێرشی خۆکوژی دوو ژنی ئەندامی پەکەکە کە هیچ زیانێکی مرۆیی لێنەکەوتوەتەوە، هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی سوریا دەستپێکردووە و بە ئامانجگرتنی شار و گوندەکان، ژێرخانە بنەڕەتییەکانی ئەو ناوچانەی وەک ئاو، کارەبا، پرد و شوێنە گشتییەکانی لەناوبردووە و خەڵکێکی زۆری مەدەنی کوشتووە."
واژۆکاران ئەو بەیاننامەیە نووسیویانە " لە کاتێکدا بە پێی هەموو یاسا و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە بە بەزاندنی سنوورە فەرمی و نێودەوڵەتییەکان دەستدرێژی بکاتە سەر خەڵکی وڵاتانی دیکە، بەڵام حکومەتی ستەمکاری تورکیا، بە بیانووی ساختە دەستی بەسەر بەشێک لە خاکی کوردستانی سوریادا گرتووە، لەوانەش عەفرین."
دەشڵێن "تورکیا بە ئامانجی جیاکردنەوە و پچڕاندنی پەیوەندی هەزاران ساڵەی کوردانی دانیشتووی سەر سنوورەکان لە تورکیا و سوریا، لە ڕێگای نیشتەجێکردنی پەنابەرە عەرەبە سوورییەکان، هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە دەدات."
تورکیا خولی نوێی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی هەسەدەی هاوپەیمانی هێزە کوردییەکانە، لە 4ی مانگی 10ەوە دەستپێکردووە، واتە چەند ڕۆژێک دوای تەقینەوە خۆکوژییەکەی 1ی هەمان مانگ لە ئەنکەرە و تا ئێستاش هێرشەکان بەردەوامن.
لەم ماوەیەدا سوپای تورکیا لە ژێر ناوی "مافی بەرگری لە خۆ"، ژێرخانە بنەڕەتییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای وەک وەک قوتابخانە، نەخۆشخانە، وێستگەکانی کارەبا و ئاو، دامەزراوەی نەوت، شارەوانی و باڵەخانەکانی لە رێگای تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگییەکانییەوە کردوەتە ئامانج.
هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر ژێرخانە گرنگەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وێرانکارییەکی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە. جگە لەوەش ملیۆنان کەس بێبەش بوون لە دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و دەیان کەسی مەدەنیش بوون بە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە.