وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەم هەفتەیەدا سەردانی ئیسرائیل و ئوردن دەکات لە کاتێکدا شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە چڕتر دەبێتەوە، وە لەگەڵیدا ڕەخنە نێودەوڵەتییەکانیش زیاتر دەبن.
بلینکن ڕۆژی پێنجشەممە واشنتن جێدەهێڵێت و ڕۆژی هەینی سەردانی ئیسرائیل و ئوردن دەکات. لەوانەشە سەردانی وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. لە دوای هێرشە خوێناوییەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7 ی مانگی دەی، بلینکن سێ جار سەردانی ئیسرائیلی کردووە و بۆ شەش وڵاتی عەرەبیش چووە.
پێشبنی دەکرێت بلینکن بکەوێتە نێو دۆخێکی دیپلۆماسی قورس ، بۆیە چاوەڕواندەکرێت ئەرکەکانی ئاڵۆزتر بکەن. ئوردن ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل بانگهێشت کردووەتەوە و ڕێگە نادات باڵیۆزی ئیسرائیلیش بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکە. هەروەها گوتیشی پێداچوونەوە بەو بڕیارانەی ناکات هەتا ئەو کاتەی شەڕی غەززە کۆتایی دێت.
ماثیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی بلینکن پشتیوانی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن دووپات دەکاتەوە بۆ مافی ئیسرائیل لە بەرگریکردن لە خۆی، بەڵام جەختیش دەکاتەوە لەسەر گرنگی کەمکردنەوەی قوربانییەکان لە نێو خەڵکی سیڤیلدا و هەروەها گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ فەڵەستینییە بێ تاوانەکانی غەززە مسۆگەربکرێت.
سەرچاوە: ئەسۆشییەتید پرێس