ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) بە هاوبەشی پڕۆژەی پشتیوانی لە دۆسیەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا و هەروەها لەگەڵ کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی یاساناسان و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ بەیاننامەیەکیان بە بۆنەی حەوتەمین ساڵیادی دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگێن یوکسەکداغ بڵاوکردەوە .
ئەو ڕێکخراوانەی مافی مرۆڤ داوایان لە حکومەتی تورکیا کرد کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵە بکات و بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات و دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئازاد بکات.
هیو ویلیامسۆن، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هیۆمەن ڕایتس واچ لە بەشی ئاسیای ناوەڕاست و ئەوروپا ڕایگەیاند و گوتی " یادی حەوتەمین ساڵیادی دەستگیرکردنی دەمیرتاش و یوکسەکداغ نیشان دەدات کە تورکیا دەیەوێت بەردەوام بێت لە فشارەکان لەسەر نوێنەرانی هەڵبژێردراوی دیموکراتیکی ملیۆنان کورد و ڕەوتی چەپ لە تورکیا."
ویلیامسۆن ئاماژەی بەوەشکرد کە تورکیا پابەند نییە بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە و پابەندبوونەکانی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.
تەمور شێکیرۆڤ، توێژەری پرۆگرامی ئاسیای ناوەڕاست و ئەوروپا لە کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی یاساناسان ڕایگەیاند و گوتی بارودۆخی ئێستا دەریدەخات کە دۆسیەی دەمیرتاش و یوکسەکداغ سیاسییە و گومان لەسەر دادپەروەری دروست دەکات.
ڕێیهان یاڵچینداغ جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤیش داوای لە ئەنجومەنی ئەوروپا کرد کە هەموو شێوازەکان بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکانی مافی دەمیرتاش و یوکسەکداغ بەکاربهێنێت.
دەمیرتاش و یوکسەکداغ لە 4ی مانگی یازدەی ساڵی 2016 دوای هەڵگرتنی پارێزبەندیان بەهۆی تۆمەتەکانی وەک پێکهێنانی ڕێکخراو و ئەندامێتی لە ڕێکخراوی چەکداری دەستگیرکران.
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بە 3 بڕیار ڕایگەیاند کە دەستبەسەرکردنی دەمیرتاش و یوکسەکداغ کردەوەیەکە بۆ زەوتکردنی ئازادیی کە فرەیی لە دیموکراسی و ئازادی لە گفتوگۆ سیاسییەکان سنووردار دەکات.