فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 450 ئامانجی بزووتنەوەی حەماسیان لە غەززە کردووەتە ئامانج و سەربازەکان دەستیان بەسەر بارەگایەکی چەکدارەکانی غەززەدا گرتووە، هاوکات وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاندووە، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا دەیان کەس کوژراون.
ڕۆژنامەوانێکی ڕۆیتەرز کە لە کەرتی غەززەیە بۆردومانەکەی ئەو شەوەی لە ئاسمان و زەمین و دەریاوە بە یەکێک لە توندترین بۆردومانەکان ناودێرکردووە لەو کاتەوەی ئیسرائیل دەستی بە هێرشەکانی کردووە لە وەڵامی هێرشێکی لەناکاوی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل مانگێک لەمەوبەر.
کاربەدەستانی تەندروستی لە غەززە کە لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدایە، ڕایانگەیاندووە کە زیاتر لە نۆ هەزار و 770 فەلەستینی لە شەڕەکەدا کوژراون، لە 7ی ئۆکتۆبەریشەوە حەماس هەزار و 400 کەسی کوشتووە و زیاتر لە 240 کەسیشی بە بارمتە گرتووە.
ئیسرائیل ئاگربەستی ڕەتکردووەتەوە ئەگەر بارمتەکان ئازاد نەکرێن. لەکاتێکدا ڕووبەڕووی فشارێکی بەردەوام بووەتەوە بۆ ئەوەی لە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە دەستبپارێزێت لە زیان و قوربانییە مەدەنیەکان، لەکاتێکدا هەوڵێکی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا لەئارادایە هەوڵدەدات مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕ و ململانێکان کەمبکاتەوە.
بڕیار بوو ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ئانکەرە چاوی بە وەزیری دەرەوەی تورکیا بکەوێت، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە خۆپیشاندانێکی لایەنگرانی کە فەلەستین بە سەدان کەس هەوڵیان دا هێرش بکەنە سەر بنکەیەکی ئاسمانی کە سەربازانی ئەمەریکا لێیە لە باشووری تورکیای تێدایە.
بلینکن ڕۆژی یەکشەممە سەردانێکی ڕانەگەیەندراوی بۆ کەناری ڕۆژئاوا ئەنجامدا بۆ دیدار لەگەڵ مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینیەکان کە پەیوەندی بە بانگەوازە نێودەوڵەتییەکانی ئاگربەستی دەستبەجێ کرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە گەشتێکی فراواندایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە جگە لە کەناری ڕۆژئاوا و ئیسرائیل سەردانی ئوردنیشی کردووە. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای سەردانەکەی بۆ کەناری ڕۆژئاوا لە سەردانێکی ڕانەگەیەنراودا گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق. نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئەلسودانی، ڕایگەیاند سودانی لەگەڵ بلینکن کۆبووەوە هەردوولایان تاوتوێی مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماسدا کردووە.
بلینکن نیگەرانییەکانی ئەمەریکای دووبارەکردەوە کە ئاگربەست دەتوانێت یارمەتی حەماس بدات، هاوکات ناتانیاهۆش دەڵێت "ئاگربەست بە بێ گەڕانەوەی بارمتەکان ڕوونادات. "