شەڕی نێوان ئیسڕائیل و چەکدارانی حەماس وا لە مانگێک نزیکدەبێتەوە. بەشێک لە چاودێران دەڵێن شیانی هەیە جەنگەکە فراوانتربێت، ئەمە سەرەڕای هۆشداری ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە بە ئێران و گروپە چەکدارەکانی کە نەیەنە ناو شەڕەکەوە، بەڵام گروپی ناسراو بە (المقاومە الاسلامیە فی العراق) ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردۆتەوە، دەڵێت، قۆناغێکی نوێ و توند و فراوانتر دەستپێدەکات لە ڕووبەڕوبونەوەی "دوژمان". هەروەها ڕۆژی هەینیش حەسەن نەسروڵا، ڕێبەری حزبوڵای لوبنان، ئەگەرچی بە فەرمی چونە ناو شەڕەکەی ڕانەگەیاند، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وتی هەموو بژاردەکانمان لەبەردەستە و کراوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام لە باشوری لوبنانەوە هەواڵی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەبیستین.
دەپرسین:
چی وایکردووە ئەم گروپە چەکدارانە کاردانەوەکانی ئاکامی هێرشەکانیان لەبەرچاو نەگرن؟
ئایا هێرشی ئێستای گروپە عێراقییەکان و حوسییەکانی سەر بە ئێران بۆی هەیە شەڕەکە فراوانتربکات؟
بۆچی هەندێک پێییان وایە وتارەکەی نەسروڵا لە ئاست چاوەڕوانی نەبوو؟
حوسییەکان و حەماس کە هەردولایان لە ساڵانی ڕابردوو لە ژێر گەمارۆی تونددا بوون، ئەو هەموو موشەک و چەکانەیان لە کوێوە بەدەست گەیشتووە؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێ و شیکردنەوە بۆ وتەکانی حەسەن نەسروڵا و ڕاگەیەنراوەکەی گروپی ناسراو بە مقاومەی ئیسلامی عێراقی دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
لیوا محەمەد سابیر، شارەزای سەربازی.
ڕەمەزان کەریم، چاودێری سیاسی.
مەشخەڵ کەوڵۆسی، چاودێری سیاسی.
لیوا محەمەد سابیر:
"چونە ناو جەنگ ئاسانە، بەڵام دەرچوون لێی زۆر زەحمەتە، بە بۆچونی من وتارەکەی بەڕێز نەسروڵا ئەگەرچی کەمێک نەرم بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا دژواریش بوو، پەیامێک بوو بۆ لایەنەکانی بەرامبەری کە وا ئێمەش هەین، هەروەها ئەو پەیامەشی تێدابوو بۆ لوبنانییەکان کە ئەو نایەوێت بچێتە ناو شەڕەکە، چونکە بەڕێز نەسروڵاش لە ژێر فشاری لوبنانییەکانە کە دۆخی لوبنان زۆر خراپە و نایەوێت بچێتە جەنگ. لە هەمان کاتدا لە لوبناندا بە تەنها حزبوڵا نیە، بەڵکو چەندین گروپ و لایەنی تێدایە کە نایەنەوێت لوبنان بەم دۆخەوە بچێتە شەڕەوە، چونکە دەزانن ئەم جەنگە ترسناکە وە لەلایەکیشەوە لوبنان و بەیرووت غەززە نین، لوبنان هەم دۆخی زۆر خراپە، غەززە و حەماس ئامادەکارییان بۆ ئەو جەنگە کردبوو بە سەدان کیلۆمەتر تونێلیان لێداوە."
"هەر هێرشێک بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا یان باڵیۆزخانە و ڕاوێژکار و کەسانی بیانی لە ناو عێراق لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە، کە لە ژێر بەرپرسیارێتی حکومەتی عێراقین، دەبێت حکومەتی عێراق بەرپەرچدانەوەی هەبێت ئەگەر بۆخۆی تەداخول نەکات کە هەموو ئەو چەکدارانە بەپێی یاسا لە ژێر فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانن و بەپێی یاسا سەرۆک وەزیرانی عێراقە دەبێت کۆنترۆڵی ئەو چەکدارانە بکات و ڕێگە نەدات دەستیان بگات بە بنکە و کەسانی بیانی، چونکە ئەگەر وەها نەکات، واتای حکومەتی عێراق ڕاستەوخۆ هاتۆتە ناو جەنگەکەوە."
"بەبۆچونی من ئەم هەفتەیە هیچ هەفتەیەکی سەخت نابێت، ئەو ڕاگەیەنراوەی مقاومەی ئیسلامی عێراق تەنها بۆ ئەوەبوو بڵێ ئێمەش هەین، وە بۆ ڕازیکردنی ئێران و خەڵکی ناوچەکەیە کە بڵێن ئەوەتا ئێمەش هاوکارین لەگەڵ حەماس و دژی ئیسرائیلین، بەڵام ئەو هەڕەشە و هێرشانەشی دەیکەین هیچ کاریگەی نە لەسەر ئەمەریکا دەبێت، نە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە دەبێت."
"ئەگەر فریای حەماس نەکەون، حەماس لەناو دەچێت و غەززەش وێرانتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەبۆچونی من نە ئێران دەتوانێت تەداخول بکات نە حزبوڵا، ئەوانە خۆیان تەنها عەرز دەکەن و نایەنە سەر خەت، چونکە ئەمەریکا و ئەوروپا و ئیسڕائیلیش خاوەن تەکنەلۆژیای پێشکەوتون و بە جدی هاتونەتە سەر خەت و پشتیوانی ئیسڕائیل دەکەن، ئیسڕائیلیش بێڕەحمانە مامەڵە لەگەڵ غەززە دەکات و کارەسات بەڕێوەیە جا نەک تەنها خەڵکی غەززە، خەڵکی ناوچەکەش هەمووی زیان دەکات."
ڕەمەزان کەریم:
"وتارەکەی نەسروڵا ڕەچاوکردنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بە جۆرێک لە نێوان سەد و سفر، مام ناوەند بوو، بەڵام دەرگایەکی گەورەی بەکراوەی هێشتەوە بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئیسڕائیل، بەڵام ئەگەر بە ئاشکرا شەڕی ڕابگەیاندیا، ئەوا دەکەوتە بەر هێرشی موشەکی کەشتییە سەربازییەکان، بۆیە ئەو وتارە زیاتر وەک تاکتیک دای، ئەگەر نا وەک خۆی نەسروڵا وتی، ئەوان لە ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەوە لە 7 ی ئۆکتۆبەرەوە لە ناو شەڕەکەدان."
"بەپێی ئەو تاکتیکەی کە بەرپرسی سوپای قودس بۆ حزبوڵای داناوە، ئەم جارە حزبوڵا دەیەوێت لە ناو غەززەدا شکست بە ئیسڕائیل بهێنن، ئەوەی دەیبینم هەم ئەمەریکا و ڕۆژئاوا خۆی ئامادەدەکات بۆ شەڕ، وە هەم هاوپەیمانە شیعە و سوننەکان."
"سەبارەت بە ڕاگەیەنراوەکەی (مقاومەی ئیسلامی عێراقی)، پێش ئەوەی فەلەستینیش چەندین جموجۆڵی ئەمەریکا و جوڵاندنی هێزی ئەمەریکا هەبوو، وە ئێرانیش جموجۆڵی دەکرد، ئێمە ئێستا لە 20%ی بابەتەکە دەزانین ، پێم وایە دۆخە و زانیارییەکان زۆر فراوانترن، ئەوەی حەماس کردی بابەتەکەی تەقاندەوە."
"ئەمە بۆچونی منە لەم بەرنامەیەوە دەیڵێم، کە ڕۆژێک ئێران بە موشەک لە ئیسڕائیل دەدات، وە حەماسی پێش غەززە مەترسیدارتر دەبێت لەسەر ئەمەریکا و ئیسڕائیل، چونکە پێش غەززە شوێنی حەماس دیاربوو، وە ئێستاش حەماس لە غەززە نامێنێت، سەدا ملیۆنیش شەڕەکە فراوانتر دەبێت و بەو جۆرە نامێنێتەوە لە سنووری غەززە نامێنێتەوە، دوای غەززە دەچێتە لوبنان دوایش لە حەشدی شەعبی دەدرێت، بە هیچ جۆرێک ئەمەریکا و ئیسڕائیل بە حەماسەوە ناوەستن."
مەشخەڵ کەوڵۆسی:
"من ئەوەی لە وتارەکەی سەماحەتی حەسەن نەسروڵا بەدیم کرد، دوو خاڵی گرنگبوو، یەکەم، دەمە زەردکردنەوەی لایەندارانی خۆی، دووەم، پاساودان بەو هەڵوێست و کارانەی لە ئایندەدا دەیبێت، واتە لە ڕووی سیاسی و ئایدۆلۆژیییەوە توانی بازاڕێکی گەرم بۆ خۆی بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوشدا ئێران و ئاخوندەکانی زۆر لەوە زیرەکترن بکەونە شەڕێکەوە لە بەرژەوەندی سوننە، پرسیارەکەش ئەوەیە دواجار ئایا ئێران و گروپەکانی دەکەونە ناو بەرژەوەندی سوننە، یان ئێران بەرژەوەندییەکانی سوننە لە بەرژەوەندی خۆی و ئیمپراتۆریەتیەکەی بەکاردەهێنێت؟ لەبەر ئەوە ناکرێت هەر قوربانیەک بدرێت لە غەززە چاوەڕێ بکرێت ئێران ڕاستەوخۆ بێتە ناو جەنگەکە جگە لەو حاڵەتەی ئێران خۆی ڕاستەوخۆ بەر هێرشەکان بکەوێت، قەت ئێران شتێک ناکات سوننە بەهێزتر ببێت."