ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای سەردانی ئیسرائیل و ئوردن و عێراق ئەمڕۆ سەردانی ئانکەرەی کرد.
سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە بلینکن لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە وەزارەتی دەرەوە کۆبووەوە و دوای نزیکەی3 کاتژمێر کۆبوونەوەکە کۆتاییهات.
دوای کۆبوونەوەکە هیچ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی و بەیاننامەیەکی نووسراو نەدرا، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە تەوەری سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بووە.
تورکیا دەخوازێت ئاگربەست بکرێت و سیستەمی دەوڵەتی دابمەزرێت و دەڵێت نیگەرانە لەوەی ئەم شەڕە بۆ ناوچەکە تەشەنە نەکات.
پێش سەردانەکەی بۆ ئانکەرە، بلینکن لە میانەی گەشتەکەیدا بۆ ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەمەریکا پێی وایە ئەگەر ئیسرائیل ئاگربەستێک لە هێڕشەکەیدا بۆ سەر غەززە ڕابگەیەنێت دوور نییە حەماس هێرشێکی هاوشێوەی ئەوەی حەوتی مانگی 10 ئەنجام بداتەوە.
ئەم هێرشە بە خراپترین هێرش دادەنرێت لە مێژووی ئیسرائیلدا و زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون و زیاتر لە 240 کەسیش ڕفێنراون و لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران.
سەردانەکەی بلینکن بۆ ئانکەرە مانای چییە؟
بلینکن لە 12ی مانگی دەدا لە ئیسرائیل ڕایگەیاند، "من نەک تەنها وەک وەزیری دەرەوە، بەڵکو وەک جوویەک هاتوومە".
ئەم لێدوانەی بلینکن لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاوە ڕەخنەی لێگیرا. ئەردۆغان وتی " ئەگەر ئەوە بڵێیت، ئەوا کەسێک هەڵدەستێت و دەڵێت من وەک موسڵمانێک نزیک دەبمەوە، کەواتە چی دەڵێیت."
ئەردۆغان لە هەموو وتارێکدا داوای ئاگربەست لە ئیسرائیل دەکات. لەم ڕووەوە ئەردۆغان بە توندی ڕەخنە لە ئەمەریکا دەگرێت.
پڕۆفیسۆر. د. حسێن باگچی لەبارەی سەردانەکەی بلینکن بۆ دەنگی ئەمەریکا لێدوانێکی دا و گوتی "سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن بۆ تورکیا سەرنجی زۆری ڕاکێشاوە، بەڵام بەڕای من سەردانێکی درەنگە، تورکیا زۆر نزیک بوو لەم بابەتە و دەیتوانی ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت و ببێتە کەفیل. بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕەوە، ئەمە ڕووی نەدا. بلینکن لە سەردانەکانی پێشوویدا نەهاتە تورکیا، بەڕای من ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژی بوو. بەڵام دەیانەوێت لە سەردانەکەیاندا ئەم هەڵەیە ڕاست بکەنەوە."
هەروەها زانای سیاسی ئۆزگون ئێمرە کۆچ لە دوو لایەنەوە دەڕوانێتە سەردانەکەی بلینکن. کۆچ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەمەریکا دەیەوێت هەندێک هەنگاوی نوێ چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی ستراتیژییەوە بنێت " حکومەتی تورکیا دەیەوێت هەندێک شتی نوێ لە بواری ئابووریدا تاقی بکاتەوە، هەر بۆیە پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەمەریکا گرنگە، دەتوانم بڵێم سەردانەکەی بلینکن لەلایەک ئابوورییە و لەلایەکی دیکەوە پێشهاتە ئەمنییەکان و پرسی غەززەیە".
شایانی بیرهێنانەوەیە کە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەم دواییانەدا دوای بوومەلەرزەکەی 6ی مانگی دوو سەردانی تورکیای کردبوو.