Accessibility links

حزبوڵا هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی وەڵامەکەی "یەکلاییکەرەوەو و بەهێز" دەبێت 


دەسەڵاتدارانی لوبنان دەڵێن ڕۆژی یەکشەممە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە باشووری لوبنان ئەنجامدراوە، سێ منداڵ و دایەگەورەیان کوژران، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی حزبوڵا لە لوبنانەوە هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی لە باکووری ئیسرائیل کوژراوە.

گروپی حزبوڵای لوبنانی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، ڕایگەیاندووە؛ بە هێرشی موشەکێک لە شارۆچکەی کیریات شەمونە لە باکوری ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیلیان داوەتەوە، کە تێیدا سێ کچی تەمەن 10 بۆ 14 ساڵان کوژراون. ئەمە یەکەمجارە کە حزبوڵا لە ماوەی چوار هەفتەی پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیلدا بەکارهێنانی ئەو چەکە تایبەتە ڕابگەیەنێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ مەترسییەکانی تاوسەندنی بارودۆخەکە.

حزبوڵا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە؛ هەرگیز توانای بەرگەگرتنی هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی نیە و وەڵامەکەی "یەکلاییکەرەوەو و بەهێز" دەبێت.

حەسەن فەزڵوڵا نوێنەری حیزبوڵا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "دوژمن باجی تاوانەکانی بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل دەدات".

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە؛ سەربازەکانی ڕۆژی یەکشەممە لە لوبنان ئۆتۆمبێلێکیان بە "گومانلێکراوی گواستنەوەی تیرۆریستان دەستنیشان کردووە" و بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵانە دەکات کە کەسانی مەدەنی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون یان نا.

نەجیب میقاتی، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، ئەو ڕووداوەی بە "تاوانێکی قێزەون" ناوی برد و عەبدوڵڵا بو حەبیب، وەزیری دەرەوەی لوبنان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە؛ لوبنان سکاڵایەک پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لەسەر کوژرانی خەڵکی مەدەنی لە نێویاندا منداڵان لە هێرشەکەدا.

ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لەلایەن کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلمەیادینەوە پەخشکراون، دەرکەوتووە کە کارمەندانی فریاگوزاری یەکێک لە قوربانییەکان لە پاشماوەی ئۆتۆمبێلەکە کە هێشتا ئاگر و دوکەڵیان لێبەرزدەبێتەوە دەردەهێنن.

لە ڕاپۆرتێکی هێزە ئەمنییەکانی لوبناندا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو منداڵانەی کوژراون لەناو ئەو ئۆتۆمبیلەدا بوون کاتێک ئیسرائیل ئەو ئۆتۆمبێلەی لە نێوان گوندەکانی (عەیناتا) و (عەیتەرون) دا کردۆتە ئامانج. هەروەها داپیرەیان کوژراوە و دایکیشیان بریندار بووە.

ئیسرائیل و حیزبوڵا لەودیو سنورەکانی یەکترییەوە بۆردومانی یەکتر دەکەن، لەو کاتەوەی بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل هەر لە 7 ی مانگی 10 ەوە لە شەڕدان.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە لە هێرشێکی حزبوڵای لوبنان لە سەر سنوور، ئیسرائیلییەک کوژراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەو بارەیەوە بخاتەڕوو.

حزبوڵا چەند هێرشێکی بۆ سەر پێگەکانی ئیسرائیل لە سنوورەکان بە بەکارهێنانی مووشەکی ڕێنمایی کراو و چەکی دیکە ڕاگەیاند.

ئاژانسی هەواڵی نیشتمانی لوبنان کە سەر بە دەوڵەتی لوبنانە بە پشتبەستن بە پەیامنێری لوبنان، پێشتر بڵاویکردەوە کە حزبوڵا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دوژمنکارانەی بەسەر ئاسمانی باشووری لوبناندا خستووەتە خوارەوە و داروپەردووەکانیش بەسەر گوندەکانی زبدین و حەروفدا کەوتوونەتە خوارەوە کە 30 کیلۆمەتر لە سنوورەوە دوورن.

ئەمە یەکەمجارە حزبوڵای لوبنان لە شەڕ و پێکدادانەکاندا بەکارهێنانی مووشەکی دژە فڕۆکە ڕابگەیەنێت.

XS
SM
MD
LG