Accessibility links

دیاردەی بڕینی بەشێکی جەستەی ئاژەڵ بۆ سیحر و جادو


بڵاوبونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی چەند پشیلەیەکی باخی گشتی سلێمانی کە کلکیان بڕابوو، وترا بۆ مەبەستی بەکارهێنانی سیحر و جادووە بووە. ئەم کردەوەیە جێی نیگەرانی و بێزاری خەڵکێکی زۆربوو، بەو پێیەی هێشتا کەسانێک لە کۆمەڵگەدا هەن بەو شێوە بێ بەزەییانە ئاژەڵ ئازار دەدەن و باوەڕیان وایە خواستێکیان بەوە دێتەدی.

دەپرسین:
چی وەها لە مرۆڤ دەکات باوەڕ بەوە بکات بڕێنەوەی بەشێکی جەستەی ئاژەڵێک خواستی دەهێنێتە دی؟
چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەو جۆرە دیاردانە لە کۆمەڵگەدا نەهێڵدرێت؟
دەزگاکانی ڕاگەیاندن چۆن دەتوانن لەم نێوەدا ڕۆڵ ببینن؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی ئەم بابەتە کرا بە میوانداری بەڕێزان:
دکتۆر ئیدریس کانەبی، مامۆستای ئاینی.
خاتوو شادیە، سەرۆکی ڕێکخراوی هانای ئاژەڵان.
مامۆستا ئازاد جەلال، توێژەر کۆمەڵایەتی.

please wait

No media source currently available

0:00 0:49:30 0:00

دکتۆر ئیدریس کانەبی:
"ئاینی پیرۆزی ئیسلام هەمیشە داکۆکیکاری مافی ئاژەڵان بووە، پێغەمبەر درودی خوای لێبێت چەندین جار سەرزەنشتی هاوەڵانی خۆی کردووە لەسەر مامەڵەی نەشیاویان بەرامبەر ئاژەڵان، ئازاردانی ئاژەڵان لە ئاینی ئیسلامدا تاوانە و ڕێگەپێدراو نییە، پێغەمبەر دروودی خوای لێبێت ئاماژەی بەوە فەرمووە، کە لە ڕۆژی قیامەتدا خوای گەورە تۆڵەی ئاژەڵ و باڵندەکانیش لەمرۆڤ دەکرێتەوە ئەگەر عەزێتی دابێتن و ستەمی لێکردبێتن."

"بەداخەوە سیحر و جادوش لەناو کۆمەڵگا دواکەتووەکاندا هەیە، ئێمە هەمیشە لەڕێگای مینبەرەکانمانەوە خەڵکمان ئاگادارکردۆتەوە، هەرکەس بیکات ئەوا دەرچووە لە ئیسلام و بەکافر حساب دەکرێت، ئەگەر وازی نەهێنا دەبێت سزا بدرێت.

کەمێک موبالەغە کراوە لە بابەتی سیحر، هەر کەسێک کەمێک سەری بێشێت دەڵێت سیحرم لێکراوە، بەو شێوە ڕەهاییەش نییە، بەڵام ناتوانین ئینکاری لێبکەین، دین هاتووە موحارەبەی سیحر بکات ، بەداخەوە ساحیرەکان لە کوردستان زیادی کردووە ، بگرە ساحیری تورکی و ئێرانی و عێراقی و هندی لەگەڵ کۆمپانیاکان هاتوون، وەک ئەو خوشکە بەڕێزە شادیە خان ئاماژەی پێکرد، لە کەرکوکەوە دێن."

"لەو بابەتەدا ڕەنگە مامۆستایانی ئاینی کەمتەرخەم بوبێتین کە وەک پێویست لەسەر مینبەر و تەلەفزیۆن و ڕادیۆکان و سۆشیاڵ میدیاکان نەمانتوانیووە ئەوە بە خەڵک بگەیەنین کە ئازاری ئاژەڵ نەدەن و ئەندامەکانیان ببڕن، بە ڕاستی لەو ڕووەوە کەمتەرخەم بوین."

"لە دوای ئەو بەرنامەیەوە، وتەکانی خاتوون شادیە خانم هانی دام، کە داکۆکیکار بم و لەڕووی ئاینییەوە بۆ خەڵکی ڕوون دەکەمەوە کە ئازاری ئاژەڵەکان نەدەن."


خاتوو شادیە:
"نەک بڕینی کلکی پشیلە، ئەمە تازە نیە، چەندین جاری تر ئەمە دووبارە بۆتەوە، پێشتر چەندین جار بۆ هەمان مەبەست(مەبەستی بەکارهێنانی جادو و نوشتە) ، بەڵام ئێستا پشیلەشی هاتەسەر، بەداخەوە ئەمە کۆمەڵە مرۆڤێکی نەخۆشن کەوا لەو ئاژەڵانە دەکەن بەمەبەستی بەکارهێنانییان بۆ مەبەستی خۆیان، ئێمە ئەو پشیلانەی باخی گشتی دەناسینەوە کە ڕۆژانە خۆمان خواردنمان پێداون هی شوێنی تر نیە بڵێن هێناویانن لەوێ دایانناون و کلکییان قرتاندون، هەموو پشیلەکان تەنانەت لە پارکی ئازادی و چاڤیلاند هەر لەهەمان شوێندا کلکییان بڕیون یان بەچەقۆ یا بەقەمە بڕاون، کە ئەمە بەهێزی مرۆڤ دەکرێت بە چەقۆ و قەمە بڕدراون."

"من ئێستا 32 ئاژەڵی کەمئەندامم لایە، کە بەدەستی مرۆڤ ئێو ئاژەڵانە یان چاوییان دەرهاتووە، یا دەست و قاچییان بڕاوە، یا کلکییان دەبڕن، پێم سەیرە مرۆڤ گەیشتۆتە ئەو دڕندەییە، ئەم ئێوارەیە کۆترێکییان پیشان دام کە دەمییان بەستبوو، یان دەمی سەگ بە تەل دەبەستن، چونکە دەڵێن بۆ اەوەی ئەو ئاژەڵە هیچ نەخوات و بمرێت تا خواستی اەو کەسەی جادو و نوشتەکەی کردووە بێتە دی، هاوڕێییەکم چوبوو بەسەر کەسێکدا کە قاچی سەگێکی بڕیبوو، لێی پرسیبوو بۆ وای لێدەکەی، وتبووی، بۆ فڵانە کەسی جادوگەرم دەوێت و پێی وتوم تا ئاژەڵەکە زیاتر ئازار بکێشێت زیاتر ئەگەری بەدیهێنانی خواستەکەتە، سەیری ئەو ویژدان و مرۆڤایەتییە، بەڕاستی ئەگەر یاسایەکی توند دەرنەکرێت ئەوا خراپتر ڕوودەدات."

"ئێمە داوا لە مامۆستایانی ئاینی دەکەین کە لەوتارەکانیاندا هەفتانە چەند خولەکێک باس لە مافی ئاژەڵان و پاراستنییان بکەن، ئێمە ناڵێیین با ناڕاست بڵێن، با تەنها باس لەو فەرمودە و ئایەتە جوانانە بکەن کە چۆن ئازاری ئاژەڵ نەدەن و بەسۆز بن لەگەڵ بونەوەراندا."

"دەبێت لە قوتابخانەکانیشدا وانەیەک لە وانەکان بکرێت بە خۆشویستنی ئاژەڵان، ئەگەر لەگەڵ وانەی هونەریشدا بێت، پاشان لە ناو خێزانەکانیشدا گرنگە پەروەردەی خێزانی بەجۆرێک بێت کە بەسۆزەوە مناڵەکانیان مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵاندا بکەن، دەبێت دەرگای قوتابخانەکانیشمان بۆ بکەنەوە و ڕێگە بەئێمەی ڕێکخراوەکان بدەن بچین باسی ئاژەڵان بۆ قوتابیان بکەین."


مامۆستا ئازاد جەلال:
"بەداخەوە ئێمە کۆمەڵگەیەکی تەقلیدین، لەسەر بنەمای بیرکردنەوەکانی پێشوتر دەژین، کە لەفۆڕمێکی ئاینیدا دەژین، تەنانەت کردووییانە بە مەسەلەی بازرگانی، ئێمە پێمان عەیبە ئەگەر گرفتێکی دەرونیمان هەبێت بچینە لای کەسی شارەزا پەنا دەبەنە بەر ئەم شتانە، دراما تورکییەکانیش هۆکاری سەرەکین هەمان چاولێکەری ئەوانە دوبارە دەکرێتەوە."

"دەبێت لەسەرەتا و قۆناغی بنەڕەتییەوە ئاژەڵان لای تاک خۆشەویست بکەین، بۆ نمونە لە باخچەی. ساوایانەوە لەڕێگای چیرۆکی ئاژەڵان و بردنیان بۆ باخچەی ئاژەڵان وا لە مرۆڤ و تاک بکرێت ئاژەڵەکان لای مرۆڤ خۆشەویست بکەن و مرۆڤ بەبەزەیی بێت لەگەڵ ئاژەڵەکان و ئازارییان نەدا."


XS
SM
MD
LG