وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ڕژدن لەسەر ئەو سکاڵایەی لەدادگای فیدراڵی عێراق لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان تۆماریان کردووەو چاوەڕێی یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکە دەکەن.
سەعدی پیرە، وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەرۆکایەتی هەرێم وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دیاریکردووە کە لە مانگی 2 ی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت، ئێمە چاوەڕێی یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکەمانین لە دادگای فیدراڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و بڕیارە 19 ی ئەم مانگە یەکلایی بکرێتەوە."
فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە ڕۆژی 2 ی مانگی 5 ی 2023، لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە. یەکێتی داوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە یەک بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ چوار بازنەیی و کورسی پێکهاتەکانیش بەسەر بازنەکاندا دابەش بکرێن.
سەعدی پیرە، دەڵێت، "تا ئێستا سورین لەسەر سکاڵاکەمان و چاوەڕێی بڕیاری دادگاین."
ڕۆژی سێشەممە، دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند،"وەکو سەرۆکایەتی هەرێم ڕۆژی هەڵبژاردنمان دیاریکردووەو هیوادارین لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت."
کۆبوونەوەی سێشەممەی نێوان یەکێتی و پارتی لەکاتێکدایە، لە مانگی 10 ی ساڵی 2022 ەوەو بەهۆی تۆمەتبارکردنی ژمارەیەک ئەفسەری دژە تیرۆری سلێمانی بەدەست هەبوون لە کوژرانی عەقید (هاوکار جاف) دا لەهەولێر پەیوەندی نێوان ئەو دوو حزبە تەواو ئاڵۆزبوو.
سەعدی پیرە دەڵێت،"پارتی هەندێک گلەیی هەیە، یەکێتیش هەندێک گلەیی هەیە، نەهاتینە سەر هەژماردکردنی ناکۆکییەکان، بەڵکو هەوڵدەدەین لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو نیگەرانییەکان پۆلێن بکەین، دواتر بیانکەینە ئەولەویەتی کارەکانمان و چارەسەریان بۆ بدۆزێنەوە."
وتەبێژی فەرمی یەکێتی ئامادەنەبوو قسە لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتییەوە بکات، بەڵام ئاماژەی بەو خاڵانە کرد کە لەسەری کۆک بوون، وتی،"کۆک بووین لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێم و یەکخستنی ڕای خەڵک بۆ پارێزگاری لە قەوارەکە. هاوڕابووین لەسەر پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی موچەو جیاکردنەوەی موچە لە ناکۆکییە سیاسییەکان."
هەروەها وتیشی،"ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکوڵێت، لە مسرەوە تا دەگاتە چیاکانی قەوقاز شەڕو ناکۆکی هەیە. کۆکبووین لەسەر ئەوەی میللەتی کورد لەم ناکۆکییانە بپارێزین، ئێمە لەناو کێڵگەی ئەڵغامداین، نابێت ڕێگە بدەین ئەڵغاممان پێدا بتەقێتەوە."
پارتی و یەکێتی دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی نێوانیان، ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوەو ڕایانگەیاند، هەردوولایان هاوڕابوون لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێزکردنی خاڵە هاوبەشەکان و چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان بە ئاراستەی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.
سەعدی پیرە لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتیشی،"دانیشتنی یەکەممان بوو لەگەڵ پارتی لە پاش کۆنگرەو پاش چەند مانگێک لە ناڕێکی نێوانمان. دەبێت ئەو شتانەی لەسەری کۆکین بیانچەسپێنین، ئەوانەشی گفتووگۆ هەڵدەگرن دایاننێین بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو. کۆبوونەوەکە گرنگبوو، سەرۆکی یەکێتی و جێگری سەرۆکی پارتی، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بەشداربوون تێیدا."
بەشێک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان بڵاویانکردووەتەوە، هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت، جیا لەکۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی دانیشتنی چوار قۆڵیان ئەنجامداوە.
لەوبارەیەوە وتەبێژی فەرمی یەکێتی وتی،"گەر سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت پێکەوە دابنیشن و دوو قسە لەسەر ئیشوکارەکانی حکومەت بکەن ئاساییە. یاخود تا ئەوکاتەی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە نوسرا، وەفدی هەردوولا دوو دوو یا سێ سێ پێگەوە چا بخۆنەوەو قسە بکەن، شتێکی سروشتییە."
سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، سەعدی پیرە وتی،"کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی ئەنجامداو سەرۆکی یەکێتی و هەردوو جێگرانی سەرۆکی پارتی بەشداربوون، کۆبوونەوەی دیکە کێشەی ئێمە نییە."