دیموکراتەکان لە ئەمەریکا زۆرینەی دەنگەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی ڤێرجینیایان بەدەستهێنا و لە هەڵبژاردنی ڕۆژی سێشەممەدا کۆنترۆڵی دەسەڵاتی یاسادانانی ویلایەتەکەیان پاراست.
بەم ئەنجامانە دیموکراتەکان ڕێگایان بۆ گلێن یەنگکین پارێزگاری کۆمارییەکان سەخت کرد کە بتوانێت بە ئاسانی ڕێبازەکانی جێبەجێ بکات.
سەرکەوتنی دیموکراتەکان هیوای کۆمارییەکانی تێکشکاند، کە پێشتر زۆرینەیان لە خانەی خوارەوەی ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەتەکەدا هەبوو، ئێستاش بۆ یۆنگکین قورسترە کارنامەی سیاسی خۆی پێشبخات.
سوزان سویکەر سەرۆکی پارتی دیموکراتەکان لە ڤێرجینیا ڕایگەیاند "پێویستە پارێزگار یەنگکین و کۆمارییەکانی ڤێرجینیا بزانن چییان بەسەر حکومەتی ویلایەتەکەدا هێناوە، بەڵام خەڵکی ڤێرجینیا ڕەتیانکردووەتەوە".
سویکەر گوتیشی " لەبری توندڕەوی و شەڕی کولتووری، هاووڵاتیانی ڤێرجینیا دەنگیان بەو کەسانە دا کە دەیانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەن."
بە سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە ڤێرجینیا، پێشنیازی یەنگکین بۆ دانانی سنووری لەباربردنی منداڵ پاش 15 هەفتە شکستی هێنا.
لەو سنوورەدا لەباربردنی منداڵ قەدەغە بوو جگە لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی و پەیوەندی خزمایەتی و بارودۆخی پزیشکی کاتی.
یاسادانەرانی دیموکراتەکان لە ڤێرجینیا پێشتر دەسەڵاتەکانی خۆیان لە ئەنجومەنی پیران بۆ قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ بەکارهێناوە و بەڵێنیان داوە ئەگەر کۆنترۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران بگرنە دەست هەمان کار بکەن.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڤێرجینیا بە گرنگ دادەنرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی داهاتوو چونکە یەکێکە لە ویلایەتەکانی کە دەنگەکانی گۆڕانکاری بەسەردادێت و گرنەگە بۆ یەکلایی کردنەوەی هەڵبژاردنەکان.
دیموکراتەکان لە ویلایەتی کەنتاکیی ئەمەریکا، ئەندی بێشێر، پارێزگاری ئێستایان هەڵبژاردەوە و سەرکەوتنی بەرچاویان لە ئۆهایۆ ش بەدەستهێنا.