Accessibility links

هەشت کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران برینداردەبن و دەکوژرێن


بەهۆی بەردەوامی تەقەکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە کۆڵبەران، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا 7 کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە بریندار بوون و کاسبکارێکی کوردیش کوژراوە.

رێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە کاسبکارێکی خەڵکی سەقز بە ناوی ئازاد سەتارپەنا لە ناوچەی سنووری هەنگەژاڵەی سەر بە شاری بانە ڕۆژی چوارشەممە 8ی مانگی یازدە دوای دەمەقاڵەی لەگەڵ هێزە سنوورییەکان، لە لایەن ئەو هێزانەوە تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەیە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردووشدا لانیکەم 7 کۆلبەر لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود و بانە بە هۆی تەقەی پاسەوانانی سنوورییەوە بریندار بوون.

ڕێبین ڕەحمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە گفتوگۆیەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە چۆنییەتی کوژرانی ئازاد سەتارپەنا گوتی "ئێمە لەلایەن کەسێکی ئاگادار لە ڕووداوەکەوە ئاگادار کراینەوە کە ئازاد وەک خاوەن باری ئەو کەلوپەلانەی کۆڵبەرەکان گواستویانەتەوە، لە کاتی چاوەڕوانکردنی گەڕانەوەی کۆڵبەرەکان لە ناوچە سنوورییەکانەوە، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەربازانی هێزە سنوورییەکان بووەتە دەمەقاڵەێی و ئەو هێزانەش لە دووری چەند مەترێکەوە تەقەیان لێکردووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە."

ئازاد سەتارپەنای تەمەنی 43 ساڵ، باوکی 2 منداڵە و خەڵکی گوندێکی سەر بە شاری سەقز بووە.

ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تەقەکردنی چاونەترسانە و هەڕەمەکی هێزە سنوورییەکان و کوشتنی کۆڵبەران بە "کوشتنی سیستماتیکی کۆڵبەران و کاسبکارانی کوردی دانیشتووی ناوچە سنوورییەکان" ناو دەبات و دەڵێت "لەگەڵ ئەوەدا کە بەرپرسانی ئێران چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە کۆڵبەر وەک قاچاخچی سەیر ناکەن، بەڵام تەقەکردنی هەڕەمەکی و کوشتن و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆری کۆڵبەران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هێزە سنوورییەکان یان فەرمانی تەقەکردنیان هەیە یان ئەگەر فەرمانیشیان پێنەدرابێت، دڵنیان لەوەی کە لەسەر کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران ڕووبەڕووی سزا نابنەوە."

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش کە ڕووماڵی هەواڵی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەکات، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە تەنها لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم 30 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو لە کۆی گشتی ئەو ژمارەیە، 3 کۆڵبەر و خاوەن بار گیانیان لەدەستداوە و 27 کۆڵبەریش بریندار بوون کە یەکێکیان نەوجەوانێکی خوار تەمەن 18 ساڵ بووە.

دۆخی نالەباری کۆڵبەران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بووەتە پرسێکی مافی مرۆڤ لە ئێراندا.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێن گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەڵ لە ڕێگای سنوورەکانەوە کارێکی یاسایی نییە، بەڵام زۆرێک لە ڕەخنەگران و چالاکوانان بە ئاماژەدان بە هەژاری و بێکاریی بەربڵاو لە شارەکانی کوردستان، کۆڵبەری وەک تاکە ڕێگای دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانێکی سەرەتایی بۆ کۆمەڵێک هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە وەسف دەکەن.

ڕەخنەگەران دەڵێن سەرەڕای ئەوەی چەندین جار بەرپرسانی باڵای ئێران جەختیان کردوەتەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی دۆخی کۆڵبەران لە ساڵانی ڕابردوودا، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەو بەڵێنانەی ڕاگەیەندراون جێبەجێ نەکراون.

XS
SM
MD
LG