بەرپرسانی هەرێم دەڵێن لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر بۆجاری سێهەم هێرشی درۆنی (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر.
کاروان کەریم خان، قایمقامی قەزای شەقڵاوە بەوەکالەت بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " تەنها ئەوەندە ئاگاداری هێرشەکەین کە ئاگر کەوتووەتەوە، هیچ بەئێمە نەوتراوە، زیاتر لایەنە ئەمنیەکان ئاگادارن."
تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ئاگری فڕۆکەخانەکە بەردەوامە و کۆنترۆڵ نەکراوە.
قایمقام وتیشی، " بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە ئاگادارنەکراوینەتەوە تا تیم بنێرین بۆ کۆنترۆڵکردنی."
دژە تیرۆری کوردستان هەر لەدوایی هیرشەکە بڵاوی کردەوە کە لە کاتژمێر 7:15ی ئێوارە لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر فرۆکەخانەی هەریر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگای سووتەمەنیی بنکەکە کەوتووەتەوە.
لە بڵاوکراوەکەدا دەڵێت فڕۆکەخانەکە "ێشووتر وەک بنکەیەکی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەکار دەهات، بەڵام لە 20-10-2023 چوڵکراوە." بەهۆی هێرشکەوە ئاگر لە کۆگای سووتەمەنیی بنکەکە کەوتووەتەوە.
هەر بەپێی زانیاریەکانی دژە تیرۆری کوردستان شەوی ڕابردوو، کاتژمێر 23:30 و کاتژمێر 00:40 لە ڕێگای دوو درۆنی دیکەی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر هەمان فڕۆکەخانە، بەڵام هیچ زانێکی گیانی و مادی نەبووە.
هێرشەکە هاوکاتە لەگەڵ سەردانێکی لەناکاوی محەمەد شیاع سودانی بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی.
ڕاپۆرتی دیار جەمال