Accessibility links

جەبار یاوەر: لە هەرێمی کوردستان هەندێک لە دام و دەزگای هەواڵگری، ئەمنی و سەربازییەکان لە لایەنی سیاسیەوە ئاڕاستە دەکرێن


بەڕێوبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان کە دەزگایەکی فەڕمی سەربە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە جارێکی تر زانیاری هەڵەی بڵاوکردەوە لەسەر هێرشێکی درۆنی (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بۆ سەر هەرێم.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەش هۆشداری دەدات لەوەی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست لە دەزگا ئاسایشەییە حکومییەکان "دەبێتە زەرەرێک بۆ ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە دەبێتە هۆی بڕینی هاوکاریە لۆجستی و سەربازی و داراییەکان و هەرێم دەخاتە بەردەم مەترسی جدی."

ڕۆژی دووشەممە، 6-11-2023 ، نزیکی کاتژمێر 11:30 خولەک، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆندا لە گوندی بۆسکێنی سەر بە شارۆچکەی ڕانیە، چوار کەس برینداربوون. کەمتر لە کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکە، دژەتیرۆری کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا گرووپێکی چەکدارانی پەکەکە دەکاتە ئامانج و بەهۆیەوە دوو چەکدار کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون."
بەڵام بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا دوای ڕووداوەکە زانیارییەکانی دژەتیرۆری پشتڕاست نەکردەوە.

بە گوێرەی لێدوانی کەسی نزیکی قوربانیەکان و پزیشکی چارەسەر، هیچ کەس لە ڕووداوەکەدا گیانی لەدەستنەداوە و تەنها دووان لە قوربانییەکان ئەندامی پەکەکەن و ئێستا تەندروستییان جێگیرە و لە سلێمانی چارەسەر وەردەگرن.

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم بابەتە پەیوەندی کرد بە دەزگای دژەتیرۆر و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامیان نەداوەتەوە.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاستەوخۆ لەسەر ئەو کەیسە نەدوا، بەڵام ڕەخنەی توند لە دامودەزگا سەربازی و هەواڵگریەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت بەوەی بەهۆی زاڵبوونی هەژموون و ئەجێندای سیاسەتی حزبی لاوازبوون.

جەبار یاوەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"درۆکردن لە بڵاو کردنەوەی هەواڵی گرنگ و هەستیار کە پەیوەندیدارە بە هێزەکان یان ڕێکخراوەکان بەشیوازێکی ناڕێک یان درۆ بڵاو بکرێتەوە بێگومان دەبێتە زەرەرێک بۆ ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و گشتی بۆ وڵاتەکە، دەبێتە هۆکارێک بۆ نەمانی متمانە لە نیوان هاوڵاتیان بە گشتی و راستگۆیی ئەو دامودەزگایانەی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرین."

جەبار یاوەر دەڵێت، "ئێستا لە واقعدا دەبینین گلەیی و گازندەیەکی زۆر هەیە لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانان بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی بە هەموو توانای خۆیان هاوکاری هەرێم بوون لە ڕووی دبلۆماسی و سیاسی و پشتیوانی هێزەکانی هەرێم بوون بە هەموو دامودەزگاکان بە هێزە سیاسی و ئەمنی و هەوالگریەکان.

لە سەرووی هەمویانەوە ئەمەریکا لەم دوو سێ ساڵەی دوایی گلەیی و گازندەی زۆر دەکەن هەم دەربارەی شێوازی بەکارهێنانی ئەو ‌هێزانە هەم شێوازی کارکردنی ئەو هێزانە هەم مامەڵەکردنی ئەو هێزانە لە کاری ڕۆژانەیاندا لەگەڵ رووداوەکاندا، لەگەڵ شێوازی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان هەم شێوازی مامەڵەیان لەگەڵ یەکتریدا."

دوای ڕووداوەکەی ڕانیە، بەشێک لە میدیا جیهانیەکانیش هەواڵەکەیان لە زاری دژە تیرۆرەوە بڵاوکردەوە، کە گوایە هێرشەکە چوار چەکداری پەکەکەی کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوە دوانیان کوژراون. بەڵام دەنگی ئەمەریکا لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەیداوە کە هیچ کەس لە ڕووداوەکەدا گیانی لەدەست نەداوە و دوو لە بریندارەکانیش مەدەنین.

زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا لە ڕێگەی نەخۆشخانە و کەسی نزیکی قوربانیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوو لەو بریندارانە ناویان وەفا و زولفایە و خەڵکی ڕۆژئاوان و ئەندامن لە ڕێکخراوێکی ژنانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان. هەروەها دەنگی ئەمەریکا زانیوێتی کە یەکێک لە ژنەکان هەردوو قاچی لەدەستداوە و یەکێکی تریشیان تەنها قاچی شکاوە.

لە ئێستادا ئەوان لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریدان و لە مەترسی مردن ڕزگاریان بووە و چاوەڕێدەکرێن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە نەخۆشخانە دەربچن.

بە هۆکاری ئەمنی، ناوی نەخۆشخانەکە و ناسنامەی تەواوی قوربانییەکان لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراون.

ئەمە یەکەم جار نییە لە دەزگای دژەتیرۆری کوردستان هەواڵی ناڕاست بڵاودەکرێتەوە.

دەنگی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکی مانگی هەشتدا ئاماژەی بەوە دا کە دەزگای دژەتیرۆر لەسەر هێرشێکی درۆنی تورکیا بۆ سەر پێنجوێن لە بەرواوی 11-8-2023 زانیاری هەڵەی بڵاوکردۆتەوە.

دەزگاکە لەڕاگەیەندراوێکدا وتوویەتی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر پێنجوێن "ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی کردە ئامانج، بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵای پەکەکە و چەکدارێکی دیکە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کوژران."

بەڵام لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە سێ قوربانییەکان هاووڵاتی عەرەبی خەڵکی موسڵ بوون، لە نێوانیاندا مامۆستایەک بوو بە ناوی زیاد مستەفا کە سەردانی پێنجوێنی کردبوو بە مەبەستی بەخێرهێنانەوەی کچە 18 ساڵەکەی بە ناوی ڕەیام کە بە مەبەستی خوێندن لە وڵاتی ئێران بوو. هەردووکیان لە هێرشەکە گیانیان لەدەستداوە.

سەبارەت بەو ڕووداوانەی لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدەن، چەندین جار زانیاری هەڵە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستانەوە بڵاو دەکرێتەوە، بە تایبەت ئەو کردە سەربازیانەی لە هەرێم ڕوودەدەن، دواهەمینیشیان هێرشی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بوو لە شارۆچکە ڕانیە، کە تیایدا دوو ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان بوونە قوربانی، دژە تیرۆری کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، دوو ئەندامی پەکەکە بەهۆی هێرشەکەوە کوژراون و دوانی تریش برینداربوون.

بە پێی یاساکانی هەرێمی کوردستان و پرەنسیپی سەربازی ڕێگا نادرێت هیچ جۆرە هەواڵێکی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتیمانی وڵات کە بابەتەکان هەستیار بن بڵاو بکرێتەوە، بەڵام هەندێک زانیاری هەیە لە ڕووی پرەنسیپی سەربازی گرنگی زۆریان نییە، هەواڵی گشین تایبەت بە دامودەزگا سەربازیە و ئەمنیەکان و هەواڵگریەکانن، ئەو هەواڵانە دەبێت لە ڕێگەی وتەبێژی فەرمی ئەو هێزانە یان ئەو دامو دەزگایانە بێت بە پشتبەستن بە راستی و دروستی هەواڵەکە بڵاو بکرێتەوە.

لە کاتێکدا هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییە هەڵانە ڕوون نییە، بەڵام بەڕای جەبار یاوەر بەشێک لە دەزگاکان لەژێر هەژمووی حزبدان و بەوشێوەیەی کە بەرژەوەندی لایەنی سیاسی دیاریکراو بپارێزێت هەوالەکان بڵاو دەکرێنەوە.

جەبار یاوەر ڕایگەیاند، "ئەو نمونانەی باستان کردن ئەوە نمووەی شێوازی ئەو دامودەزگا ئەمنی و سەربازی و ئەمنیانەیە چونکە لەلایەنی سیاسیەوە ئاڕاستە دەکرێن، چونکە ئەو دامو دەزگا ئەمنیانە نین کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بۆ بەرژەوەندی باڵای وڵات کاردەکەن.

ئەوەش ڕەنگ دەداتەوە لە بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای نەتەوەی و نیشتمانی هەر وڵاتێک بەڵام لێرەدا لە هەرێم لەلایەنی سیاسیەوە ئاڕاستە دەکرێن یان سەرپەرشتی دەکرێن و ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی ئەو لایەنە سیاسیەی تێدایە."

وتیشی،"دەبێت لە هەرێم پێداچوونەوەی گشتی بکەین لە بارەی هەموو هێزەکانی هەرێمی کوردستان. هەموو دامو دەزگاکانی هەواڵگری لە هەرێم ئەگەر بەشیوەی مۆدێرن بۆ خزمەتکردنی دەوڵەتداری لە هەرێم و ئاسایشی نشتیمانی و نەتەوەیی ڕیک نەخرێنەوە، بۆ خزمەتی ئاسایشی وڵات کار نەکەن، تەنها بۆ بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی دیاری کراو کار بکەن، لە ئایندەدا دەبێتە زەرەێکی گەورە لە سەر هەرێمی کوردستان."

XS
SM
MD
LG