بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی هەریر لەلایەن گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراق کە هاوکاتبوو لەگەڵ سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دا بۆ هەولێر، بە "حساب" نەکردنی ئەو گروپانە بۆ حکومەتی عێراق لێکدەدرێتەوە.
ئێوارەی پێنجشەمە، ڕێکەوتی 10ی مانگی 11 لە کاتێکدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بینینی بەرپرسانی باڵای هەرێم سەردانێکی چاوەڕواننەکراوی بۆ شاری هەولێر کرد، دژە تیرۆری کوردستان بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی هەریری لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە ڕاگەیاند.
زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی هەریر لە لایەن گروپە شیعەکانەوە بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق ناودەبات.
زیرەک کەمال بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بۆردومانەکەی هەریر لەوکاتەی سودانی لە هەولێر بوو، کاریگەری نەرێنی دروست دەکات. دەبێت حکومەتی عێراق هەڵوێستی هەبێت."
لە ڕۆژی 7 ی مانگی 10 ی 2023 ەوە، لەوکاتەوەی کە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس سەریهەڵداوە، گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراق کە ناوی بەرەی موقاوەمەیان لە خۆیان ناوە، بەردەوام بنکەکانی ئەمەریکا لە عەین ئەلئەسەدی پارێزگای ئەنبار و هەریری پارێزگای هەولێر بۆردومان دەکەن.
ئەو گروپانە هۆکاری بە ئامانج گرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ پشتگیریکردنی ئەو وڵاتە لە ئیسرائیل دەگێڕنەوە، سەرباری ناڕەزایەتی عێراق و هۆشدارییەکانی ئەمەریکا بەردەوامن لە هێرشەکانیان.
زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، "ئەو گروپانە ڕێنمایی لە وڵاتانی هەرێمایەتییەوە وەردەگرن. بۆردومانکردنی بنکەکانی ئەمەریکا هەوڵدانە بۆ گواستنەوەی شەڕی غەزە بۆ عێراق و هەرێم، سوریاو لوبنان."
ئەو وتیشی،"سەرۆکی هەرێم هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە تا ڕێگری بکرێت لە گەیشتنی پریشکی ئاگری شەڕی غەزە بە ناوچەکەمان."
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەردانەکەی شەوی پێنج شەمەدا بۆ شاری هەولێر، لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتدا کۆبوویەوەو د واتر گەڕایەوە بۆ بەغدا.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، لەگەڵ مەسعود بارزانیدا، سودانی تاوتوێی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی کردووە و باسیشیان لە دۆخی کارەساتباری غەزە کردووە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سودانی و نێچیرڤان بارزانی جگە لە گفتووگۆکردن لە سەر دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری وڵات، تاوتوێی پشتگیریکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیشیان لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن کردووە.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت هۆکارێکی سەردانەکەی سودانی بۆ هەولێر بۆ تاوتوێکردنی گرفتەکانی نێوان هەولێرو بەغدا و چارەسەرکردنیان بووە.
زیرەک کەمال، دەڵێت، "بەشێکی سەردانەکەش بۆ ڕێگریکردنە لە کاریگەری شەڕی دەرەکی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان."
بەردەوامیدان بە بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێم دوای شکستهێنانی هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دێت بۆ ڕازیکردنی ئەو گروپانە تا هێرشە موشەکییەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا ڕابگرن.
یاسین تەها، شارەزای بواری سیاسی و ئاسایشی عێراق، دەڵێت، "سودانی تکای لە 15 گروپی چەکداری عێراق کردووە تا هێرشەکانیان ڕابگرن، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوون."
یاسین تەها بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "غەزە وێران بووە و بەرەی موقاوەمە پرسیاری لەسەر دروستبووە. گروپەکان لە چارەنوسی خۆشیان لە دوای شەڕی غەزە دەترسن. هەروەها ململانێ لە نێوان خودی گروپەکانیشدا هەیە و دەیانەوێت لە ڕێگەی هێرشەکانیانەوە بەهێزی خۆیان بسەلمێنن."
ژمارەیەکی زۆر گروپی جیاجیای چەکدار لە عێراق دا هەن، پەیوەندی نێوان بەشێک لەو گروپانە خراپە و سەرباری وەرگرتنی چەک و تەقەمەنی و پارە لە حکومەتی عێراقیش، گوێڕایەڵی فەرمانەکانی حکومەت نابن.
لە چەند شەوی ڕابردوودا، بەهۆی پێکدادانی نێوان هێزەکانی عەسایبی ئەهلی حەق و سەرایە سەلامی سەربە ڕەوتی سەدر لە شاری بەسرە، چەند چەکدارێک لە هەردوولا کوژران و برینداربوون.
بەگوێرەی یاسین تەها،"گروپەکان لە نێوخۆشیاندا و لەگەڵ سەدریش پەیوەندییان باش نییە، بۆیە بەشێک لە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا تەسفیەی ناوخۆیی و عەرزی عەزەڵاتە."
بەپێی وتەی بەرپرسێکی باڵای عێراق بۆ دەنگی ئەمەریکا، حکومەتی ئەمەریکا توڕەیە لە هێرشی گروپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی، وە هۆشداریشداوەتە حکومەت لە حاڵەتی ڕوودانی زیانی گیانی لەنێو سەربازانی ئەمەریکادا، دەستەوەستان ناوەستێت و وەڵامی بەهێزی دەبێت بۆ هێرشەکان.
بنکە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا
یاسین تەها ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە حاڵەتی وەڵامدانەوەی ئەمەریکا بەدوور نازانێت و دەڵێت، "گەر ئەمەریکا هێرش بکاتە سەر گروپەکان، ڕەنگە ئەوانیش عەین ئەلئەسەد و هەریر بەچڕی بۆردومان بکەن، تەنانەت ئەگەری گواستنەوەی باڵیۆزخانەش لەبەغداوە بۆ هەولێر لە ئارادایە."
بەشێک لە هێزە سیاسییە شیعەکان کە خاوەنی هێزی چەکدارن، سەرباری گوتاری دژایەتیکردنی ئەمەریکا، بەڵام بەرپرسیارێتی هێرشی سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە ئەستۆ ناگرن و خۆیان لە خاوەندارێتیکردنی هێرشەکان بەدوور دەگرن.
سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، ڕەتیدەکاتەوە بۆردومانی بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق گرێدراو بێت بە شەڕی غەزەوە، دۆخی ئەمنی عێراقیش بە باش وەسفدەکات.
مەتڵەبی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پەرلەمانی عێراق بڕیاریداوە بە دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، دەبێت ڕێز لە بڕیارەکە بگیرێت."
هێرشی گروپە چەکدارە شیعەکان بە پێچەوانەی سیاسەتی حکومەتی عێراق دادەنرێت، بەتایبەت حکومەت هەوڵی ڕاگرتنی باڵانس و دوورخستنەوەی شەڕو ناسەقامگیری لە عێراق دەدات، لەکاتێکدا گروپەکان بە ئاراستەی جیاوازتر کاردەکەن و فەرمان لە ئێرانەوە وەردەگرن.
ڕۆژی دووشەمە، 6 ی 11 ی 2023، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئێرانی کرد. بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆک وەزیران، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلی تاوتوێکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی پرێس تی ڤی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، بەهاوتا قەتەرییەکەی شێخ محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی ڕاگەیاندووە، فراوانبوونی شەڕی غەزە حەتمییە.
مەحمود زەیدانی سەرکردەی عەرەبی سونە پێیوایە عێراق نزیکترین وڵاتە لەشەڕی غەزەوە و کاریگەرییەکانی ئەو شەڕە بەسەر عێراقەوە بەڕوونی دیارە. دەڵێت،"ڕەنگە ئەو شەڕە ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پارێزگاکانیش لە مانگی 12 ی ئەمساڵ."
مەحمود زەیدان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سودانی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی عێراقی دەوێت، بەڵام لایەنی تر هەن بە ئاراستەی جیاواز کاردەکەن. مادام ڕێککەوتن لە نێوان حکومەتی عێراق و ئەمەریکا هەیە، پێناچێت دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت، بەڵام بۆردومان لێرە و لەوێ بەردەوامی دەبێت."