Accessibility links

ئایا ئەم شەڕەی ئیسرائیل و حەماس چۆن کۆتایی پێی دێت و چی بەسەر غەززەدا دێت؟


بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی قۆناغی دووەم لە شەڕی ئیسرائیل دژ بە حەماس و هیرشی زەمینی سەر غەززە وتی ئەمە دووەم شەڕی سەربەخۆیی ئێمەیە. نەتانیاهۆ وتی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان لە غەززە لەلایەن هێزەکانی بەرگری ئیسرائیلەوە دوو ئامانجیان هەیە، "لەناوبردنی توانا سەربازی و حوکمڕانییەکانی حەماس، و گەڕانەوەی ئەو ئیسرائیلییانەی لە 7 ی مانگی دەدا وەک بارمتە بران. جەختی لەوە کردەوە کە شەڕەکە "درێژ خایەن دەبێت"، و بەراوردی کرد بە شەڕی ساڵی 1948 کە 10 مانگی خایاند و بووە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەو شەڕەی کە لە نێو فەلەستینییەکاندا بە نەکبە یان "کارەسات" ناسراوە.

هاوکاتی ئەوەی دوای زیاتر لە مانگێک لە هێرشە ئاسمانی و زەمینیە سەختەکانی ئیسرائیل دۆخێکی مرۆیی ترسناک لە غەززە دروستبووە، دوایین ئاماری توندوتیژییەکان بەپێی دەسەڵاتدارانی هەردوولا زیاتر لە 1400 کەس لە ئیسرائیل و زیاتر لە دە هەزار کەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە.

شارەزایان پێیان وایە پێویستە بوترێت کە هێرشەکەی حەماس لە ڕووی ستراتیژییەوە هێرشێکی زیرەک بووە، بەڵام ئیسرائیلی هان دا کە تەواو ئامادەبێت لە پلاندانەرانی حەماس بدات و لەناویان ببات بە شێوەیەک کە چاوەڕوانیان نەدەکرد، لەگەڵ ئەوەشی هەزاران کەس دەکوژرێن و ئاوارە دەبن، ژێرخانی ناوچەکەش وێراندەبێت، تا ڕادەیەک ناوبانگی ئیسرائیل لە جیهاندا زیانێکی زۆری پێ دەگات، و کێشەی فەلەستینییەکان جارێکی دیکە سەرنجی جیهان ڕادەکێشێتەوە.

شارەزایانی سیاسی لەو باوڕەدان حەماس هیچ بژاردەیەکی باشی بۆ ئیسرائیل نەهێشتەوە ، کە نەدەکرا هێرشەکەیان بە بێ سزادان بمێننەوە. تەنانەت ئەگەر ئیسرائیلییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە بیریان بکردایەوە ، هەر دەبوو بۆردومانی غەززە بکەن. بەهۆی چڕی دانیشتوان لە غەززە، حەماس توانیویەتی خەڵکی سیڤیل وەک قەڵغانێکی مرۆیی بەکاربهێنێت کە بە زۆری ژن و منداڵن، وە ئەگەربێت و شەڕەکە فراوانتربێت و حزبوڵای لوبنان لە باشوری لوبنانەوە تێوەبگلێت، ئەوا شیانی هەیە ژمارەیەکی زیاتر خەڵکی سیڤیل ببنە قوربانی و وێرانکارییەکی زیاتری لێبکەوێتەوە کە پێشتر لە ناوچەکەدا ڕووینەداوە.

ڕاو و بۆچوونەکان وا ڕادەگەیەنن هەرچۆنێک بێت، تەنانەت ئەگەر حەماس لەناو بچێت و چیتر بوونی نەبێت، ئەوا ڕەنگە لە ڕووی پڕوپاگەندەوە سەرکەوت بەدەستبهێنێت، ئەگەر دوا تەمەنیش بێت، لە ڕای جیهانیدا لە جیاتی پرسی فەلەستین ئاماژەی پێی دەکرێت، و هەروەها دەبێتە هۆی بەرەنگاربوونەوەی زیاتر و ئەگەری سەرهەڵدانی توندڕەوی زیاتر لە داهاتوودا، نەک تەنها لە غەززە بەڵکو لە کەناری ڕۆژئاوا، لەناو ئیسرائیل لەنێو زیاتر لە سەدا 21 ی ئیسرائیلییەکان کە عەرەبن، هەروەها لە جیهانی عەرەبی و بەشێکی زۆری ئەوروپا، تا دەگاتە ئەمەریکا.

شیکەرەوەکان دەڵێن ئەو زمانەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە بەکاردەهێنرێت ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ گەڕانەوەیەک نابیت بۆ دۆخی جاران لە توندوتیژی و هێرشە موشەکییەکان و پێکدادانەکان و شەڕی کورتخایەن، ئەو دۆخەی کە پیشتر لە 18 ساڵی ڕابردوودا لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا هەبووە. واتە ئەو کاتەی کە حەماس لە ساڵی 2007 کۆنترۆڵی تەواوی غەززەی کرد پاش کشانەوەی ئیسرائیل لە ناوچەکە لە 2005دا.

ئیستا پرسیارەکە لەوەدایە ئایا ئەم شەڕە چۆن کۆتایی پێی دێت و چی بەسەر غەززەدا دێت ؟

یەکێک لە ئەنجامە شیاوەکانی ئەم شەڕەی ئێستا کە پێشبینیکردنی زۆر سەختە ئەوەیە کە ئایا دراوسێکانی ئیسرائیل، کە زۆربەیان لە ئێستادا ناڕەزایی توند بەرامبەر ئەم هێرشانەی ئیسرائیل دەردەبڕن، لەم شەڕە تێوەئەگلێن یان نا ، حەماس هاوپەیمانی لە سوریا و لوبنان هەیە، و ئێرانیش پشتیوانکەری ڕاستەقینەیەتی.!!

شارەزایان هاوڕان لەسەر ئەوەی ئیسرائیل دەرفەتی هەیە لەم قۆناغەدا ئەم شەڕە ڕابگرێت ، ئەگەر نا و هەر بەردەوام بێت ئەوا هەندێک لە هاوکارە نێودەوڵەتییەکانی، لەوانەیە پاشگەزببنەوە ئەگەر شەڕەکە بەرەو تێوەگلانی وڵاتانی دراوسێ فراوانتربێت، یان ببێتە هۆی قەیرانێکی لە ڕادەبەدەری مرۆیی.

هەروەها پیێان وایە تەنانەت ئەگەر حەماس لەم شەڕەدا لەناوببرێت، ئەوا لەوانەیە مانای ویرانکردنی خودی غەززە بێت. بەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە ئەخلاقییەکانی، و پێشێلکارییە قورسەکانی یاسای نێودەوڵەتی کە دەبێت دوو خاڵی گرنک بن بۆ ڕاگرتنی ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئیسرائیل. بەڵام جگە لەوانە هەروەها ئەنجامەکانی غەززەیەکی وێرانکراو لەگەڵ سەدان هەزار پەنابەری نائومێد و توڕە و دڵ سووتاو کە بە دڵنیاییەوە ئیسرائیل و ئەمەریکا تاوانبار دەکەن، دەبنە هۆی دروستبوونی بزووتنەوەی چەکداری توندڕەوی نوێ کە کاریگەری زیاتری لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەبێت و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن.

ئیسرائیلییەکان پێیان باشترە خۆیان بەدووربگرن لە شەڕێکی تر لە بەرەی باکووریان، بەڵام حزبوڵا، لەوانەیە ترسی ئەوە هەبێت کە ئەگەر ئیسرائیل ڕێگەی پێ بدرێت حەماس لەناو ببات ، ئەوا ئەتوانێت لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی حزبوڵا ببێتەوە. ئەم جۆرە سیناریۆیە لەوانەیە ئەمەریکا و ئێران بەرەو ئەنجامێکی وێرانکەر ڕابکێشێت.

شێکەرەوەکان وا بۆی دەچن لەگەڵ ئەوەی تا ئیستاش ڕوون نییە ئەم شەڕە چۆن کۆتایی دێت بەڵام ئەوەی ڕوونە لێرەدا ئەوەیە کە ئێستا هەردوولا لە پاش ئەم شەڕە هیچ بژاردەیەکی تریان لەبەردەستدا نییە جگە لە ئاشتی و سەقامگیری. ئیسرائیل بە دڵنیاییەوە دەتوانێت حەماس لاواز بکات و هێز بۆ داگیرکردن و کۆنترۆڵکردنی غەززە بەکاربهێنێت، ئەمەش هەرگیز لەلایەن دانیشتوانی غەززەوە قبوڵ ناکرێت. لە کۆتاییدا کردەوەکانی ئیسرائیل دوژمنایەتی بەشێکی زۆری فەلەستینی و عەرەب لە بەرامبەر ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو زیادەکات، وە ئەو هاوسۆزی و پشتیوانییەی کەم دەبێتەوە کە لە پاش هێرشەکەی 7ی مانگی دەی حەماس بەدەستیهێنابوو.

پێدەچێت دەرئەنجامی ڕاستەقینەی هێرشی ئێستای ئیسرائیل لە دوو بژاردە خۆی ببینێتەوە ، یا ئەوەتا ببێتە داگیرکەری بەشێکی کەرتی غەززە ئەگەر بەتەمای هەمووشی نەبێت، یان کۆمەڵە بەربەستێکی ئەمنی زۆر گەورەتر دروست بکات، کە ڕەنگە بۆ زۆر زیاتر لە سنووری ئێستای خۆی درێژی بکاتەوە.

سەرچاوەکان/ Foreign Affairs ، cnbc ، Atlantic Council ، Carnegie Endowment for International Peace

XS
SM
MD
LG