Accessibility links

ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی: دادگای فیدراڵی عێراق دەیەوێت بڕیارێک دەربکات نەبێتە هۆی پەکخستنی هەڵبژاردنی کوردستان


ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتووگۆکردن لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان ڕایگەیاند،دادگای فیدراڵی عێراق پەلە ناکات لەسەر یەکلایی کردنەوەی ئەو سکاڵایەی یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردن تۆماری کردووە، چونکە نایەوێت بڕیارەکەی ببێتە هۆی پەکخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

عەبدول سەلام بەرواری، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ گفتووگۆکردن لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دادگای فیدراڵی عێراق دەیەوێت بڕیارێک دەربکات نەبێتە هۆی پەکخستنی هەڵبژاردن، بۆیە ڕەنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی 2 ی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت."

فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕۆژی 2 ی مانگی پێنجی 2023، لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە. یەکێتی داوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمان لەیەک بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ چوار بازنەیی و کورسی پێکهاتەکانیش بەسەر بازنەکاندا دابەش بکرێت.

عەبدولسەلام بەرواری دەڵێت،"گەر دادگای فیدراڵی یاسای هەڵبژاردن بە نادەستوری ناوببات کەواتە یاساکە بە کەڵکی هەڵبژاردن نایەت. بۆیە ڕەنگە بڕیارێکی وا دەربکات گەر یاساکەش بە نادەستوری ناوببات، بڵێت پێویستە پەرلەمانی داهاتووی کوردستان لە دانیشتنی یەکەمیدا هەمواری بکاتەوە، تا مەسەلەکە ڕێگر نەبێت لەبەردەم هەڵبژاردندا."

بڕیارە دادگای فیدراڵی عێراق، ڕۆژی 19 ی یازدەی 2023، بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵاکەی فراکسیۆنی یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆ ببێتەوە و سکاڵاکە یەکلایی بکاتەوە.

لە لێدوانێکی پێشتریدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، سەعدی پیرە وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی، وتی،"یەکێتی سوورە لەسەر سکاڵاکەی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقین."

یەکێک لەو مادانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە فراکسیۆنی یەکێتی سکاڵای لەسەر تۆمارکردووە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانە، گەر دادگای فیدراڵی بڕیار لە بەرژەوەندی فراکسیۆنی یەکێتی بدات، ئەوا ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە 111 کورسییەوە بۆ 105 کورسی کەمدەکرێتەوەو کورسی کۆتای تورکمانیش نامێنێت.

بەرپرسانی لایەنە تورکمانییەکان، هۆشداری دەدەن لە لابردنی کورسییە کۆتاکانیان و داوا لە لایەنە کوردییەکان دەکەن لە بری ئەوان بڕیار نەدەن.

عەبدول سەلام بەرواری وتی،"لابردنی کورسی تورکمان بۆ هەرێم خراپە، چونکە ژمارەی تورکمان لە ئاشوری و پێکهاتەکانی تر زیاترە. گەر بوترێت ئاشوری کەمینەی ئاینییە، بەڵام کاتی خۆی لەسەر بنەمای نەتەوەیی کورسی کۆتایان بۆ دانراوە."

هەروەها وتیشی،"لە عێراق لەسەر بنەمای کەمایەتی ئاینی کورسی کۆتا دانراوە، بەڵام لە ساڵی 1992 ئەوە چەسپێنراوە کە کەمایەتییە نەتەوەییەکان لە هەرێم بۆیان هەیە لیستی تایبەت بە خۆیان هەبێت. بۆیە دەبێت هەموو لایەنەکان هەوڵ بدەن نوێنەری پێکهاتەکان لە پەرلەمان هەبن."

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ڕۆژی 25 ی مانگی 2 ی ساڵی داهاتووی وەکو وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی 7 ی مانگی یازدە، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی نێوان حزبەکەی لەگەڵ یەکێتی، هیوای خواست هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:43 0:00

XS
SM
MD
LG