Accessibility links

یەکێتی: عەرەب و تورکمان لە کەرکوک داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن بۆ ئەوەی دەستەڵاتی شارەکە لەدەستنەدەن  


پێکهاتەی عەرەبی و تورکمانی، کورد تۆمەتبار دەکەن بە دەستکاریکردنی تۆماری دەنگدەران و داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و وردبینیکردنی تۆماری دەنگدەران دەکەن. کورد لە بەرامبەردا ئەم داوایە بە بیانوو دەبینێت بۆ هێشتنەوەی پۆستە ئیداریەکانی ئەو شارە لە ژێر دەستی عەرەب و تورکمان.

شێرزاد سەمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "عەرەب و تورکمان زۆربەی دەسەڵاتەکانی کەرکوکیان لە بن دەستدایە و کوردیش زۆربەی دەسەڵاتەکانی لەدەستداوە، لەکاتێکدا ڕێژەی کورد 53% کەرکوکە. ئەوان نایانەوێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و دەیانەوێت دۆخەکە هەر وابمێنێتەوە."

ئەو وتیشی، "عەرەب و تورکمان تۆمەتی گۆڕینی دیموگرافیا و زیادکردنی ناوی دەنگدەر دەخەنە پاڵ کورد، لەکاتێکدا هەموو ئەوانەی ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە، لە ئاماری ساڵی 1957 یشدا ناویان هەیە و خەڵکی کەرکوکن."

دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017، کورد لە کەرکوک چەندین پۆستی سەرەکی لەدەستدا، لە نێوانیان پۆستی پارێزگار.

هێزە عەرەبی و تورکمانەکانی ئەم شارە ئێستا داواکاری دواخستنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و پێداچوونەوە بۆ تۆماری دەنگدەرانیان بەرزکرۆتەوە و لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایان تۆمارکردووە و چاوەڕوانی یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکەیانن.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەیەکی سیاسی عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "عەرەب و تورکمان داوای وردبینی تۆماری دەنگدەران دەکەن، چونکە لە مادەی 13ی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکاندا هاتووە، دەبێت پێش هەڵبژاردن وردبینی لە تۆمارەکەدا بکرێت بەڵام تا ئێستا نەکراوە."

داواکەی عەرەب و تورکمان بۆ وردبینیکردنی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکوک لە کاتێکدایە، بڕیارە لە ڕۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەکەرکوکیشەوە ئەنجام بدرێن.

ئیسماعیل حەدیدی دەڵێت، "لەم ماوە کورتەی ماوە گەر توانرا وردبینی لە تۆماری دەنگدەران بکرێت، گەرنا عەرەب و تورکمان دەیانەوێت هەڵبژاردن دوابخرێت."

لەکاتێکدا 32 ڕۆژی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هێشتا وادەی وردبینیکردنی سکاڵاکەیان لە دادگای فیدراڵی دیارینەکراوە. بەڵام ئەو دوو پێکهاتە دەیانەوێت پێش هەڵبژاردن دادگا بڕیار لەسەر سکاڵاکەیان بدات.

سەرژمێری ساڵی 1957ی دانیشتوانی پارێزگاکە کراوەتە پێوەر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک. بەپێی ئەم سەرژمێرییە کورد زۆرینەی دانیشتوانی پارێزگاکە پێکدەهێنێت.

کورد لەلایەن عەرەب و تورکمانەوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی لە دوای ڕووخانی حکومەتی بەعس لە ساڵی 2003، دەستکاری تۆماری دەنگدەرانی کردووە و مافی دەنگدانی داوە بە بەشێک لە دانیشتوانی گەرمیان و چەمچەماڵ.

قەحتان وەنداوی، سەرۆکی لقی کەرکوکی بەرەی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵامان تۆمارکردووەڤو داوای وردبینی تۆماری دەنگدەران دەکەین، چاوەڕوانی بڕیاری دادگاین."

لایەنە کوردییەکان جەخت لەسەرئەوەدەکەنەوە، لارییان نییە لە وردبینیکردنی تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک بەو مەرجەی نەبێتە هۆی پەکخستنی هەڵبژاردن و بخرێتە دوای هەڵبژاردنی مانگی 12 ی ئەمساڵەوە. لایەنی عەرەبی و تورکمانیش تۆمەتبار دەکەن بەوەی دەیانەوێت تۆماری دەنگدەران بکەنە بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

لە دوای ڕووخانی حکومەتی بەعس لە ساڵی 2003، تەنها لە ساڵی 2005 هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامدراوە، ئەوکات لە کۆی 41 کورسی ئەنجومەنەکە، لایەنە کوردییەکان 26 کورسییان بەدەستهێنا.

ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای داهاتووی کەرکوک لە 41 ئەندامەوە بۆ 15 ئەندام کەمکراوەتەوە. پێکهاتەکانی شارەکە لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتوو ڕکابەری دەکەن بۆ بردنەوەی زۆرترین کورسی لەو 15 کورسییە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:37 0:00
XS
SM
MD
LG