Accessibility links

فرانک مککێنزی بۆ VOA: ئامانجی ئێران ئەوەیە ئەمەریکا ناچار بکات ناوچەکە بەجێبهێڵێت


سوپای ئەمەریکا لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا، چەندین شوین و عەمباری چەک و تەقەمەنی ئێران و هێزەکانی سەر بەو وڵاتەی لە سوریا کردووەتە ئامانج. دوایین هێرشی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە،12ی ئەم مانگە بوو. واشنتن دەڵێت ئەم هێرشانە وەڵامێکە بۆ هێرشە بەردەوامەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق کە تێیاندا دەیان کەس بریندار بوون.

بەڵام چەکدارانی سەر بە ئێران هێرشەکانیان ڕانەگرتووە و لە دوایین هێرشیشدا ڕۆژی سێشەممە، 14ی ئەم مانگە بە چەندین مووشەک هێرشیان کردەوە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئێستای ئیسرائیل و حەماس، هێرشەکان بۆ سەر هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق توندتر بوون. بەرپرسانی بەرگری ئەمەریکاش دەڵێن چەکدارانی سەر بە ئێران لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا نزیکەی 60 جار هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

فرانک مەککێنزی، فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە هێرشی گرووپەکانی سەر بە ئێران دەڵێت "ئامانجی درێژخایەنی ئێران ئەوەیە کە ئەمەریکا ناچار بکات ناوچەکە بەجێبهێڵێت و بەم مەبەستەش مەیدانی شەڕی سەرەکی بۆ ئێران هێزەکانمانن لە عێراق و لە سوریا."

ئەمەریکا لەدوای زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی، بوونی سەربازی خۆی لە ناوچەکە زیاد کردووە، دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگر و کەشتی جەنگی دیکە و نزیکەی 2000 هێزی دەریایی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.

مەککێنزی دەشڵێت " پێموایە ئەوەی پێویستە بیکەین ئەوەیە کە ئێران قەناعەت پێبکەین کە ئێستا کاتی پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان نییە، بۆ ئەم مەبەستەش زۆر شتمان کردووە بۆ ئەوەی لە ڕاستیدا ئەو خاڵەیان بۆ بخەینە ڕوو. وەک ناردنی هێزی شەڕکەری زیاتر و ناردنی 2 فڕۆکە هەڵگر و ژێردەریایییەکی مووشەکی بۆ ناوچەکە. ئێران بەمانە دەزانێت و بە وردی حیسابیان بۆ دەکات و لە ڕووی مێژووییەوە بەڵگەی زۆر هەیە کە ئێران لە کاتی لەم شێوەیەدا کە بزانێت ڕووبەڕووی هێزی قورسی سەربازیی ئەمەریکا دەبێتەوە، ڕەفتارەکانی میانڕەوتر دەکات."

لە لایەکی دیکەوە زۆرێک لە کۆمارییەکان ڕەخنە لە سیاسەتی بایدن دەگرن کە هەنگاوی پێویست لە دژی ئێران ناگرێتە بەر. سیناتۆر لیندسی گراهامی کۆماریخواز دەڵێت "ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەر سەربازەکانمان لە سوریا و عێراق، وەڵامی سەربازی دروست، بە بڕوای من، لێدانی بنکەکانی ڕاهینان و ژێرخانەکانی سوپای پاسداران لە ناوخۆی ئێران دەبێت."

زۆرێک لە بەرپرسانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا بە نیگەرانییەوە چاو لە ڕووداوەکانی داهاتوو دەکەن و نیگەرانن لەوەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس پەرە بسێنێت و وڵاتانی دیکەش بگرێتەوە. ژەنەڕاڵ مەکێنزی لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " پێموایە چەند ڕۆژی داهاتوو هەستیار دەبن و دەبینین کە ئایا ئێران وانە وەردەگرێت و چالاکییەکانی هێور دەکاتەوە یان بەردەوام دەبن لە دروستکردنی قەیران و هێرش."

ئەو ژەنەڕاڵە ئەمەریکایە دەشڵێت "ئێران ئەگەر بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەر هێزەکانمان و زیان گەیاندنی بەرچاو بە هێزەکانمان، ئەوا ڕووبەڕووی وەڵامی قورس دەبنەوە و ئەوە ئەگەرێکی زۆر ڕاستەقینەیە لە ئێستادا، لەبەر ئەوەی ئێمە هێزی شەڕکەری زیادەمان بردووەتە ناوچەکەوە. زۆر جار ئێمە بە شێوەیەکی زارەکی و بە بێ ئەوەی کارێک بکەین، هەڕەشەمان کردووە و ئەوەش بوێری کردوون. بەڵام ئەمجارەیان جیاوازە."

لە کاردانەوە بە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی گرووپە بە وەکالەتەکان کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانیان لێدەکات بۆ سەر بنکەکانی سوپای ئەمەریکا لە عێراق و سوریا، ئەمەریکا کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە "لایەنگری چالاک"ی ئەو هێرشانەی ناوبرد، بەڵام بەرپرسانی ئێران دەڵێن ئەو گرووپانەی کە هێرشەکان دەکەن و بە "هێزی خۆڕاگری" ناویان دەبات، فەرمان لە تاران وەرناگرن و ئێرانیش بەرپرسیار نییە لەو هێرشانە.

XS
SM
MD
LG