Accessibility links

سەرۆک بایدن بە ئیسرائیل دەڵێت داگیرکردنی غەززە هەڵەیەکی گەورە دەبێت


جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، بە ڕوونی بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، چارەسەری دوو دەوڵەتی تاکە چارەسەرە بۆ کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و داگیرکردنی غەززە هەڵەیەکی گەورە دەبێت.

بایدن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە، بەڵام ئەوە بە مانای ناردنی سوپای ئەمەریکا نایەت.

سەرۆک بایدن لەم هەفتەیەدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، پەیامەکەی بۆ بارمتەکان ئەوەیە "چاوەڕێ بن، ئێمە دێین"، ئەمەش پرسیاری زۆری بە دوای خۆیدا هێنا سەبارەت بەوەی مەبەستی چییە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا بایدن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونیکردەوە و وتی: "مەبەستم ئەوەیە هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی ڕزگاریان بکەم، من باسی سەربازیم نەدەکردووە."

بایدن وتی بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەسەر ئەو پرسە و تا ئەو کاتەی بارمتەکان ئازاد دەکرێن ناوەستێت، لەنێویاندا منداڵێکی سێ ساڵانی ئەمەریکایی.

قەتەر کە حەماس نوسینگەیەکی سیاسی هەیە لەوێ، نێوەندگیری لە نێوان گرووپە چەکدارە ئیسلامیەکە و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلدا کرد بۆ ئازادکردنی زیاتر لە 240 بارمتە، دوای ئەوەی لە کاتی هێرشە کوشندەکەی 7ی مانگی دەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ڕفێنران. ئیسرائیل دەڵێت لە هێرشەکەدا هەزار و 200 کەس کوژراون.

پاشان ئیسرائیل بۆردومانێکی بێوچانی بۆسەر غەززە دەستپێکرد کە لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدایە و لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا دەستیکرد بە لەشکرکێشی بۆ سەر ئەو ناوچەیە، بەپێی وتەی بەرپرسانی فەلەستین زیاتر لە 11 هەزار کەس کوژراون کە نزیکەی لەسەدا 40یان منداڵن و چەندین کەسی دیکەش لەژێر داروپەردووی خانووە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە.

بایدن بەیاننامەکەی وتەبێژی کۆشکی سپی دووپاتکردەوە و گوتی حەماس تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات بە دانانی بارەگای سەربازیی لە ژێر نەخۆشخانەیەکدایە، هەروەها متمانەی بە هەواڵگری ئەمەریکا هەیە کە پشتگیری لەو "ڕاستییە" دەکات.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG