ڕێکخراوی یونیتادی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و بە بەڵگەکردنی تاوانەکانی چەکدارانی داعشە دەرهەق بە کاکەییەکانی نیشتەجێی ناوچە جێناکۆکەکان; لە نزیکەوە ئەو کاکەییانە دەبینن کە بریندارن یاخود کەسوکاری قوربانییەکانن.
رەجەب کاکەیی، سەرۆکی ڕێکخراوی میترا بۆ پەرەپێدان و ڕۆشنبیری یارسانی کە لەگەڵ تیمی ڕێکخراوی یونیتاد دا بووە لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ڕێکخراوی یونیتادی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەی سێ ڕۆژە لەکەرکوک و خانەقین سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن، وتەی ئەو کاکەییانە وەردەگرن کە زەرمەندی دەستی داعشن."
کاکەیی یاخود یارسان، بەیەکێک لە کەمایەتییە ئاینییەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و پەیڕەوکەرانی نیشتەجێی ژمارەیەک لە گوندەکانی دەوروبەری کەرکوک، خانەقین، دەشتی نەینەوا و ناوچەی هاواری پارێزگای هەڵەبجەن.
بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی میترا کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، 254 هاوڵاتی کاکەیی لەسەر دەستی گروپە چەکدارەکان کوژران و نزیکەی 400 کەسیشیان بریندارکراوە.
رەجەب کاکەیی دەڵێت، "ڕێکخراوی یونیتاد ئەو بەڵگە و زانیارییانەی کۆی دەکەنەوە دەیدەنە حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی زانیاریدا. هەروەها دەیدەنە وڵاتە ئەوروپییەکانیش کە هەندێک چەکداری داعش هەڵاتوون بۆ ئەو وڵاتانە تا بدرێنە دادگا."
هێرشکردنە سەر گوندی شەشەی کاکەیی نیشین لە ساڵی 2017، کە بووە هۆی کوژرانی کەسایەتییەکی کاکەیی بە ناوی حسام کاکەیی و هاوسەرەکەی و کوڕێکی، هەروەها بوک و کوڕەکەشی لەلایەن داعشەوە ڕفێنران و دواتر ئازادکران، یەکێکبوو لەو ڕووداوانەی دەنگدانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دروستکرد.
بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنییەوە زیاتر ئەو گوندە کاکەیی نیشینانە کەوتوونەتە بەر پەلامارو هێرشی گروپە چەکدارە توندڕەوەکان کە لە ناوچە کێشەلەسەرەکانن. بەم هۆیەوە لەکۆی 15 گوندی کاکەیی سنوری کەرکوک، نزیکەی 10 گوندیان چۆڵکراون.
تا ئێستا چوار مەزارگەی کاکەییەکان لە سنوری دەشتی نەینەوا تەقێنراونەتەوە، کە بریتین لە مەزارگەکانی سێ مەلەکە، باوەحەیدەر و شاهەیاس.
ئەمیر کاکەیی، کە لە هێرشێکی داعشدا لە مانگی 10 ی ساڵی 2016 لە کەرکوک برینداربووە و لەلایەن ڕێکخراوی یونیتادەوە وەکو شایەتحاڵ وتەی لێوەرگیراوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "نەتەوە یەکگرتووەکان وتەیان لە پۆلێک گەنجی کاکەیی وەرگرت و من یەکێک بووم لەو گەنجانە، لەکاتی هێرشەکانی داعشدا ئەوەی بینیمان باسمان بۆ کردن."
دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا پەیوەندی بە ڕێکخراوی یونیتادەوە بکات، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئەنجام بوون.
ڕێکخراوی یونیتاد، ڕێکخراوێکی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانە و بە بڕیاری ژمارە ( 2379) لە ساڵی 2017 دامەزراوە. ڕێکخراوەکە ئەرکی پشتگیریکردنی هەوڵە ناوخۆییەکانی پێ سپێردراوە بۆ بە تاوانبارناساندنی ڕێکخراوی داعش لە ڕێگەی پاراستن و کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانەکانی ئەو ڕێکخراوە.