Accessibility links

چەند لایەنێکی شیعەی عێراق هەوڵی کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانی یۆنامی دەدەن


چەند لایەنێک لە شیعەکانی عێراق داوای کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق دەکەن، بە بیانووی ئەوەی عێراق لە هەموو بوارەکاندا گەشەیکردووە و پێویستی بە بوونی نێردە دیپلۆماسییەکان نەماوە.

ڕۆژی 7 ی مانگی یازدە، یۆنامی لە بەیاننامەیەکدا، ڕایگەیاند،" ڤۆڵکەر پێرێتز، نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕەوانەی عێراق کردووە و لە ڕۆژی 6ی مانگی یازدەوە تا ڕۆژی 27 هەمان مانگ لە عێراق دەمێنێتەوە. سەرەڕای ڕاوێژکردن لەگەڵ حکومەتی کوەیت، بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبینێت و هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی یۆنامی دەکات، دواتر بە ڕاپۆرت ئەنجامی سەردانەکەی دەداتە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان."

شوان داودی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەندێک لایەن پێیانوایە یۆنامی دەستوەردان لە کاروباری عێراق دەکات، ڕاپۆرتەکانی یۆنامی کاریگەری هەبووە لەسەر ڕای نێودەوڵەتی لەسەر عێراق و ئەمەش هەندێک لایەنی نیگەرانکردووە."

ڕۆژی 14ی مانگی یازدەی 2023، قەیس خەز عەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق لە دوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڤۆڵکەر پێرێتز، نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا داوامان کرد کۆتایی بە ئەرکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بێت، چونکە عێراق لە هەموو بوارەکاندا گەشەیکردووە و پێویستی بە نێردە دیپلۆماسییەکان نەماوە."

لە بەرامبەردا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڤۆڵکەر پێرێتز، نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لەسەر پێویستی مانەوەی ئەرکی یۆنامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و گرنگی کاراتربوونی ڕۆڵە سیاسییەکەی کرد.

لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، سەمیر غەتاس، وتەبێژی یۆنامی، ڕایگەیاند،"بەیاننامەکەی ڕۆژی 7 ی 11 یۆنامی، ڕای کۆتایی ئێمەیە."

شوان محەمەد ڕۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی داواکاری لایەنە شیعەکان بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانی یۆنامی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "نازانم بۆچی هەوڵی کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانی یۆنامی دەدرێت و بابەتەکە دەوروژێنرێت، ڕەنگە مەسەلەکە پەیوەندی بە بارودۆخی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانەوە هەبێت."

ڕۆژی 30ی مانگی پێنجی 2023 ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی یۆنامی تاوەکو 31ی پێنجی2024 درێژکردەوە. ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد، هاوکاری حکومەتی عێراق بکات بۆ ڕەخساندنی دیالۆگی ئاسایشی نیشتمانی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی عێراق.

شوان محەمەد رۆستەم، وتی،"هێشتا لە عێراق کێشەی سیاسی و مرۆیی گەورە هەن، هەر لە مەسەلەی ئاوەدان نەکردنەوەی بەشێک لە ناوچەکان و مانەوەی خەڵکانێکی زۆر لە ئاوارەییدا، یۆنامی هاوکارێکی گەورەیە لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانەدا."

هەروەها وتیشی، "یۆنامی ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە پرۆسەی سیاسی و چەسپاندنی دیموکراسی و هاندانی لایەنەکان بۆ پێکەوە کارکردن."

بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەرکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بریتییە لە: ئامۆژگاریکردن، هاوکاریکردن و پشتگیریکردن لە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

رەجەب عاسی، کە چالاکوانێکی کوردی شاری کەرکوکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەلایەن یۆنامییەوە کۆمەڵێک خەڵکی نوخبە بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک کراوین، تا پێکەوە هەڵسەندگان بۆ کارەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بکەین."

ئەو وتیشی،"ئێمە لە کۆبوونەوەکەدا داوای بەردەوامی یۆنامی لە عێراق دەکەین. یۆنامی لێرەیە و مافەکانمان دەخورێت، گەر یۆنامی بکشێتەوە بە ڕۆژی نیوەرۆ کورد و پێکهاتەکان لە عێراق دا مافخوراو دەبن."

یۆنامی لە ساڵی 2003 لەسەر داوای حکومەتی عێراق و بە بڕیاری ژمارە 1500 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە. جنین پلاسخارتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سەرباری تۆمەتبارکردنی بە دەستوەردان لەکاروباری عێراق، بەڵام بەردەوام جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان و پێکەوە کارکردنی لایەنەکان دەکات.

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، جنین پلاسخارت بەردەوام داوای یەکگرتووی کورد و چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردی کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:21 0:00

XS
SM
MD
LG