Accessibility links

نیاز عەبدوڵا خەڵاتی ئازادی ڕۆژنامەگەری خۆی پێشکەش بە ژینا، دەمیرتاش، مەزلوم کۆبانی و زیندانیانی بادینان کرد


کۆمیتەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان (CPJ) لە نیویۆرک، 17ی ئەم مانگە لە ئاهەنگێکدا، خەڵاتی نێودەوڵەتی ئازادی ڕۆژنامەگەری (IPFA) بەخشی بە چەند ڕۆژنامەوانێک کە بە هۆی کارەکانیانەوە ڕووبەڕووی ئازاری جەستەیی و دەروونی حکومەتەکان بوونەتەوە، لە نێویاندا نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەوانی کورد یەکێک لەو کەسانە بوو کە خەڵاتی ساڵانەی ئەو ڕێکخراوەیەی پێبەخشرا.

نیاز عەبدوڵا بەهۆی ڕاپۆرتەکانی لەسەر گەندەڵی، نائارامی مەدەنی، سەرکوتکاریی حکومەت، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و مافی زیندانییەکان لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەی گرتن و کوشتن بووەتەوە.

نیاز عەبدوڵا لە ئاهەنگی خەڵات بەخشینەکەدا گوتی خەڵاتەکە پێشکەش دەکەم بە سمبولی ئازادی لە هەموو پارچەکانی کوردستان، بە زیندانیانی بادینان، ژینا ئەمینی، سەڵاحەدین دەمیرتاش و مەزڵوم عەبدی.

ئەو ڕۆژنامەوانەی دانیشتووی فەرەنسا هەروەها لە وتارەکەیدا لە نیویۆرک گوتی "عێراق و کوردستان بوون بە دۆزخی ڕۆژنامەنووسان" و ئەماژەی بەوەکرد کە زیاتر لە سێ ساڵە چەند ڕۆژنامەوانێکی هەرێمەکە بە هۆی ڕاپۆرتەکانیان لەسەر گەندەڵی و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە زیندانی بادینان ڕۆژانێکی قورس تێدەپەڕێنن و ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەشکەنجە و دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە.

گوتیشی "دەیان ڕۆژنامەوان لە هەرێمی کوردستان لە لایەن دەزگاکانی ئاسایشەوە کەوتوونەتە ژێر چاودێری و لێپێچینەوە و هەندێ جار ڕۆژنامەوان دەڕفێندرێن و لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی زۆرەملێیان لێوەردەگیرێت."

خەڵاتی ئازادی ڕۆژنامەگەریی کۆمیتەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان بە ناوی ڕۆژنامەنووس و پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی ئەمەریکایی گوین ئیفڵەوە ناونراوە کە لە ساڵی 2016 بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.

XS
SM
MD
LG