ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی کەمبووەتەوە، بە شێوەیەک کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەندێک کێڵگەی نەوت کارەکانیان ڕاگرتووە و نەوت بەرهەم ناهێنن.
کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا کە دەکەوێتە ناوچەی گەرمیانەوە، 4 بیرە نەوتی و کۆمپانیای گازپرۆم ی ڕوسی تێیدایە و لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی، سێ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە.
تەها ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرەتای ساڵی 2023 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا 13 هەزار بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا، بەڵام ئێستا بەرهەمێنان بۆ 10 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دابەزیووە."
لەو چوار بیرە نەوتییەی کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا کە کۆمپانیای گازپرۆم تێیدا کاردەکات، زۆرترین نەوت لە بیرە نەوتی حەسیرە بەرهەم دەهێنرێت بەراورد بە سێ بیرە نەوتییەکەی تر، هەروەها کۆمپانیاکە سەرکەوتوو نەبوو لە لێدانی بیرە نەوتی پێنجەم بەهۆی کەمی نەوتەوە.
تەها ئیبراهیم، دەڵێت،"نەوت لە بیرە نەوتییەکانی کێڵگەی نەوتی سەرقەڵا کەمبووەتەوە، بۆیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیش دابەزیووە."
دوای ئەوەی عێراق سکاڵاکەی لە ژووری پاریس ی دادگای نێوبژیوانی لە تورکیا بردەوە، لە کۆتایی مانگی 3 ی ساڵی 2023 ەوە، ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوەو کۆمپانیا نەوتییەکان دووچاری گرفتی دارایی بوونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرژی تورکی، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگە نەوتییانەی کە کۆمپانیاکە تێیدا بەشدارە بە تەواوەتی کەمبووەتەوە، بە جۆرێک نەوت لە هەندێک کێڵگە بەرهەم ناهێنرێت.
کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرژی تورکی، ڕایگەیاندووە،"لە چارەکی سێیەمی ساڵی 2023 دا، لە کێڵگەی نەوتی تەقتەق ئاستی بەرهەمێنان 100% دابەزیووە، لەکاتێکدا لە چارەکی یەکەمی هەمانساڵدا، ئەو کێڵگەیە ڕۆژانە 3 هەزارو 610 بەرمیل نەوت بەرهەمی بووە. هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی سارتەش 100% دابەزیووە، لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ دا، ڕۆژانە 3هەزار و 160 بەرمیل نەوت لەم کێڵگەیە بەرهەمهێنراوە."
محەمەد حسێن، شارەزای بواری نەوت و وزە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کۆمپانیاکان نەوت دەردەهێنن و بە هەرزان دەیفرۆشن، بۆیە لەو کێڵگانەی بەرهەمی نەوتییان کەمە، ئیشەکانیان ڕاگرتووە، چونکە خەرجییان زۆرە."
ئەو وتیشی،"لەهەر کێڵگەیەک بەرهەمی نەوتی کەمبێت و تێچوو زۆربێت، کۆمپانیاکان ناچارن ئیشەکانیان ڕابگرن."
بەپێی ڕاپۆرتەکەی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرژی تورکی، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ 25 هەزار و 980 بەرمیل نەوتە، لەکاتێکدا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ڕۆژانە 93 هەزارو 880 بەرمیل نەوت بەرهەمهێنراوە.
محەمەد حسێن، دەڵێت،"لەو کێڵگانەی گەورەن و کۆمپانیاکان بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوان دەیانەوێت هەندێک لە قەرزەکانیان لای حکومەتی هەرێم بەرنەوە، ناشیانەوێت ئەو کێڵگانە دابخەن بە ئومێدی دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوت."
لە ڕۆژی 15 ی مانگی 2 ی ساڵی 2023، دادگای فیدراڵی عێراق پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە نایاسایی و نادەستوری وەسفکرد، حکومەتی هەرێمی پابەندکرد بە ڕادەستکردنی نەوت و غاز بە حکومەتی عێراق.
ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و گرێبەستییان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە، لە مانگی 3 ی ئەمساڵەوە دووچاری گرفتی گەورە بوونەتەوە، بەو پێیەی ناردنە دەرەوەی نەوت ڕاگیراوەو عێراق بە گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەرێم ڕازی نییە.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەزیری نەوتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کۆمپانیا نەوتییەکان و ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، سەردانی شاری هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم دا گفتووگۆی کرد.
محەمەد حسێن، شارەزای بواری نەوت و وزە، ڕایگەیاند،"عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێم دا ڕێککەوتووە پێکەوە کارئاسانی بکەن بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت."
ئەو وتیشی،"گفتووگۆکانی هەرێم و بەغدا بەو ئاراستەیەن، عێراق شتێک زیاتر بداتە کۆمپانیا نەوتییەکان لەوەی کە لەیاسای بودجەدا هاتووە، هەروەها گرێبەستەکانیشیان بگۆڕێت بۆ هاوبەشی لە قازانج نەک هاوبەشی لە بەرهەم، بەڵام هێشتا کۆمپانیاکان بەمە ڕازی نین."