هێرشی میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا بەردەوامە، توێژەرێکیش لە نێوەندی واشنتن دەڵێت میلیشیاکان هێرشەکانیان لە باڵیۆزخانەو کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا دوورخستووەتەوە لە پێناو توڕە نەکردنی ئەمەریکا.
دکتۆر بیلال وەهاب، توێژەر لە نێوەندی واشنتن بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هێرشی میلیشیاکان ڕوو لە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکایە، تا بیسەلمێنن بەشێکن لە بەرەی موقاوەمە. ئەوان خۆیان لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەو کونسوڵخانەکان بەدوور دەگرن، تا سەرکردەکانیان هاوشێوەی ساڵی 2019 نەکرێنە ئامانج."
بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمەریکا، هێزەکانیان لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا ڕووبەڕووی 61 هێرشی جۆراوجۆر لە عێراق و سوریا بوونەتەوە، کە 29 هێرشیان لە عێراق و 32 هێرشیان لە سوریا بووە.
بیلال وەهاب دەڵێت،"میلیشیاکان درۆن بۆ هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە بری ساروخ و موشەک بەکاردەهێنن، لەم ڕێگەیەوە بینایەکی چۆڵ یاخود کۆگا دەکەنە ئامانج، خۆیان لە کوشتنی سەرباز بەدوور دەگرن. لەلایەک ئەو کارە دەکەن کە وەکو بەرەی موقاوەمە دەبێت ئەنجامی بدەن، لەلاکەی تریش خۆیان بەدوور دەگرن لەشەڕی گەورە لەگەڵ ئەمەریکا."
هەروەها وتیشی،"ساڵی 2019 کاتێک هێزە شیعەکان بەڵێندەرێکی ئەمەریکییان لە کەرکوک کوشت، وەڵامدانەوەی بە هێزی ئەمەریکای بەدوادا هات. هێرشی ئێستای شیعەکان جۆرێک لە باڵانسی تێدایە، بەڵام لە حاڵەتی ڕوودانی هەڵەدا، ئەگەری تێکچوونی ئەم باڵانسەو وەڵامدانەوەی بەهێزی ئەمەریکا هەیە."
هێرشی چڕی هێزە شیعەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە ڕۆژی 7 ی مانگی 10 ەوە دەستیپێکردووە، بە تایبەت ئەمەریکا لەلایەن هێزە شیعەکانەوە بە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکرێت.
توێژەرەکەی نێوەندی واشنتن بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک، پێیوایە ئەمەریکا وەڵامی هێرشی میلیشیاکانی لە سوریا داوەتەوەو هەندێک لە گروپەکانیشی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، ئەمە جگە لەوەی هەندێک لە سەرکردەکانیشیان لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە سزادراون.
دکتۆر بیلال وەهاب وتی،"پەیامی دیپلۆماسی ئەمەریکا ئەوەیە ئازارمان مەدەن، با ئازارتان نەدەین. هەروەها بەرپرسانی ئەمەریکا پەیامی جدیشیان بە حکومەتەکەی سودانی گەیاندووە. بۆیە میلیشیاکان دەبێت ئەزعەفولئیمان شتێک بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نایانەوێت ئەمەریکا توڕە بکەن و دۆخەکە لە خۆیان تێکبدەن."
ئەو وتیشی،"میلیشیاکان گەر شەڕی ئەمەریکا بکەن پارەو دەسەڵات لەدەست دەدەن، بۆیە مانەوەو پارێزگاریکردنیان لە دەستکەوتەکانیان لا گرنگترە وەک لەوەی بچنە شەڕێکەوەو بدۆڕێن.بۆیە دەیانەوێت ئێران ڕازی بکەن، ئێرانیش لەناوچوونی حەماسی پێ باشترە تا لەناوچوونی هەموو گروپەکان."
سەرباری هێرشی هێزە شیعەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا، بەرپرسانی ئێرانیش ناو بەناو هۆشداری لە فراوانبوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەدەن، لە حاڵەتی ڕانەگرتنی هێرشەکاندا.
بە بڕوای دکتۆر بیلال وەهاب، ڕای ئێران و میلیشیا شیعەکان لە یەکترییەوە نزیکە و هەردوولایان فراوانبوونی شەڕیان ناوێت.
بیلال وەهاب دەڵێت،"حەماس تازە بووەتە کارتێکی ئێرانی، بۆیە ئێران پێیوایە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئامانجی خۆیان پێکاوە، لاوازی ئیسرائیلیان دەرخستووە و گورزێکی گەورە بەر ئیسرائیل کەوتووە. هەروەها ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئیسرئیل و سعودیەشی دواخستووە، بۆیە گەر حەماس لەناویش بچێت بۆ ئێران کێشە نییەو میلیشیاکانی تر ناکاتە قوربانی."
هێرشی هێزە شیعەکان زیاتر بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکایە لە عەینولئەسەدی پارێزگاری ئەنبارو فڕۆکەخانەی هەریری هەولێر، لە کاتێکدا ئەم ناوچانە ناوچەی سونەنیشین و کوردنیشینن.
دکتۆر بیلال وەهاب ڕوونیکردەوە، گەر شیعەکان لەبەغدا دەستبوەشێنن حکومەتی عێراق لەکەدار دەکەن، بەڵام کاتێک هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچە سونی و کوردییەکانە، ئەو گروپانە کەمتر زەرەر دەکەن.
ئەو دەڵێت،"پێش شەڕی غەزەش هێرشی شیعەکان بۆ سەر هەولێر هەبووە، کێڵگە نەوتی و غازییەکانی هەرێمیان کردووەتە ئامانج، هێرشی سەر فڕۆکەخانەی هەریر بەشێکە لەو فشارە هەمە لایەنە ئابووری و سەربازی و سیاسییەی عێراق دەیکاتە سەر هەرێم."
لە ڕۆژی 9 ی مانگی 11، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی شاری هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم دا کۆبوویەوە و لەکاتی سەردانەکەیدا فرۆکەخانەی هەریر بۆمبارانکرا.
ئەوکات زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو گروپانە ڕێنمایی لە وڵاتانی هەرێمایەتییەوە وەردەگرن. دەیانەوێت شەڕی غەزە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بگوێزنەوە."