Accessibility links

مامۆستایەکی ئایینی کورد لە ئێران دەستگیر دەکرێت


مامۆستا حەسەن فەتحی خزرلەک، چالاکوانی ئایینی
مامۆستا حەسەن فەتحی خزرلەک، چالاکوانی ئایینی

بە گوێرەی زانیاری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مامۆستا حەسەن فەتحی خزرلەک، چالاکوانی ئایینی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکانەوە دەستبەسەرکراوە.

ئەو مامۆستایە یەکێک بووە لە چالاکوانانی ئایینی خەڵکی بۆکان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ناسراو بە "ژن، ژیان، ئازادی"‌دا دەستبەسەر کرابوو.

هەروەها ڕێکخراوی کوردپا، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ئاگایی دەدات کە بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تاکو ئێستا لە هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم مامۆستا ئایینییەی کورد، زانیارییان دەست نەکەوتووە.

کوردپا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم مامۆستایە پێشتریش دەستبەسەرکراوە و لە مانگی 3ی ساڵی 2023، پاش دوو مانگ لە دەستگیرکردنی بە کەفالەت بۆ ماوەیەکی کاتی ئازاد کراوە.

وەک ئەو ڕێکخراوانە ئاماژەی پێ دەکەن، ئەم مامۆستایە کە وەک پێش نوێژخوێنی مزگەوتی گوندی قازڵیانی بۆکان خزمەت دەکات، ئێستا لە لایەن ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تەنانەت بنەماڵەکەشی لێی ئاگادار نەکراوەتەوە.

هەڵبەت گوشارهێنان و دەستبەسەرکرانی مامۆستایانی ئاینی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ڕابردوو‌دا هەر هەبووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی میدیا کە مانگی 3ی ساڵی 2023 بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە کە لە ماوەی چەند مانگێکدا ژمارەیەک لە مامۆستایان لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشتی دادگا کراون یان گوشاریان خراوەتە سەر بۆ ئەوەی لە هەڵوێستی خۆیان کە پشتگیریکردن لە خۆپێشاندەران بووە، پاشگەز ببنەوە.

ماڵپەڕی ڕووداو ئاماژەی بەوە کردووە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین مامۆستای ئایینی لە ئێران دەستگیرکراون و سزای قورسیش بەسەریاندا سەپێندراوە.

XS
SM
MD
LG