دوای دورخستنەوەی مەحەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ 22ی مانگی 11 پەرلەمان دانیشتنی نائاسایی ئەنجامدەدات بۆ "کردنەوەی دەرگا" بەرەو دەستنیشانکردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان.
سوننەکان دەڵێن دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕالی سورن لەسەر پاراستنی پێگەیان لە عێراقدا و نەکشانەوەیان لە پرۆسەی سیاسی. پەڕلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت ئەم بارودۆخە سیاسییەی لە پاش دوورخستنەوەی حەلبوسی لە بەغدا دروستبووە هێزە کوردییەکانی توشی "ئیحراجی کردووە."
محەمەد فازڵ پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سەروەری سوننە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە لە پرۆسەی سیاسی ناکشێینەوە و پێگەی عەرەبی سوننە لە عێراقدا دەپارێزین."
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی ڕاگەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چوار شەممە 22ی 11 پەرلەمانی عێراق بۆ دوو تەوەر دایشتنی نا ئاسایی خۆی دەبەستێت. تەوەری یەکەم تایبەتە بە کردنەوەی دەرگا بۆ پاڵاوتن و دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێی پەرلەمان. تەوەری دووەمیش بۆ دەنگدانە لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
لایەنە سیاسیەکانی عێراق لە چاوەڕوانی سونەدان بۆ دەستنیشناکردنی کاندیدێکی نوێ و پڕکردنەوەی جێگەکەی حەلبوسی کە بە مافی سوننەکان هەژماردەکرێت و لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت لایەنی سونی 6 کاندیدی جیاوازی هەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو جێگەیە. هەر بۆیە چاودێران یەکلاکردنەوەکە لە بەیانیدا ئاسان نابینن.
لەو بارەیەوە مەحەمەد فازڵ ڕایگەیاند، "لە گفتووگۆداین بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم قۆناغەدا و بێگومان لە کۆبونەوەکانی داهاتوماندا قسەمان لەسەر بژاردەکانمان دەبێت."
بە پێی بەندی 12 لە بڕگەی سێیەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران یان یەکێک لە دوو جێگرەکەی بەتاڵ بوو، ئەنجومەنی نوێنەران لە یەکەم دانیشتندا یەکێک لە جێگەی هەڵدەبژێرێت.
هەروەها، چاوەڕواندەکرێت هەڵبژاردنەکە بە پێی پرەنسیپی هاوسەنگی سیاسی نێوان لیستەکان بێت، واتە دەبێت کاندیدەکە لە سوننەکان بێت.
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراکسیۆنی پارتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "خیلافی یاسایی لەسەرە ڕایەک هەیە کە دەڵێت دەبێت ئیللا سبەی سەرۆک هەڵبژێردرێت و نابێ بکەوێتە دانیشتنی دووەم."
وتیشی،"تێپەڕاندنی یاساکە قورسە، بۆ ئێمە، لە ڕاستیدا ئیحراجیە، چونکە دەبێت بڕیاردەین دەنگ بە یەکێکیان بدەین، زۆربەشیان دۆستن لەگەڵماندا، بەتایبەت ئێمە پێشتر ڕێکەوتنی هاوبەشمان هەبووە."
لەسەر دیاریکردنی ئەو کەسانەی کە پاڵێوراوی بەهێزن بۆ ئەم پۆستە، شوان محەمەد وتی، "قسەیەک هەیە [سەرۆکی پەرلەمان] جارێک خەڵکی ئەنبار بووە جارێک لە موسڵ و جارێک لە دیالە بووە. ئەم جارە قسە لەسەر ئەوەیە کە لە بەغداد بێت."
هەرچەندە بە پێی بەندی 12 بێت دەبێت سبەی دەنگ لەسەر یەکلاکردنەوەی جێگرەوەکەی حەلبووسی بدرێت، بەڵام بە ڕای ڕاوێژکارێکی پێشووی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بێت، لایەنە سیاسیەکانی عێراق "ڕەچاوی" دۆخەکە دەکەن و ڕەنگە بڕیارەکە دوابخەن لە ئەگەری یەکلانەبوونەوەی سوننەکاندا، چونکە "تێکچوونی دۆخی سیاسی عێراق لە بەرژەوەندی هیچ کام لە لایەنەکاندا نییە."
ئەمین بەکر، ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "شیعەکان ڕەچاوی ئەوە دەکەن هاوکێشەی سونە وەک خۆی بهێڵنەوە، چاوەڕێی ڕای سوننە خۆیان دەکەن، ئەم چۆڵبوونە حەتمیە بە پێی بڕیاری دادگا واتە بە دەستلەکارکێشانەوە نییە و دوو دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانیش کراوە."
وتیشی، " پێموانیە بتوانن سبەی یەکلا ببێتەوە، چونکە لە ناو خۆشیاندا ییەکلا نەبوونەتەوە، پێشم وانییە هێزە هاوپەیمانەکانی شیعەش بیانەوێت ئەم هاوکێشەیە بە یەکجاری تێک بدەن، چونکە حکومەتەکە لەسەر ئەو بنەمایە دورست بووە . بۆ کاندیدکردنی یەکێک پێم وایە گوێ لە تەقەدوم و سیادە دەگرن."