جاران دەیانوت پێم بڵێ هاوڕێکەت کێیە هەتا پێت بڵێم خۆت کێیت، ئێستا پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن، پێمان بڵێ خواردن و جموجۆڵی ڕۆژانەت چییە و چۆنە هەتا پێت بڵێین تەندروستیت چۆنە.
بەردەوامیدان بە خۆراکی پڕ چەوری و شیرینی و کەمکردنەوەی جوڵە بەهۆی بەکارهێنانی زیاتری ئۆتۆمبیل و بەسەربردنی کاتێکی زۆر لەسەر مۆبایل و ئامێری دیکەی ئەلیکترۆنی هۆکارن بۆ قەڵەوی و سەرئەنجام ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو شەکرە و فشاری خوێن و بەرزبوونەوەی کۆلسترۆڵ.
دەپرسین:
پەیوەندی نێوان خوارەکەکان و نەخۆشییەکان چین؟
کاتی ئەوە هاتووە گۆڕانکاری لە خۆراکەکانماندا بکەین؟
خۆراکە بەسوودەکان چین و هەروەها خۆراکە خراپەکانیش کامانەن؟
جگە لە جۆری خوارک چی دیکە ڕۆڵیان هەیە لە تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان؟
هەتا چەند خەڵکی لە پێناو تەندروستییان بایەخ بە جۆری خۆراک دەدەن؟
بۆچی وەک هەندێک دەڵێن جاران خەڵک ئەو خواردنانەی وەک (نان و برنج و خواردنی چەوری خواردووە کەچی وەک ئەمڕۆ نەخۆشییەکان بەربڵاونەبوون؟
چی بکرێت بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو تەندروست دەربچن، بە تایبەت ئەم نەوەیەی ئێستا زیاتر گیرۆدەی خواردنی ئەندۆمی و پاستا و پیزا و هەمبەرگر و خواردنە خێراکانی ترن؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە و چەندی پرسیاری دیکەی پەیوەست لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ میوانداری دکتۆر سیروان عەبدوڵا عەلی دەکەین کە پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قەڵەوییە و شارەزای خۆراکە تەندروستەکانە.
دکتۆر سیروان عەبدوڵا عەلی:
"ئەوەی من دەیبینم خەڵک گرنگی زۆر بە تەندروستی و زانستی نوێ دەدەن لەسەر خۆراک و شێوازی ژیانیان، چونکە دەبیننن کەسوکار و دراوسێ و دەوروبەری توشی فشاری خوێن و شەکرەبوون. بەداخەوە خەڵکانێک هەن دەچن لەسەر بنەما توێژینەوە کۆنەکان زانیاری بڵاودەکەنەوە کە ئەمەش وایکردووە جۆرێک لەسەر شێواندن بۆ خەڵک دروست ببێت، هەر بابەتێک یا ڤیدیۆیەکی کورت هەبوو لەسەر خۆراک و تەندروستی، با جێی سیقە نەبێت لای خەڵک، چونکە بابەتی لەشی مرۆڤ ئەوەندە جەنجاڵ و ئاڵۆزە و جیاوازە تەنانەت خوشک و برا یان مناڵی ناو خێزان جیاوازن کە ناکرێت لە چەند خولەکێک باس بکرێت، دوای ئەوە مرۆڤ کە سیستمی خەو و خواردن و جوڵەی هەر کەسێک جیاوازە، بە خواردنێکی بچوک چارەسەر نابێت.بابەتی تەندروستی سێ گۆشەیەکە، لوتکەی سەرەوە خەوە، گۆشەی خوارەوەی خواردنە، گۆشەکەی تری وەرزشە، ناکرێت خەڵک بڵێ من وەرزش دەکەم بەڵام دواتر بچێت خواردنی ناتەندروست بخوات."
"پەیوەندی خۆراک و نەخۆشییە سەردەمییەکان پەیوەندی زۆر زۆر بەیەکەوە هەیە، دووابرە دەگەڕێمەوە سەر سێگۆشە تەندروستیەکە کە لوتکەکەی خەوە و ئەوی تر خواردن و جوڵە و وەرزش، خواردن هۆکاری سەرەکی کاریگەرە لەسەر تەندروستی مرۆڤ، و پەیوەندی باڵای هەیە بەنەخۆشییەکانی سەردەمەوە بە شێرپەنجەشەوە."
"هەر خواردنێک لە زەرف یان قوتوودا بوو مەهێڵن منداڵ بیخوات، بە چبس و ئەندۆمی و بسکیتەوە، بابەتی پەروەردەی منداڵ تەنها بەخێوکردن و فێرکردن و قوتابخانە و پەروەردەی نییە، بەڵکو ئاگاداربوونە لە تەندروستی مناڵەکانیان، ئامۆژگاری من بۆ دایک و باوکان ئەوەیە کە پارە نەدەن بەمناڵ، چونکە دەچن بۆ دووکان چبس و پسکیت و شەربەت دەکڕێت، کە ئەمە جگە لەقەڵەوی و کەمی ڤیتامین، ئەگەر مناڵەکە کوڕبێت درەنگ ڕیشی دەردێت و کاریگەری لەسەر هۆڕمۆنی گەشەی پیاوەتی و تەنانەت نەزۆکی لەداهاتوودا دەکات، بۆ کچیش هەروەها کاریگەری لەسەر هۆڕمۆنی گەشەی ژنانە و منداڵدانی ، بابەتەکە بەڕاستی زۆر جدی و گەورە، با دایک و باوکان کە مناڵەکانیان چوون بۆ قوتابخانە پارویەک و میوەیەک و کەمێک گوێز یا چەرەسی تری بۆ بکەنە زەرفێک زۆرباشترە لەبری ئەوەی شتی حانوتی مەکتەبەکەی بکڕێت، جا دایک و باوکان دەڵێن ئاخر مناڵەکانی تر پارەیان پێییە و دەچن خەرجی دەکەن، مناڵەکەی من چۆن دەبێت پارەی پێ نەبێت، منیش لێییان دەپرسم، ئەگەر مناڵی تر دەستی خستە ناو ئاگر تۆ دەهێڵی مناڵەکەی خۆت دەستبخاتە ناو ئاگر دەڵێن نەخێر، دەڵێم کەواتە ئەوە خراپترە لە ئاگر."