Accessibility links

خەلیل شوهانی: حزبە شیعییەکان پێش حزبە کوردییەکان کەوتن و کوردانی فەیلی بەغدایان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا


faily
faily

بەڕێوەبەری کۆمەڵەی وڵاتی کوردە فەیلییەکانی کەرکوک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هیچ کوردێکی فەیلی لە پارێزگای کەرکوک پۆستی باڵای پێنەدراوە، لەکاتێکدا کوردە فەیلییەکانی پارێزگاکە بڕوانامەدار و خەڵکی شارەزاو بەتوانایان تێدایە.

خەلیل شوهانی، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی وڵاتی کوردە فەیلییەکانی کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ڕێگە نادرێ لە کەرکوک پۆستی باڵا بدرێتە کوردی فەیلی و پۆستەکان لەسەر بنەمای لایەنداری دانراون، لایەنەکانیش بە چاوێکی جیاواز لێمان دەڕوانن."

هەرچەندە ئامارێکی ورد لە بارەی ژمارەی کوردانی فەیلی لە شاری کەرکوک لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئاماری نافەرمی ڕێکخراوەکانی سەر بە کوردانی فەیلی، ئەو پارێزگایە نزیکەی 750 خێزانی کوردی فەیلی تێدایە.

خەلیل شوهانی دەڵێت،"کوردانی فەیلی لە کەرکوک دابەشبوون بەسەر حزبە کوردییەکانداو هەموو حزبێکیان تێدایە، بەڵام هەموویان لە ژێر چەتری کوردانی فەیلیدا کاردەکەن."

کوردی فەیلی ژمارەیان بە یەک ملیۆن و نیو مەزەندە دەکرێت، بەشێکیان نیشتەجێی شاری بەغدان، بەڵام بەشی زۆریان نیشتەجێی ناوچە سنورییەکانی نێوان عێراق و ئێرانن لە دیوی هەردوو وڵاتەوە، بە تایبەت پارێزگاکانی دیالەو کوت لەدیوی عێراقەوە.

هەرچەندە کوردانی فەیلی خاوەن شێوەزارێکی تایبەتی قسەکردنن و بە شێوەزاری فەیلی ناسراوە، لە ڕووی مەزهەبیشەوە شیعە مەزهەبن، بەڵام لە دەستوری عێراق دا وەکو نەتەوەی کورد ناسێندراون.

خەلیل شوهانی، وتی، "ئێمە وەکو کوردانی فەیلی کوردین، نکۆڵی لە کوردبوونی ئێمە ناکرێت. بەشێکی زۆریش لە کوردانی فەیلی ئەندام و کادیری حزبە کوردییەکانن."

لە ساڵی 1970 ەوە تا دوای ساڵی 1980، حکومەتی ئەوکاتی عێراق هەڵمەتێکی بۆ کوشتن و دەستگیرکردن و لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی عێراقی و دەرکردنی کوردانی فەیلی بەرەو وڵاتی ئێران ئەنجامداو هەزاران خێزانی کوردی فەیلی دووچاری ئاوارەیی بوون. بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، بەهەزاران خێزانی کوردی فەیلی لە ئێرانەوە بۆ عێراق گەڕانەوە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە ساڵی 2003 ەوە تا ساڵی 2013، ڕەگەزنامەی عێراقی بۆ هەزاران خێزانی کوردی فەیلی گەڕێنراوەتەوە، دوای ئەوەی لە ئێرانەوە بۆ عێراق هاتوونەتەوە.

هەرچەندە دەوترێت نزیکەی یەک ملیۆن کوردی فەیلی نیشتەجێی شاری بەغدان، بەڵام بەرپرسانی کورد پێیانوایە ئامارەکان لە بارەی ژمارەی کوردانی فەیلی لەو شارە دروست نین و ژمارەکە زۆر لەوە کەمترە.

سەرباری بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە کوردانی فەیلی لە شاری بەغدا، بەڵام پێگەی حزبە کوردییەکان لەو شارە لاوازە. بەڕێوەبەری کۆمەڵەی وڵاتی کوردە فەیلییەکانی کەرکوک، هۆکاری لاوازی پێگەی حزبە کوردییەکان لە نێو کوردانی فەیلی بەغدا بۆ ڕۆڵی دەرەکی دەگێڕێتەوە.

خەلیل شوهانی وتی،" پێیویستبوو ساڵی 2003 کاتێک کورد ڕۆیشتە بەغدا، لایەنە کوردییەکان هەوڵی کۆکردنەوەی کوردانی فەیلییان دابا، بەڵام حزبە شیعییەکان پێشکەوتن و کوردی فەیلییان بەرەو لای خۆیان ڕاکێشا. لایەنی دەرەکیش لەمەدا ڕۆڵی هەبوو."

لە ساڵی 2019 نوێنەرێکی کوردانی فەیلی شاری کوت بە کۆتا ڕۆیشتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. لە ئێستاشدا موحسن مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کوردی فەیلییە.

XS
SM
MD
LG