Accessibility links

پێشبینی پێکهاتەکانی کەرکوک بۆ ژمارەی کورسییەکانیان


لایەن و پێکهاتەکانی کەرکوک بە چڕی دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە، هەر پێکهاتەو دەیەوێت زۆرترین کورسی ئەنجومەنی داهاتووی پارێزگای کەرکوک بەدەست بهێنێت، لەکاتێکدا هەر پێکهاتەو چەندین لیستی ڕکابەری تێدایە.

بڕیارە لە ڕۆژی 18 ی مانگی 12 ی ساڵی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دا ئەنجام بدرێت، کە لایەن و پێکهاتەکانی کەرکوک لەسەر 15 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە ڕکابەری دەکەن.

یاوەر شکور، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 عەرەبێکی زۆر هێنراوەتە کەرکوک، بۆیە دەبێت تەواوی دانیشتوانە کوردەکەی کەرکوک دەنگ بدەن. گەر کورد 8 بۆ 9 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا بەدەست نەهێنێت، کەواتە هیچمان نەکرد."

لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانی کەرکوکیش، کورد بە هێنانی کوردێکی زۆر بۆ کەرکوک لە دوای ساڵی 2003 ەوە تۆمەتبار دەکەن، بۆیە داوای دواخستنی هەڵبژاردنییان لەکەرکوک کردووە.

هۆشیار هیجران کاکەیی، کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، پێشبینیکرد کورد 8 بۆ 9 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کۆی 15 کورسی بەدەست بهێنێت.

لەهەڵبژاردنی ساڵی 2021 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، کورد نزیکەی 176 هەزار دەنگی بەدەستهێناو 6 کورسی پەرلەمانی لەکەرکوک بردەوە.عەرەب بە بەدەستهێنانی نزیکەی 166 هەزار دەنگ، 4 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. تورکمانیش نزیکەی 83 هەزار دەنگی لە کەرکوک بەدەستهێناو دوو کورسی پەرلەمانی بردەوە.

مەحمود زەیدان، کەسایەتی سیاسی عەرەبی سونە لە کەرکوک، پێیوایە کورد زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەباتەوە.

مەحمود زەیدان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عەرەب چاوەڕێی بەدەستهێنانی 5 کورسی لە کۆی 15 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا دەکات. پێموایە عەرەب و تورکمان پێکەوە نیوەی کورسییەکانی ئەنجومەن دەبەنەوە، لەبەرامبەردا کوردیش نیوەکەی تری کورسییەکان بەدەست دەهێنێت."

لایەن و پێکهاتەکانی کەرکوک ترسیان لە ڕێژەی بەشداری دەنگدەرانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەیە، بۆیە لایەنە سیاسییەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوەو دەیانەوێت زۆرترین لایەنگریان ببەنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

سەوسەن جەدوع، سەرکردەی بەرەی تورکمانی لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەدەستهێنانی ژمارەی کورسی بۆ هەر پێکهاتەیەک بەستراوەتەوە بە ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دا. هیوادارین وەکو لایەنی تورکمانی بتوانین 6 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەست بهێنین، تا لەو ڕێگەیەوە تورکمان لە پەراوێزخستن ڕزگاربکەین."

سەرباری ڕکابەریکردنی پێکهاتەکانی کەرکوک بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی لە کۆی 15 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە ، بەڵام لە نێو خودی پێکهاتەکانیشدا چەندین لیستی جیاواز هەن و ململانێی یەکتری دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:06 0:00

XS
SM
MD
LG