Accessibility links

دکتۆر پێشەوا محەمەد: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی، مەترسی لەناوچوونی مرۆڤایەتی لێدەکەوێتەوە


گۆڕانکاری کەش و هەوا, کارەساتە ژینگەییەکان, کەم ئاو و گەرم بوونی گۆی زەوی، وڵاتانی جیهان لە دوبەی کۆدەکاتەوە. ئەمەش 28هەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانە سەبارەت بە پرسی ژینگە و ئایندەی ئەو بابەتە هەستیارە.

بە پێی زانیارییەکان، نزیکەی 70 هەزار کەس لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرایەتی 189 وڵات دەکەن. زۆربەی سەرکردەکانی جیهانیش وتاریان دەبێت. جگە لەوەش چەندین شارەز او زانا بەشدار دەبن و کۆبوونەوەکەش 15 ڕۆژ دەخایانێت.

ئایا کۆبوونەوەی ئەم جارەی زانایان و سەرکردەکانی جیهان لە دوبەی، کۆبوونەوەی COP 28 چ جیاوازیەکی دەبێت لە چاو کۆبوونەوەکانی ساڵانی ڕابردوو، لە پاریس و کلاسکۆ و شارمیشێخ؟

لەو بارەیەوە مامۆستای زانکۆی سلێمانی دکتۆر پێشەوا محەمەد عەلی شارەزای بواری ژینگە و گۆرانی کەشو هەوا، پێی وایە کۆبوونەوەی ئەمساڵ لە چاو ساڵانی ڕابردووەوە تەنها یەک جیاوازی هەیە و دەڵێت "هەموو ئەو کۆبوونەوانەی پێشتر کە لە پاریس و کلاسکۆ و میسربە ئەنجام دراون و ئەم جارەش کە لە ئیمارات بەڕێوە دەچێت، پەیامەکە ئەوەیە کە گۆی زەوی دەناڵێنێت بە دەست گۆڕانی کەشو هەواوە، بەدەست ئەو هەموو دەرهاویشتە گازانەی ژینگەکەمانی پیس کردووە، لەسەرو هەمووشیانەوە ناردنی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە بۆ بۆشایی ئاسمان. ئەگەر ڕێژەی گەرمی گۆی زەمین لە ١. ٥ ٪ زیاتر ببێت، ئەوا مەترسی بۆ زیندەوەران و دانیشتوانی گۆی زەوی دروست دەبێت."

گوتیشی "ئەوەی جیاوازە لەم کۆنگرەیەی دوبەیدا، ئەوەیە کە راپۆرتی کۆ ٢١ کە لە پاریس بە ڕێوە چووە، دەخرێتە روو. بە روونیش دەردەکەوێت، کام لەو وڵاتە پیشەسازیانە ئەرکەکانیان بە ئەنجام نەگەیاندووە".

دکتۆر پێشەوا پێشی وایە کە لە کۆبوونەوەی پاریس رێککەوتنەکانی وڵاتانی بەشدار بە شێوەیەک بووە کە تاوەکو ساڵی 2050 دەرهاویشتەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بکەنە سفر، بەڵام بە پێچەوانەوە بووە و لەوبارەیەوە دەڵێت "لە 2015 کۆبوونەوەی کۆ 21 پلەی گەرمای گۆی زەمین ١.٢ ٪ بوو ، بڕیار بوو رێگە نەدرێت بگاتە 1.3 ٪ کەچی ئێستا کە لە 2023داین، نزیکەی 1.4 ٪ ە. هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە وڵاتانی پیشەسازیە گەورەکان، ناچنە ژێر باری جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانیان، لە کاتێکدا وڵاتانێکی زۆری جیهان گیرۆدەی ئەو گۆرانکاریانەی کەشو هەوان، بەڵام بەرژەوەندی و ململانێی وڵاتانی زلهێز بۆ دەست گەیشتن بە بازاڕەکانی دنیا ئەوەی خوڵقاندووە. هیچ وڵاتێک لەوانە، ئەو رێژەیەی لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆی دانراوە، پەیوەست نەبوون پێوەی و ڕێژەیەکی زۆر زیاتریان کردووەتە ژینگەکەمانەوە".

ئەگەر وڵاتانی پیشەسازی هاوتای ئەمەریکا، چین، ڕووسیا و وڵاتانی ئەوروپا و هیند و پاکستان و وڵاتانی دیکەش بەردەوام بن لە ناردنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ ناو هەوا، گەیشتنی پلەی گەرمای زەوی بە لە %2 کە تارادەیەک لێی نزیکین چی ڕوودەدات؟

لەو بارەیەوە دکتۆ ر پێشەوا پێی وایە کارەساتێکی گەورە دەبێت " پلەی گەرمای گۆی زەوی لە 1.7 ٪ سەرکەوێت، لەسەر ئاستی جیهان، گیانلەبەرو زیندەوەرێکی زۆر لە ناو دەچن. ژینگەکە بە تەواوەتی تێکدەچێت، لەو ڕێژەیەدا مەترسی گەورەش بۆ مرۆڤ دەخوڵقێنێت. بەڵام 1.5 ٪ سەرەتای مەترسیەکەیە، خۆ پلەی گەرمای گۆی زەوی بگاتە سەروو لەسەدا دوو، ئەوا ئەگەری لەناوچوونی مرۆڤایەتی بەڕێوەدەبێت".

لەم کۆبوونەوەیەدا عێراق وەک وڵاتێکی بەرهەم هێنی نەوت بەشدارە، بەڵام هاوتای ئەو وڵاتانەی دیکەیە کە بەرهەمهێن نین و پیشەسازیان کەمە، یاخود هەر نیانە. زیاتر بۆ گەیشتن بە پێداویستیەکانیان پشت بە هاوردەکردن دەبەستن. بەڵام بەشدار دەبن لە هاوبەشی کردنی ئەو وڵاتانەی کە ڕێژەیەکی زۆر دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەکەن بە هەوادا.

دکتۆر پێشەوا پێی وایە، ئەو وڵاتانە دەتوانن قەرەبوو وەرگرنەوە. لەو بارەیەوە دەڵێت "هەر وڵاتەو بەشی خۆی رێژەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی بۆ دانراوە کە دەیکات بە ئاسماندا، ئەو وڵاتانەی پیشەسازی ئەوتۆیان نییە، هاوتای عێراق و هەندێ وڵاتی دی جیهانی سێهەم دەتوانن بەشەکانیان بە وڵاتانی دیکە بفرۆشنەوە، ئێمە لە عێراق لە ژێر کاریگەری پیسبوونی ژینگەی جیهانین.

ببینە ئاو نەما لە عێراقدا، زۆربەی ئەهوارەکانی عێراق ڕوو لە وشک بوونە، خەڵکەکەی لە تاوی بێ ئاوی کۆچ دەکەن بۆ شارەکان، لەبەر ئەوە عێراق دەتوانێت، ببێتە بەشدار لەگەڵ وڵاتی تردا و لە هەمبەر ئەوەدا لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، سەرچاوەی دارایی وەرگرێت، بۆ پاککردنەوەی ژینگەکەمان و ئەو زیانانەی کە بەری کەوتوون''.

XS
SM
MD
LG