Accessibility links

پێشەوا هەورامی بۆ VOA: ئەگەر حکومەتی هەرێم ڕێگری لە مامۆستایان بکردایە لە بازگەکانی خۆیەوە دەیکرد نەک بازگەکانی عێراق


وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە کە حکومەتی عێراق لەژێر ڕێنمایی و داواکاری ئەوان ڕێگری لە چوونی کۆمەڵێک مامۆستا کردبێت بۆ بەغدا بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین دژی دواکەوتنی موچەکانیان و دەڵێت، "ئەگەر هەوڵێک هەبێت بۆ ڕێکەوتنی مووچەیە بۆ مامۆستایان و توێژەکانی تر نەک ڕێگری کردنیان."

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەو بانگەشانەی کە گوایە حکومەتی هەرێم داوای لە حکومەتی عێراق کردووە لە بازگەکانی کەرکور ڕێگری لە مامۆستایانی سلێمانی و هەڵەبجە بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ڕاست نییە و هیچ هەوڵێکی وانییە. هیچ هەولێک لە نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق نییە بۆ ڕێگری لە مامۆستایان، وە ئەگەر هەوڵێک هەبێت بۆ ڕێکەوتنی مووچەیە بۆ مامۆستایان و توێژەکانی تر نەک ڕێگری کردنیان. ئەگەر حکومەتی هەرێم ڕێگری بکردایە لە بازگەکانی خۆیەوە دەیکرد، چ پێویست بوو لە بازگەکانی عێراقەوە بیکات."

وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتیشی، "ئەسڵەن ڕوونە کە هەوڵی مامۆستایان هەوڵی ئێمەشە. ئێمەش هەمان بۆچوونمان هەیە کە ماف و ئیمتیازاتی موچە و حەقی خەڵکی هەرێم لای حکومەتی عێراقە."

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی 26ی مانگی یازدەی 2023، سەدان مامۆستا لە پێناو گەیاندنی داواکاریەکانیان کە خۆی لە پێدانی مووچەکانیاندا دەبینێتەوە هەوڵیاندە بگەنە بەغدا بۆ ئەوەی لە "ساحەی تەحریری" ئەو شارە لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە داواکاریەکانیان بگەیەنن بە حکومەتی ناوەندی. ئاپۆڕای ئۆتۆمبێلی مامۆستایان لە بازگەکانی هەرێم بێ ڕێگری پەڕینەوە بەڵام دوای گەشتنیان بە یەکەم بازگەی حکومەتی عێراق، ڕیگریان لێکرا داخڵی سنوری دەستەڵاتی عێراق ببن.

موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر ئەم ڕووداوە ڕایدەگەیەنێت، بە پێی وتەی بەرپرسانی عێراق بێت، وا دیارە کە لە حکومەتی هەرێمەوە "ئیعاز" دراوە بە حکومەتی عێراق کە ڕێگری لە چوونی مامۆستایان بکرێت بۆ بەغداد. دەشڵێت چوونی مامۆستایان پێویستی بە مۆڵەتدان نییە و ڕێگری کردنیشیان جگە لە شەرمەزاری "نا یاسایی و نا دەستوریشە."

موسەنا ئەمین بە دەنگی ئەمەریکای وت، "پەیوەندیمان کردووە بە نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، هەرچەندە بەڕاستی دانی پێدا نەدەنا، بەلا م قسەکەی وای دەگەیاند کە داواکاری هاتووە لە حکومەتی هەرێمەوە ئەو کارە نەکرێت و ئاسانکاری بۆ مامۆستایان نەکرێت."

ئەو پەرلەمانتارە ڕەخنەی تۆندی لە ڕێگرییەکە گرت و سورە لەسەر ئەوەی مامۆستایانی هەرێم بەو پێیەی هاوڵاتینامەی عێراقیان هەیە ناتواندرێت ڕێگرییان لێبکرێت و دەڵێت، ، "من هاوڵاتی عێراقیم، دەڕۆم کەباب دەخۆم. کەس مافی ئەوەی نییە ڕێگری لە مامۆستایان بکات."

گروپی مامۆستایەکان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان و کۆیەوە هاتبوون.

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا کە بۆ ڕووماڵی هەوڵەکەی مامۆستایان لەوێ ئامادەبوو، ئەوەی تۆمارکردووە کە گروپی ئۆتۆمبێلەکانی مامۆستایان لە بازگەکانی هەرێم بێ کێشە تێپەڕیون بەڵام لە هەموو سنورەکانی داخڵ بونیان بە عێراق ڕێگری کراوە و بە قسەی بەرپرسانی بازگەکانیش بێت، فرمانیان بۆ هاتووە کە ڕێگری لە مامۆستایان بکەن.

وەک وەڵامێک لە بەرامبەر هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ ڕێگری کردن لە چوونی مامۆستایان بۆ بەغداد، ئەمڕۆ خۆپیشاندانی فراوان لە شارو شارۆچکەکان بەردەوامی پێدرا.

لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا لە شاری هەڵەبجەدا دیمەنی فراوانی سەدان مامۆستا دەبینرێت کە دروشمی "لە بەغدا بین یان لێرە، دەنگمان بەرز و دلێرە" دەڵێنەوە و هاوکات چەند مامۆستایەک دەڵێن لەسەر هەڵوێستی بازگەکانی سوپای عێراق سکاڵا تۆماردەکەن.

هاوکات، سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەی مامۆستایان بۆ خوێندنگا حکومییەکان، بایکۆت ماوەی دوو مانگی تێپەڕاندووە و تا ئێستا مامۆستایانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن.

مامۆستا عوسمان گوڵپی ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بایکۆت وەک خۆی بەردەوام دەبێت و لەگەڵ توندکردنەوەی فشارەکاندا میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکان توندتر دەکەینەوە و ناچینە ژێر باری هیچ فشارێک."

حکومەتی هەرێم ئێستا مووچەی سێ مانگی مامۆستا و فەرمانبەران قەرزدارە.

بۆ گەشتن بە چارەسەرێک لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسی موچە و بودجەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شاندێکی حکومەت بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی لە بەغدا بوو و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆنوویەوە.

هەرچەندە هێشتا زانیاری فەرمی لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئەگەر ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەت دیارنییە، بەڵام هەر ئەمڕۆ دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا حکومەتی عێراقی بەوە تۆمەتبارکرد کە "زوڵم" دەکات لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ ئەم لێدوانەشدا دڵشاد شەهاب بێهیوایی نیشان نەدا و ڕایگەیاند، "دەرفەتێکیش هەیە."

بۆ گەیشتنیان بە شاری بەغدا و کۆبوونەوەی ناڕەزایی، مامۆستایان دەڵین لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە داوای مۆڵەتیان کردووە. ئەوان دەڵێت دواتر حکومەتی عێراق "پەشیمان" بۆتەوە لە ڕیگە پێدانەکە.

بەڵام پەرلەمانتارە کوردەکەی بەغدا دەڵێت خۆپیشاندان لە لە عێراقدا پێویستی بە مۆڵەت نییە.

موسەنا ئەمین ڕایگەیاند، "تا ئێستا لە عێراقدا یاسایەک نییە ئەو بابەتە ڕێکبخات کە خۆپیشاندان مۆڵەتی پێویستە. ئیدانەی مەوقیفی وەزیری ناوخۆ دەکەین سنوری خۆی بەزاندووە. ئەوان هاوڵاتی عێراقین و نە دەبوو مۆڵەت داوا بکەن."

وتیشی،"چەند جارێک پەیوەندیمان کردووە بە وەزیری ناوخۆ لەسەر بڕیاری ڕێگریەکە بە تایبەتی، بەڵام وەلامی نەداوەتەوە."

XS
SM
MD
LG