ساڵانە و لە سەرەتای دەستپێکردنی وەرزی سەرما و گەرما، کێشەی کارەبا و کەمبوونەوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان سەرهەڵدەداتەوە. ئەم گرفتە هی ساڵ و دوو ساڵ و تەنانەت دەیان ساڵیش نییە، بەڵکو هی سێ دەیەیە لە هەرێمی کوردستان و دوو دەیە زیاترە لە عێراقیش. ئێستا و لە سەرەتای وەرزی سەرمای ئەمساڵ ئەم کێشەیە سەریهەڵداوەتەوە.
دەپرسین:
لە کاتێکدا عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەن سەرچاوەی وزەی هەمە چەشنەن، بۆچی کێشەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی چارەسەر ناکرێت؟
چارەسەر چییە و چۆن دەکرێت؟
کەی پێشبینی دەکرێت ئەم کێشەیە چارەسەربکرێت؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری بەڕێزان:
1- ئەندازیار عادل کەریم، بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق
2- ئەندازیار کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان.
3- ئەندازیار سەلام قەزاز، سەرۆکی پێشووی دەزگای کارەبای هەرێم، لەهەمانکاتدا بریکاری وەزارەتی پێشووی کارەبای عێراق و ڕاوێژکاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
4- مامۆستا ڕێبوار عومەر محەمەد، مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری کارەبا لە زانکۆی سلێمانی، هەروەها هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەبواری وزە نوێبووەکان.
ئەندازیار عادل کەریم:
"کێشەی کارەبا ئەوەیە کە خواستی زۆر زۆری لەسەرە و ناتوانین جێبەجێی بکەین، کە سەدام ڕووخا عێراق 3800 مێگاواتی بەرهەمدەهێنا، بەڵام ئێمە ئێستا 26000 مێگاوات بەرهەم دەهێنین و فریا ناکەوین، خواست لەسەر کارەبا زۆر زۆربووە، خەڵک سپلێت و ئامێرە نوێییەکان بەکاردەهێنێت، پێویستمان بە بەرهەمهێنانی 20هەزار مێگاواتی ترە، کە پێویستی بە 20 ملیار دۆلارە، بودجەی عێراق توانای جێبجێکردنی نییە، پلانێکی باشمان داناوە لە بواری وزەی خۆر لە ڕۆژدا، پارەمان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین 20هەزار مێگاوات لە ماوەیەکی کەمدا وەبەربهێنین، لەگەڵیشیدا پێویستمان بە سووتەمەنییە، بەڵام وەزارەتی نەوت دواکەوتووە کە کێشەمان لەگەڵ وەزارەتی نەوت هەیە کە ناتوانن ئەو غازە کۆبکەنەوە ناچار لە وڵاتانی دراوسێوە بیهێنین."
"لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کارەبا زۆر باشکراوە، بەڵام کێشەکە نەبوونی سووتەمەنییە، وە حکومەتی هەرێم ئێستا بەهۆی نەهاتنی بودجە لە بەغدادەوە ناتوانێت سووتەمەنی پێویست بکڕێت."
"سەبارەت بە عێراقیش پێویستمان بە بودجەیەکی زۆرە، ئێوەی کە دەڵێن عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە، دەنگی دەهۆڵ لە دوور خۆشە، دەوڵەمەندی چی سەرچاوەی داهاتی نەوتە کە لە 65% زیاتری دەڕوات بۆ موچە خەڵکێکی زۆر دامەزرێنراوە بۆ موچە."
"بڕیاربوو 200 مەقمەقە (ملیۆن فووت سێجا) غازی کۆرۆمۆر بێت بۆ وەبەرهێنانی 800 مێگاوات کارەبای عێراق، بەڵام هەتا ئەم ساتە نەهاتووە، چونکە گرفت هەیە و حکومەتی هەرێم ڕازی نیە، بەڵام ئێمە ئەو غازەمان بۆ وەبەرهێنانی کارەبا هەر پێویست دەبێت."
"کارەبا لە جیهاندا، بزنسە، گرانترین شتە لە هەموو وڵاتان، تەنها لە عێراق نەبێت هەرزانترین نرخی هەیە."
ئەندازیار کامیل قەزاز:
"بەڕێز بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق دەستی خستە سەر برینەکان، بەڵام سەرەڕای ئەوانە ئێمە برینی ترمان هەیە ، ئێمە ژێرخانمان هەیە، کە لە 7000 تێپەڕیووە، بەڵام کێشەکەمان نەبوونی سووتەمەنی تەواوە، ئەوەی ئێستا وەبەردەهێنرێت لە کۆرمۆر و دانا غاز، دێتە لای ئێمە بەڵام هێشتا بەشی بەکارخستنی یەکەکانمان ناکات، یەکەمان هەیە ئێستا وەستاوە ".
"ئەگەر سووتەمەنی پێویست هەبێت بەپێی ئەو ژێرخانەی ئێمە هەمانە لە دیمانلۆدی ئێستا لەکارەبا دەتوانین بەبێ موەلیدە بیست و چوار کارەبا دابینی بکەین، چونکە ئێستا دیمانلۆدەکەم پێنج هەزارە، ژێرخانەکەم 7000 هەزارە، بۆیە ئەگەر سووتەمەنی تەواو هەبێت دەتوانین بێ موەلیدە کارەبای بیست و چوار سەعاتە دابین بکەین، بەڵام چەند هۆکارێک ڕۆڵی هەیە، بە بابەتی سیاسیشەوە کە زۆر ڕۆڵی هەیە لەو بابەتەدا."
"هەتا کێشەی سیاسی چارەسەر نەبێت، کە ئەم کێشە چارەسەر بوو، پلان چاک دەبێت ، کە پلان چاکبوو، ئابوری چاک بوو یەکێک لە کێشەکانی ئابوری کارەبایە، هەتا ئەوانە چارەسەر نەبن کێشەی کارەبا چارەسەر نابێت ئەوە بۆچونی منە."
ئەندازیار، سەلام قەزاز:
"کێشەکە بە تەنها وەزارەتی کارەبا نییە، بەڵکو وەزارەتی داراییە، حکومەتە، وەزارەتی نەوتە، ئەمانە وەک زنجیرە بەستراون ئەگەر بە ڕێکی کارەکانی خۆیان نەکەن، ئەوا هەموو کێشەکە دەکەوێتەوە سەر وەزارەتی کارەبا، کەس باسی وەزارەتی نەوت ناکات، کە کێشەی سەرەکی کارەبا و سەری مارەکە وەزارەتی نەوتە، ئەو کاتەی من لە پۆستدا کارم دەکرد وەزارەتی نەوت دەهات واژۆی دەکرد، دەیوت ئەوەندە سووتەمەنیتان دەدەینێ، بەڵام کە دەستمان دەکرد بە دروستکردنی، سووتەمەنی پشتی تێدەکردین و کەسیش نەبوو بانگییان بکات و لێییان بپرسنەوە، لە هەرێمیش هەمان کێشە هەیە، لە هەرێمی کوردستان وەزیری سامانە سرووشتییەکان چی بەدەستە، هەر دەتوانێت پارە کۆبکاتەوە و بیدات بە وەزارەتی دارایی بۆ موچە، دەسەڵاتی نییە بۆ کارەبای خەرج بکات، پێشم سەیرە لە دۆخێکی وا سەختدا لە هەرێم دوو وەزارەتی وا پڕ کێشە دراوە بە یەک کەس، لەبەر ئەوە لە هەرێمی کوردستانیش تاکە کێشەی کارەبا هۆکارەکەی سووتەمەنییە."
"هەر کاتێک حکومەت کێشەی خۆی چارەسەر کرد، وەزارەتێکی پلاندانانی ورد هەبوو، وەک تەسبیح وایە پەیوەندیدارە بە حکومەتەوە، کێشەی کارەبا هی حکومەتە، حەق نییە ڕوبکەنە وەزارەتی کارەبا، حەقە ڕوبکرێتە حکومەت، چونکە ئەمە واتای فەشەلی حکومەت دەگەیەنێت، کە حکومەت خۆی سەرلێشێواو بێت و پشتگیریت نەکات وەزارەتی کارەبا چی بکات؟! پلان هەر نییە کە وەزارەتی پلاندانان لە هەرێم هەر بە ناو وجودی هەیە."
"ئەو پەندەی وەزارەتی نەوت بە کارەبای دەدات دوژمن بە دوژمنی ناکات، هەتا وەزارەتی نەوت قوڕ دەکات بەسەر کارەبادا، ئاشی نەزانە و خوا دەیگێڕێت.کە لە بەغداد بریکاری وەزارەتی کارەبا بووم لەگەڵ وەزارەتی نەوت شەڕمان دەکرد و دەرگامان دەدا بەسەر یەکدا، چونکە درۆیان دەکرد لەگەڵمان، بەڵێنیان پێدەداین ئێمە وێستگەی کارەبا دروست بکەین ئەوان سووتەمەنیمان بدەنێ، بەڵام دواتر نەیاندەداینێ و پێمان پێدەکەنین، وامان لێهاتبوو خۆمان بچین بە تەنکەر سووتەمەنی بکڕین. تاکو وەزارەتی نەوتیش وەها بکات لەگەڵ وەزارەتی کارەبا، ئاوا قوڕ دەکات بەسەر کارەبادا."
مامۆستا ڕێبوار عومەر محەمەد:
"قسەی ئەو بەرپرسە بەڕێزانە بە ڕاستی تووشی شۆکی کردم، بە تایبەت کاک سەلام کە دەڵێت وەزارەت دەسەڵاتی نییە و خەتای حکومەتە، باشە خۆ وەزارەتی کارەبا بەشێکە لە حکومەت، واتای چی؟!"
"دەتوانم بڵێم بەداخەوە حساب بۆ گرفتەکان وەک پێویست نەکراوە، ئاخر 32 ساڵە چۆن هەموو ساڵێک هەمان کێشە دروست دەبێتەوە، ئەوەش هۆکاری ئەو فراوانبونەی لە دروستبونی شوێنی نیشتەجێبوون هەیە پلانی دابینکردنی کارەبای نییە، باشە ئەگەر ئەو پلانەشی نییە، با لانی کەم ئەو هۆکارانە کەمبکەنەوە کە دەبنە هۆی کارەبا زیاتر سەرف بێت و ئەو ئامێرانە بهێننە ناو وڵات، یان سیستمی دروستکردنی بیناکان بەو جۆرە بێت کە پارێزەر و بەرگری سەرما و گەرمای هەبێت داوا لە وەبەرهێنەرەکان بکەن ئەوە پەیڕەو بکەن لە پرۆژەکانیان خۆ ئەمە زۆر ئاسانە، ئەی بۆ ناکرێت؟!"
"باشێ ئەو سووتەمەنی و غازەی هەمانە خۆ لەبەردەست حکومەت خۆیدایە، ئەی کە حکومەت نەتوانێت بۆ کارەبای سەرف بکات لەدەست کێدایە خۆ ناچین لە مزگەوتەکان بۆی بپاڕێینەوە!"