Accessibility links

دوای بەدواداچوونێكی VOA، ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم دواجار چالاکییەکی قوباد تاڵەبانی بڵاوکردەوە


ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ساڵ و نیوێک هیچ چالاکی و لێدوانێکی جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی بڵاونەدەکردەوە، بەڵام کەمتر لە هەفتەیەک دوای بەدواداچوونێکی دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم بابەتە، بۆ یەکەمجار ڕۆژی دووشەممە، 27-11-2023، بابەتێکی بڵاوکردەوە.

گەڕانێکی کەم بە ناو ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم ئەوە دەردەخات کە ڕۆژانە چەندین هەواڵ سەبارەت بە چالاکی و وتەکانی مەسرور بارزانی بڵاو دەکرێنەوە، بۆ نمونە: "سه‌رۆكی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی سەربازیى بەریتانی دەکات،" "مەسرور بارزانی دەڵێت، پرۆژەی ‘هەژماری من’ ئەم مانگە لە سلێمانی و دهۆک دەست پێ دەکات،" یان "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا کۆبووەوە،"

بەڵام گەڕانەوە بۆ مێژووی ماڵپەڕەکە و لاپەڕە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوە پیشاندەدەن کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2022ەوە هیچ ئاماژەیەکیان نەکردووە بە چالاکییەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی، لە کاتێکدا جگە لە چالاکیەکانی سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی، بەردەوام هەواڵیان لەسەر چالاکییەکانی بەرپرسانی تری حکومەتیش بڵاوکردووەتەوە.

پێچەوانەی پێگەکانی ڕاگەیاندنی حکومەتی هەرێم، ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی، هاوشانی چالاکییەکانی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی، بەردەوام چالاکییەکانی هەردوو جێگرەکەی "بەڕێز" شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر بڵاودەکەنەوە. بەشێکی تایبەت لە بەشی چەپی ماڵپەڕەکە بۆ هەردوو جێگرەکە داندراوە.

جگە لە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم، وەزارەتی پیشمەرگەش بە هەمان شێوە هیچ چالاکییەکی تمی یەکێتی لەو ماوەیەدا بڵاونەکردووەتەوە.

دەنگی ئەمەریکا زانیویەتی کە هۆکاری بڵاونەکردنەوەی چالاکیەکانی قوباد تاڵەبانی لە ماڵپەڕەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئالۆزبوونی پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی لە ساڵی ڕابردوو کە دواتر بووە هۆی "بایکۆتکردنی" کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن تیمی یەکێتییەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە ناوی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە ئەوەی ڕاگەیاند کە "تیمی یەکێتی" لەو کاتەوە هیچ چالاکییەکی قوباد تاڵەبانییان بۆ بەڕێوبەرانی ماڵپەرنەناردووە بۆ بڵاوکردنەوە.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە وتەبێژی حکومەت پێشەوا هەورامانی، بەڵام ئەو ئامادەنەبوو لێدوان لەسەر ئەم بابەتە بدات "چونکە پەیوەندی بە تیمی کاک جوتیار عادلەوە هەیە."

جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی، تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی دەنگی ئەمەریکای نەداوەتەوە بۆ لێدوان لەسەر ئەم بابەتە.

سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیران، بە هەمان شێوە ئامادەنەبوو لەسەر ئەم پرسە لێدوان بدات.

ماڵەپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێم ڕۆژانە بەردەوام کاری وەزیر و بەرپرسانی هەرێمی بڵاوکردۆتەوە، لە نێوانیان ئاوات جەناب، وەزیری دارایی، جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، وە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر. بەڵام هیچ لە چالاکیەکانی قوباد تاڵەبانی ئاماژەیەکیان پێنەکراوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو فەیسبووک و ئێکس (تویتەری ڕابردوو)، بەهەمان شێوە کارەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت ونن.

ئەم مامەڵەیە لەگەڵ چالاکییەکانی قوباد تاڵەبانی هەفتەی ڕابردوو ڕوونتر بینرا کاتێک هەردوو بەرپرس لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمەریکی دهۆک بەشداربوون.

ماڵپەڕ و هەژماری حکومەتی هەرێم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕۆژانی بەستنی کۆڕبەندەکە، لە نێوان 21-19ی ئەم مانگە، بە سەردێڕی جیاواز چالاکیەکانی سەرۆکی حکومەتیان بڵاوکردەوە، وەکو "مەسرور بارزانی بەخێرهاتنێکی گەرمی میوانانی کرد،" "گفتوگۆی مەسرور بارزانی و ئافرەتێکی بەتەمەن کە لە کارگەیەکی ئاردی دهۆک ‘نانی تیری’ دەکات،" "لە دیدارە گەورەکە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بەیەکەوە وەستاون و گوێ لە مۆسیقایەکی فۆلکلۆری دەگرن؛ چەپڵەشیان بۆ لێ دەدەن،" یان "مەسرور بارزانی سندووقێک هەناری پێشکەشی بۆریس جۆنسن کرد."

بەڵام سەکۆ هەواڵیەکانی حکومەت هیچ ئاماژەیەکیان بە بەشداری جێگری سەرۆکی حکومەت و ڵیدوانەکانی نەکرد لە کۆڕبەندەکەدا کە زیاتر لە 31 خولەکی خایاند.

دوای پانێڵەکە، وتەکانی قوباد تاڵەبانی تەنها لە هەژمارەکانی خۆی لە فەیسبووک و یوتوب بڵاوکرانەوە. جێگری سەرۆکی حکومەت لە پەرەگرافێکی فەیسبووک سەبارەت بە وتەکانی لە زانکۆی ئەمەریکی دهۆک نوسیویەتی، "پانێڵی کۆڕبەندی MEPS23 لە زانکۆی ئەمریکی دهۆک قسەمان لە بارەی کێشەکانی فیدڕاڵیزم و چۆنییەتی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد. جەختیشم کردەوە لەسەر پێویستیی یەکڕیزیی و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم تا بە هێز و قورساییەکی زیاترەوە لە بەغدا داکۆکی لە مافەکانمان بکەین."

بڵاونەکردنەوەی چالاکیەکانی جێگری سەرۆکی حکومەت لە سەکۆ هەواڵییە ڕەسمییەکانی حکومەت لە ڕابردوودا نەبووە، بەڵکو پێشتر تا ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو ماڵپەڕ و هەژمارەکانی حکومەت بەردەوام بوون لە بڵاوکردنەوەی چالاکیەکانی. بۆ نمونە، لە بلاوکراوەیەکی هەژماری فەیسبووکی حکومەت لە بەرواری 25ی 6ی ساڵی ڕابردوو هاتووە ، "قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بەیاوەری وەزیرانی پێشمەرگە و سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت و بەرپرسانی تری ئەمنی، شە‌وی 6/25، سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد."

لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردووەوە ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی گرژییەکی زۆرتری تێکەوت، بەتایبەت دوای تۆمەتبارکردنی ژمارەیەک پلەداری دژە تیرۆری یەکێتی بەکوشتنی عەقیدێکی دژە تیرۆر لە هەولێر بەناوی هاوکار جاف. یەکێتی لای خۆیەوە پارتی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە گەمارۆی ئابووری خسووەتە سەر سلێمانی و "زۆنی سەوز."

گرژییەکان بوونە هۆی ئەوەی بۆ نزیکی 6 مانگ تیمی یەکێتی لە حکومەت، بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، "بایکۆتی" کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و بایکۆتەکە بەردەوامبوو تا ناوەڕاستی ئەمساڵ و کۆبونەوەیەکی کتوپڕ لە نێوان سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی لە بەرواری 2023-5-8.

XS
SM
MD
LG