Accessibility links

دوای سەردانی 15 شاندی هەرێم بۆ بەغدا هێشتا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر نەکراون


دوای سەردانی نزیکەی 15 شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، هێشتا هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم لەسەر کێشە دارایی و ئابوورییەکانی نێوانیان ڕێکنەکەوتوون. نوێنەرانی کورد لە بەغدا حکومەتی عێراق بە "موماتەڵە"کردن تۆمەتبار دەکەن.

لە مانگی 3 ی ساڵی 2023 ەوەو لە دوای بڕیارەکەی ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانی کە بووە هۆی ڕاگرتنی ناردنە دەرەوی نەوتی هەرێم، شاندی هەرێمی کوردستان نزیکەی 15 جار سەردانی بەغدای کردووە، بەڵام سەردانەکان ڕێککەوتنی یەکلایی کەرەوەیان بەدوادا نەهاتووە.

شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەغدا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم مومامەتەڵە دەکات، کێشە دروستکردن بۆ حکومەتی هەرێم بەشێکە لە ئەجێندای ئەوان. هۆکارێکی تری مومامەتەڵە کردنەکە فاکتەری دەرەکییە."

ئەو وتیشی،"ڕەنگە سودانی حەز بکات کێشەکان لەگەڵ هەرێمدا یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ناو ماڵی شیعەش کێشەی تێدایە، سودانی بە تەنها هیچی پێناکرێت."

یەکەم سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە دوای ڕاگرتنی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم، لە ڕۆژی 28 ی مانگی 3 ی ساڵی 2023 بوو، وەفدەکە بەسەرۆکایەتی وەزیری دارایی هەرێم بۆ گفتووگۆکردن لەسەر پرسی نەوت سەردانەکەی ئەنجامدا.

هەروەها لە ڕۆژی 4 ی مانگی 4 ی ساڵی 2023، مەسرور بارزانی و شاندێکی حکومەتی هەرێم جارێکی تر سەردانی بەغدایانکردەوە، بە پێی ڕاگەیەنراوی ئەوکاتی وەفدەکە، لەگەڵ حکومەتی عێراق دا ڕێککەوتنیان بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم ئەنجامدا.

لە ڕۆژانی 16، 19، 26 ی مانگی 7، سێ شاندی تری هەرێم بە جیا سەردانی بەغدایانکردووە، تەوەری سەردانەکان بریتی بوون لە گفتووگۆکردن لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوت و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

لە مانگی 8 ی ساڵی 2023 شدا، 4 وەفد لە هەرێمی کوردستانەوە و لە چوار کاتی جیادا ڕۆیشتوونەتە بەغدا، ئامانجی سەرجەم وەفدەکان گفتووگۆکردن بووە لەسەر یاسای نەوت و گاز، پرسی یاسای بودجەو ئاستەنگەکانی بەردەم ڕەوانە کردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم .

مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کوردو ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"وەفدەکانی هەرێم کە دێن و دەڕۆن، ئەنجامی کۆتایی ڕاناگەیەنن، تەنها دەڵێن ئەنجامی گفتووگۆکان باشبوون. وەفدەکان لە دانیشتنەکاندا موجامەلەی یەکتری دەکەن، ئەگینا لەسەر کێشە بنەڕەتییەکان ڕایان جیاوازەو ڕێکناکەون."

ئەو وتیشی،"هەرێم باسی فیدراڵییەت دەکات و عێراق مەرکەزییەتی دەوێت، بەرپرسانی هەرێم داکۆکی لە هەرێم دەکەن و عێراق هەرێمی ناوێت. کورد مادەی 140 ی دەوێت و عێراق لای گرنگ نییە، هەرێم باسی دەرهێنانی نەوت و گاز دەکات و عێراق دەرهێنانی بە مافی هەرێم نازانێت، ئەمان داوای مافی پێشمەرگە دەکەن و ئەوان بوونی پێشمەرگە بە گرنگ نازانن."

بە بڕوای مەحمود عوسمان، پابەندبوونی هەمیشەیی بەدەستور نییە، هەر لایەنەو ئەو بڕگەی دەستوری دەوێت کە لەبەرژەوەندییەتی.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم و فارس عیسا نوێنەری هەرێمی کوردستان لە بەغدا کرد، بەڵام پەیوەندییەکان دروست نەبوون.

لە مانگی 9ی ساڵی 2023 دا، دوو کۆبوونەوەی باڵا لە نێوان شاندی هەرێم و عێراق ئەنجامدراون. کۆبوونەوەی یەکەم لە ڕۆژی 13 ی 9 لە نێوان وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق دا بووە.

بەڵام لە ڕۆژی 14 ی مانگی 9، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری لەگەڵ شاندێکی باڵای هەرێم دا خۆیان سەردانی بەغدایان کردو لەگەڵ زۆربەی لایەنە عێراقییەکاندا کۆبوونەوە، ئەنجامی سەردانەکەشیان ڕەزامەندی حکومەتی عێراقی بۆ ناردنی سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بەقەرز بۆ هەرێم لێکەوتەوە.

تا ئێستا حکومەتی عێراق دوو گوژمەی 700 ملیار دیناری بەقەرز بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە کردووەو بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا گوژمەی سێهەمیش ڕەوانە بکات، بەڵام ئەم بڕە پارەیە بە داهاتی ناوخۆشەوە، تەنها بەشی موچەی سێ مانگی ساڵی 2023 دەکات، لەکاتێکدا هەرێم موچەی 6 مانگی نەداوە.

دوێنێ دووشەمە، وەفدێکی تری هەرێم بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم سەردانی بەغدای کرد، بە پێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دارایی ئامانجی سەردانەکە بۆ گفتووگۆکردنە لەسەر پرسی موچەی فەرمانبەران و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"وەفدەکە داوای سێ گوژمەی تری پارەیان بە قەرز لە عێراق کردووە، تا موچەی چەند مانگی داهاتووی هەرێمی پێ دابین بکەن و دواتر لە ساڵی نوێوە گفتووگۆ لەگەڵ عێراق دەست پێیبکەنەوە."

سەرچاوەکە وتی،"عێراق هیچ بەڵێنێکی بۆ ناردنی بڕە پارەی تر بە قەرز بۆ هەرێم بە وەفدەکە نەداوە."

سەردانەکەی دوێنێ دووشەمە، 27 ی مانگی 11 ی شاندی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی بۆ داواکردنی قەرز لە عێراق لەکاتێکدایە، لە ماوەی مانگەکانی 10 و 11 دا، سێ شاندی تری هەرێم ڕۆیشتوونەتە بەغدا.

ڕۆژی 18 ی مانگی 10، وەفدێکی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی ڕۆیشتە بەغداو لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دا کۆبوویەوە، بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەندامانی لیژنەکە لەبارەی خەرجی و داهات و ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم.

هەروەها لە ڕۆژی 28 ی مانگی 10، حکومەتی هەرێم سەردانی شاندێکی تری بۆ بەغدا بۆ گفتووگۆکردن لەسەر موچەی فەرمانبەران ڕاگەیاند. لە ڕۆژی 17 ی مانگی 11، وەفدێکی تر بەسەرۆکایەتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ڕۆیشتە بەغداو لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان گفتووگۆی لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد.

شوان محەمەد، پەرلەمانتاری عێراقی پارتی، دەڵێت،"عێراق دەیەوێت ئەرکی سەرشانی حکومەتی هەرێم قورستر بێت، نایەوێت کێشەکانی لەگەڵ هەرێم کۆتایی پێ بهێنێت."

XS
SM
MD
LG