وا چەند ساڵێکە هەتا دێت و زیاتر هەواڵی و بابەتی پەیوەست بە ژیریی دەستکرد دەبیستین کە هەرگیز پێشتر بەو ئاستە نەمانبیستووە، ئەمەش بەهۆی کۆمەڵێک هۆکار، لەوانە پەرەپێدانی کۆمپیوتەر و بەرنامەکانی، وە بە داتاکردنی زانیاری زیاتر لە بوارە جیاجیاکاندا. ئەم تەکنۆلۆژیایە کە چاوەڕوانی زۆر شتی باشی لێدەکرێت، لە هەمان کاتدا مەترسی هەیە زۆر شتی خراپیشی لێبکەوێتەوە، بۆیە ئێستا ژمارەیەکی زۆری وڵاتان لە پەرلەمان و حکومەتەکانیاندا تاووتوێی دانانی یاسا و ڕێیسای تایبەت بە ژیریی دەستکرددەکەن.
دەپرسین:
ئەم ژیریی دەستکردە چییە و چۆن کاردەکات؟
ئەو بوارانە چین کە لە ئێستادا ژیریی دەستکرد ڕۆڵی گەورەیان تیادا دەبینێت؟
لە چیدا شیانی هەیە ژیریی دەستکرد بە خراپی بەکاربهێنرێت؟
هەتا چەند ئەو قسەیە ڕاستە کە دەڵێن ژیریی دەستکرد دەبێتە مایەی زیادبوونی ڕێژی بێکاری؟
کاتێک لە کۆتایی نەوەدەکات ئنتەرنێت بە زۆر شوێنی جیهان گەیشت و وەک شۆڕشێکی تەکنۆلۆژیایی لێهات کە گۆڕانکاری گەورەی لە ژیانی مرۆڤایەتیدا کرد، ئایە دەتوانین بڵێین ژیریی دەستکرد شۆڕشێکی نوێی تەکنۆلۆژیایە؟
هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەم تەکنۆلۆژیایەدایە؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی پرسی ئایندەی ژیان لە سایەی تەکنۆلۆژیای ژیریی دەستکرددا دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
1- دکتۆر هاژە سەعید یحیی، دکتۆرا لە بواری زیرەکی دەستکرد و شارەزا لە بواری ئای تی.
2- ئەندازیار شەماڵ صباح، ئەندازیاری پڕۆگرامساز و ڕاوێژکاری ورچەرخانی دیجیتاڵی.
3- ئەسکەندەر چاربوتی، قوتابی دکتورا لە کۆمەڵناسی.
4- مامۆستا ئارا زۆزان میران، قوتابی دکتۆرا لە IT و ماموستا له بەشی ئەندازیاری و زانست ، زانکۆی لوبنانی فەرەنسی.
دکتۆرە هاژە سەعید:
"ژیری دەستکرد، سیستمێکە یا ئامێر و پرۆسێسێکە کە خۆی لە ئاسایدا لەبەکارهێنانیدا پێویستی بەژیری مرۆڤ هەیە، واتە بەکارهێنانی هەموو ژیرییەکانی مرۆڤ لەگەڵ بەکارهێنانیدا، ئەمەش شۆڕێکە کەبەرپابووە، لەهەندێک شوێندا ژیری لە ژیری مرۆڤ زیاترە و دەتوانرێث لە زۆر یا هەموو بوارەکاندا بەکاربهێنرێت."
"ئێمە ناکرێت بڵێین ژیری دەستکرد خراپە، نەخێر بەپێچەوانەوە شتێکی زۆرباشە، بەڵام ئەوەی کە خراپەکەیە شێوازی بەکارهێنانی مرۆڤەکانە بۆ ئەوەی بۆ چ مەبەست و ئامانجێکە، ئێستا ژیری دەستکرد لەبواری پزیشکیدا دەبینین داهێنانی زۆر گەورە لەڕێگای ژیری دەستکردەوە کراوە بۆ بواری نەشتەرگەری و کرۆمۆسۆم، یا لەبواری کشتوکاڵ، بۆیە ئەوەی خراپە خراپ بەکارهێنانی مرۆڤە بۆ تەکنەلۆژیاکە نەک خودی تەکنۆلۆژیاکە."
"ترسناکی ژیری دەستکرد بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە هەرچەندە زانستی کۆمپیوتەر بەرەو پێش بڕوات ژیری دەستکرد دە قات بەرەو پێش دەڕوات، بەهیچ جۆرێک هەڵەی تێدا ڕوونادات، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئێستا ترسێک هەیە لەوەی ئامێرەکان لەنێوان خۆیاندا هەوڵدەدەن بەزمانێکی هاوبەش پەیوەندی لەنێوان خۆیان دروست بکەن و ئاڵوگۆڕی زانیاری بکەن، ئەمەش وادەکات لەوکاتەدا مرۆڤ ڕابوەستێت بەبێ ئەوەی هیچ تەداخولێکی پێ بکرێت، ئەوەش بینراوە کە دوو ڕۆبۆت لەەوان خۆیاندا قسەیان کردووە بەبێ ئەوەی مرۆڤ لێییان تێبگات بۆیە ئەوە مەترسییە، بەبۆچونی من ئەگەر ژیری دەستکرد بەم شێوازە خێرایە بڕوات ئەوا ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت و لەژێر کۆنترۆڵی مرۆڤ دەردەچێت کە ئەوە مەترسی گەورەیە،ئەوەش بۆچونی منە."
"ژیری دەستکرد بەبێ هەست کاردەکات، بۆ نمونە کاتێک بە ژیری دەستکرد دەوترێ لەوێدا ئەو کارە بکە، بۆمبەکە بتەقێنەوە، لەبەرئەوەی پێشتر پێی وتراوە لەکاتی خۆی دەیکات، بێ ئەوەی هیچ بیر بکاتەوە، وەک مرۆڤ نیە کە پێش هەرکارێک بیر بکاتەوە."
مامۆستا ئارا زۆزان میران:
"وەکو مامۆستا و قوتابی ژیری دەستکرد بەکاردەهێنین، بەڵام ئەوەی کە بۆ ئێمە وەک مامۆستایان گرفتمان هەیە ئەویش ئەوەیە کاتێک داوای بەرنامە و توێژینەوەیەک دەکەین، جاران خوێندکاران بە گەڕان بەدوای سەرچاوە زانیارییەکانیان کۆدەکردەوە، بەڵام ئێستا هەر بە دوو-سێ کلیک بە ژیری دەستکرد ئامادەی دەکات، کێشە گەورەکەش لەگەڵ ژیری دەستکرد ئەوەیە کەژیری مرۆڤ تەمەڵ دەکات و سست دەکات، چونکە وەها لە مرۆڤ دەکات ژیری خۆی بەکارنەهێنێت و بە دوو کلیک بە ژیری دەستکرد هەرچی بیەوێت بیکات."
"من ئەزمونی کارکردنم لە زانکۆ چەند ساڵێکە، لەم دوو ساڵەی ڕابردوو بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لەناو زانکۆ زۆربووە، قوتابی دەچێت داوا لە ژیری دەستکرد دەکات ئەو واجبەی مامۆستای داوێتی بچێت لە ژیری دەستکرد بپرسێت توێژینەوەیەکی وام بۆ بنوسە، ئەویش بەئاسانی بۆی ددەکات، بۆیە هەندێکجار کە من مامۆستای زانکۆم لەناو ڕاپۆرت و توێژینەوەکان وشەی وام بینیووە کە خۆم مامۆستام چەند ساڵە کەچی نەمزانیووە واتای چی کە لە سیمینارەکەش لە قوتابیەکە دەپرسیت ئەویش نازانێ چونکە ئەو خۆی نەینوسییووە چونکە بە حازری هاتۆتە بەردەستی بەڵام زانیاری نیە، بۆیە کارەساتی گەورەیە کە ئێستا ئەو ژیری دەستکردە ژیری مرۆڤی زۆر لەدەستداوە."
ئەندازیار شەماڵ صباح:
"سەرەتا ئەمەوێت باسی ئەوەبکەم هەر تەکنەلۆژیایەک کە دێتە ناو ژیانمان سەرەتا مرۆڤ لێی دەترسێت و ئەوە حەقی خۆیەتی، هەروەک چۆن خەڵک پێشبینی بۆ مۆبایل و ئینتەرنێت دەکرد، ڕاستە کێشە هەیە، بەڵام بەوجۆرە ترسناکە نیە خەڵک لێی بترسێت، ئەوەی ئێستا خەڵک لە ژیری دەستکرد زۆری لێ دەترسێت بابەتی(دیپ فەیکە) کە ئەمەش ببێتە هۆی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک، بۆ نمونە ڤیدۆی سەرۆکی حزبێک دروست بکرێت کە پەیامی بۆ خەڵک هەبێت، واتە ژیری دەستکردیش لایەنی باش و خراپی هەیە هەروەک چەقۆیەک کەدەتوانی بۆ خواردن دروست کردن بەکاربهێنرێت یاخود بۆ مەبەستی خراپ، یا وەک درۆن کە بۆ مەبەستی باش و خراپیش بەکاربهێنێت."
"سەبارەت بە(دیپ فەیکیش) دەتوانرێت بناسرێتەوە، بۆ نمونە لە چاو نوقاندنەکەدا ئەوەیە دیارە کە شێوازی ڕۆبۆتییە، ئاسایی نیە، ڕاستە کەم کەس هەستی پێدەکات، بەڵام دەتوانرێت هەستی پێبکرێت کە ئەمە ڕاستی نیە و ژیری دەستکردە."
ئەسکەندەر چاربوتی:
"بۆ هەر بابەتێک، بەتایبەتی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتن بریتیە لە ئامادەکردنی کۆمەڵگایە، ئەویش هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە، بۆ نمونە لەسەرەتای هاتنی مۆبایل ئەگەر بەهەڵە پەیوەندیت بە ئافرەتێک بکردایە کێشەی زۆر گەورە ڕەنگە تا کوشتنیشی لێبکەوتایەتەوە، بەڵام ئێستا دەبینی ئافرەت وێنەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دادەنێت، بۆ ژیری دەستکردنیش بەهەمان شێوە بۆ ئەوەی کێشە دروست نەبێت دەبێت لەڕووی کلتورییەوە کۆمەڵا ئامادە بکرێت و تاک هۆشیار بکرێتەوە، دەبێت نەک بەتەنها ببینە بەکارهێنەری تەکنەلۆژییاکان دەبێت ببینە بەرهەمهێنەریشییان چونکە ئەگەر نەتوانین ببینە بەرهەمهێنەرییان ئەوا زیانێکی گەورە دەکەین چونکە نەمانی ئەو تەکنەلۆژیایە لای ئێمە کارەساتێکی گەورەمان لە پاشەڕۆژ بۆ دروست دەکات."