هێنری کیسینجەر وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە تەمەنی 100 ساڵێدا کۆچی دوایی کرد. ئەو ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڕیچارد نیکسن و جیراڵد فۆرد. لە کابینەی هەردوو سەرۆکدا وەک وەزیری دەرەوە خزمەتی کردووە. هەندێک کەس ستایشی سەرکەوتنە دیپلۆماسییەکانی دەکەن و لای هەندێک کەسیش تێڕوانینە سیاسییەکانی لەسەر جیهان جێگای مشتومڕە.
مردنی لەلایەن کۆمپانیای ڕاوێژکارییەکەیەوە ڕاگەیەندرا و هیچ هۆکارێک نەخراوەتەڕوو.
کیسینجەر وەک زانایەک و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و پەنابەرێکی دیار بۆ ئەمەریکا ناسراوە.
ئەو بیرمەندە پارێزکارە ئەندازیاری کۆمەڵێک سەرکەوتنی دیپلۆماسی بوو، لەوانە نزیکبوونەوە لە چین و مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت. خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا لەگەڵ لی دوک تۆی ڤێتنامی باکوور بەهۆی هەوڵەکانیان بۆ دانوستاندن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڤێتنام.
هەروەها کیسینجەر چەندین دەستکەوتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبووە، لەوانە دانوستاندن لەسەر ڕێککەوتنی سینا لە ساڵی 1975 لە نێوان میسر و ئیسرائیل و کارکردن بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتیی فراوانتری عەرەب و ئیسرائیل.
سەرەڕای دەستکەوتەکانی لە سەرانسەری جیهان، کیسینجەر کەسایەتییەکی مشتومڕلەسەر بوو، ڕەخنەگران دەڵێن گوایە ڕێگەی بە بۆردومانی فراوانی کەمبۆدیا داوە، پشتگیری لە سەرکوتکردنی بەنگلادیش لەلایەن پاکستانەوە کردووە و هیچی نەکردووە بۆ ڕاگرتنی هەڵمەتی ئەرجەنتین دژی جودابیران.
سەرەتای ژیانی
هاینز کیسینجەر لە شاری فورت لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، لە ساڵی 1938 لە تەمەنی 15 ساڵیدا گەیشتە ئەمەریکا دوای ئەوەی خێزانەکەی لە گۆشەگیری نازییەکان دژ بە جووەکان هەڵهاتن. خێزانەکە لە ماڵەوە بە ئینگلیزی قسەیان دەکرد و هاینز بە هێنری ناسرا، دواتر بوو بە هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی.
کیسینجەر لە کاتی جەنگی جیهانی دووهەمدا وەک ئەندامێکی لەشکری ئەمەریکا ا گەڕایەوە ئەوروپا.
کیسینجەر کاتێک لە هەشتاکانی تەمەنیدا بوو بە ڕۆژنامەی شیکاگۆ تریبیون-ی گوت "بە شانازییەکی زۆرەوە بیری ئەو ساڵانە دەکەمەوە. جەنگی جیهانی دووەم شەڕێک بوو کە هیچ ناڕوونییەکی ئەخلاقی تێدا نەبوو".
دوای شەڕەکە، کیسینجەر بە سود وەرگتن لە یاسای G.I کە بۆ هاوکارییەکانی سەربازە دێرینەکانە، ناوی خۆی تۆمار کرد لە زانکۆی هارڤارد لە و بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆ وەرگرت و دواتریش بوو بە مامۆستای زانۆکە.
بێ گومان تێڕوانینی کیسینجەر بۆ سیاسەتی دەرەوە بە ئەزموونی هەڵاتنی لە ئەڵمانیای نازی داڕێژرابوو.
کاتێک ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ساڵی 1974دا پرسیاری لەبارەی هەستی ڕەشبینی و تەنانەت کارەسات لە نووسینە سیاسییەکانیدا کرد، کیسینجەر لە وەڵامدا گوتی، "من زیاتر وەک مێژوونووسێک نەک وەک دەوڵەتمەدارێک، لە خۆم دەڕونم. وەک مێژوونووسێک دەبێت ئاگاداری ئەو ڕاستییە بیت کە هەموو شارستانیەتێک کە تا ئێستا هەبووە، دواجار ڕووخاوە".
گوتیشی "مێژوو چیرۆکێکە لەو هەوڵانەی کە شکستیان هێنا، ئەو ئاواتانەیە کە بەدی نەهاتن، ئەو ئاواتانەیە کە بەدیهاتن و دواتر دەرکەوت جیاوازن لەوەی مرۆڤ چاوەڕێی دەکرد".
ڕۆڵی لە کۆشکی سپی
دوای ئەوەی وەک ڕاوێژکارێک لە ئاژانسەکانی حکومەتی ئەمەریکا لە سەردەمی ئیدارەکانی ئایزنهاوەر و کەنەدی و جۆنسن کاری کرد، کیسینجەر لە ساڵی 1969 و سەردەمی ئیدارەی نێکسن لە کۆشکی سپی کاری کرد. وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و پاشان وەزیری دەرەوە خزمەتی کردووە و لە سەردەمی سەرۆک جیراڵد فۆرددا وەک وەزیری دەرەوە بەردەوام بووە.
کیسینجەر پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سەرۆک ڕیچارد نیکسن هەبوو و هاوکارییەکەی وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ سەرکەوتنەکانیان لە سیاسەتی دەرەوەدا زانی.
ناوبراو لە ساڵی 2009 بە نیوزویک-ی وت، "هەموو ڕۆژێک سەرۆکم دەبینی کاتێک هەردووکمان لە شار بووین، چونکە هەستم دەکرد بەتەواوی گرنگە بزانین چۆن بیردەکەینەوە. بەختم باش بوو. پەیوەندییەکی نائاسایی نزیکم لەگەڵ ئەو دوو سەرۆکەدا هەبوو کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندا خزمەتم کرد. لە ڕاستیدا ئەگەر مرۆڤ سەیری مێژووی وەزیرانی دەرەوە بکات، ئەوە دەگمەنە."
کیسینجەر دوو جار سەردانی چینی کرد پێش ئەوەی یاوەری نیکسن بکات لە سەردانە پێشکەوتووەکەی بۆ پەکین لە ساڵی 1972 بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی چین، ماو تسی تۆنگ. لەم سەردانەدا ئەمەریکا و چین دوای پچڕانی 23 ساڵ پەیوەندی دیپلۆماسییەکانیان دەستپێکردەوە.
هەروەها کیسینجەر و نیکسن لە نزیکەوە کاریان کرد بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت، لە ئەنجامدا دانوستانەکانی سنووردارکردنی چەکی ستراتیژی (SALT) و هەروەها پەیمانی دژە مووشەکی بالیستی (ABM) دروستکرا.
ئەو دیپلۆماتە باڵایەی ئەمەریکا چەندین خەڵاتی وەرگرتووە بەهۆی دەستکەوتەکانی، لە ناویاندا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ساڵی 1973، میدالیای ئازادی سەرۆکایەتی لە ساڵی 1977 بەدەستهێنا کە بەرزترین ڕێزلێنانی مەدەنی ئەمەریکایە، هەروەها میدالیای ئازادی لە ساڵی 1986 کە بەخشرایە 10 لە کاریگەرترین سەرکردەکانی ئەمەریکا کە لە وڵاتانی دەرەوە لەدایک بوون.
مشتومڕەکان
سەرەڕای دەستکەوتەکانی، کیسینجەر ڕەخنەی زۆریشی لێگیراوە، زۆربەی ڕەخنەکانی لەسەر کردەوەکانی لە کاتی جەنگی ڤێتنامدا بووە.
کیسینجەر هێرشەکانی ئەمەریکای بۆ سەر کەمبۆدیا و لائۆسی لە ساڵی1978 بە نهێنی هێشتەوە، کە بووە هۆی پەرەپێدانی جەنگی ڤێتنام، و سەرکەوتوو نەبوو لە ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس یان خەڵکی ئەمەریکا لەوبارەیەوە.
هەروەها لەلایەن نیکسنەوە دەسەڵاتی پێدرا بۆ ئەنجامدانی دانوستانی نهێنی لەگەڵ ڤێتنامییەکانی باکوور. هەرچەندە لە کۆتاییدا کیسینجەر یارمەتیدەر بوو بۆ هێنانەدی ڕێککەوتنەکانی ئاشتی پاریس، ڕەخنەگرانی دەڵێن ساڵانی دانوستانە نهێنییەکان تەنیا شەڕەکەی درێژکردەوە.
هەروەها کیسینجەر ڕەخنەی زۆری لێگیراوە بەهۆی ڕۆڵی لە ململانێکانی جیهاندا، لەوانە شەڕی ناوخۆی ئەنگۆلا کە گەشەی کرد و بوو بە گۆڕەپانی شەڕی جەنگی سارد و دەستێوەردانی ئەمەریکا لە شیلی، کە لە ساڵی 1973دا کودەتایەک ئەنجام درا.
لە کاتێکدا کیسینجەر لە ڕۆڵی وەزیری دەرەوەدا مایەوە دوای ئەوەی نیکسن لە ساڵی 1974 دەستی لەکارکێشایەوە، بەڵام لە شەرمەزاری ناسراو بە واتەرگەیتدا بێ زیان نەبوو. لە دەمی لێکۆڵینەوە لەو دۆسێیەدا ئاشکراش بوو کە کیسینجەر فەرمانی بە FBI دابوو گوێ لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بگرێت بۆ ئەوەی بزانێت کێ هەواڵی بۆردومانی کەمبۆدیای بۆ میدیاکان دزە پێکردووە.
دوای کۆشکی سپی
کیسنجەر دوای جێهێشتنی حکومەت، وەک ڕاوێژکار و وانەبێژی نێودەوڵەتی کاری کردووە، هەروەها وەک نووسەر، زیاتر لە دەیان کتێبی نووسیوە. نوێترین بەرهەمی بەناوی "سەرکردایەتی" کاتێک تەمەنی 99 ساڵ بوو بڵاوکرایەوە.
ناوبراو بەردەوام بوو لە قسەکردن و نووسین لەسەر کاروباری دەرەوە، تەنانەت لە مانگی پێنجی 2022دا مشتومڕی وروژاند کاتێک لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆسی سویسرا گوتی کە ئۆکرانیا پێویستە خاکی لەدەستبدات بۆ ئەوەی ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا بەدەستبهێنێت. ئاماژەی بەوەشکرد، شکستێکی شەرمەزارکەر بۆ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا دەتوانێت سەقامگیری درێژخایەنی ئەوروپا خراپتر بکات.
کیسینجەر لە دوای خۆی هاوسەری دووەمی بە ناوی نانسی بەجێهێشتووە کە لە ساڵی 1974 هاوسەرگیری لەگەڵدا کردووە، دوو منداڵی لەگەڵ هاوسەری یەکەمی هەیە و پێنج نەوەشی هەیە.
.