Accessibility links

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم: بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت خۆی ڕێکبخاتەوە و سەرکردایەتییەکی نوێ دروستبکات


دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان، لە لیدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا بێزاری خۆی لەسەر ناکۆکی ناوخۆیی ناو بزووتنەوەکە پیشاندا و ڕایگەیاند "ئێمە نەمانتوانیوە وەکو پێویست درێژەپێدەری بەرنامەکەی کاک نەوشیروان بین."

دانا عەبدولکەریم بە دەنگی ئەمەریکای وت، "بەداخەوە لە دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان جۆرێک لە پەرتەوازەیی دروستبووە لە ناو بزووتنەوەی گۆڕاندا، وە ئێمە نەمانتوانیوە وەکو پێویست درێژەپێدەری بەرنامەکەی کاک نەوشیروان بین."

سەرەڕای ناکۆکییە ناوخۆییەکانی گۆڕان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە جەختیکردەوە لەوەی "خۆشبەختانە" پرۆسەی ئاشتەوایی ئەندامانی بزووتنەوەکە بەردەوامە و هەوڵدەدەن لە "چەند مانگی داهاتوودا" کۆنفرانسی نیشتمانی ببەستن بۆ دیاریکردنی سەرکردایەتییەکی "تازە".

دانا عەبدولکەریم وتیشی، "ئێمە لە قۆناغێکداین کە دەبێت خۆمان ڕێکبخەینەوە و دەبێت سەرکردایەتییەکی تازە بۆ گۆڕان دروستبکەین."

وتەکانی وەزیرەکەی گۆڕان لە کاتێکدایە کە سەرکردەکانی ئەم بزووتنەوەیە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین هەوڵی جیاوازیان داوە بۆ گێڕانەوەی ئەندامە ناڕازییەکانیان بۆ ناو ڕیزی بزووتنەوەکە. لە دوایین هەوڵیاندا لە نزیکی مانگی حەوتی ئەمساڵ ڕایانگەیاند لیژنەیەکیان بە ناوی "لیژنەی ئاشتەوایی" بۆ ئەم مەبەستە پێکهێناوە.

لە ڕۆژی 4-11-2023، ‎لیژنەکە ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "لە هەشت مانگی رابردوو لەگەڵ دەیان کاراکتەر و کەسایەتی دیاری گۆڕان کۆبووینەتەوە، دیدار و دانیشتنمان هەبووە و خاڵە هاوبەشەکانمان لە خاڵە جیاوازەکان زیاتر بووە."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە گۆڕان لە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت "ئەگەرچی ئەنجامەکان لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانمان وەک پێویست نەچووەتە پێش."

بەڵام ڕۆژێک پێش ئەم ڕاگێیندراوە، ئەندامێکی لیژنەی ئاشتەوایی وتی "هەڵەی جەوهەری گلۆڵەی گۆڕانی خستە لێژی."

رۆڤان سەروەت، ئەندامی لیژنەی ئاشتەوایی بزوتنەوەی گۆڕان، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بە هەڵوەشانەوەی لیژنەکە دەکات و دەڵێت "هەروا کێشەی گرد و ماڵ و موڵک رێگری لە بەرەوپێشچونەکانی گۆڕان کرد."

دواتر ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە بابەتێکدا نوسی "پرسی موڵک‌ و ماڵی گۆڕان لیژنەی ئاشتەوایی بزووتنەوەکەی هەڵوەشاندەوە" و ئاماژەی بەوەدا ئێستا هیچ گفتوگۆیەك لەناو بزووتنەوەكە بەڕێوەناچێت و عوسمانی حاجی مەحمود و "هاوڕێكانیشی بێهیوابوون".

XS
SM
MD
LG