Accessibility links

ڕێکخراوی هەنگاو: لە ماوەی یەک مانگدا 118 کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ژمارەی کۆڵبەرانی کوژراو و برینداربووی بۆ مانگی یازدە بڵاو کردووەتەوە و نووسیووێتی " لە ماوەی مانگی یازدەدا 118 کۆڵبەر کوژراون و برینداربوون کە لە 93% ئەو ژمارەیە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بووە."

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ماوەی مانگی یازدەدا 8 کۆڵبەر کوژراون و 110 کۆڵبەریش بریندار بوون. بە پێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو یەکێک لە کوژراوەکان نەوجەوان بووە و لە کۆی 110 برینداربوویش، 14 کەسیان تەمەنییان لە خوار 18 ساڵەوە بووە.

پێداچونەوە بە ئاماری کوژراو و برینداربووانی مانگەکانی ڕابردوودا دەریدەخات کە ڕێژەی کوشتن و برینداربوونی کۆڵبەران لە مانگی 11 بە بەراورد بە مانگی 10ی ئەمساڵ، 293% زیادی کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو زۆرترین ژمارەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە پارێزگاکانی کوردستان بووە کە 93 حاڵەت تێیاندا ڕوویداوە و دوای ئەوەش پارێزگاکانی کرماشان کە 22 حاڵەتی تێدا بووە و ئازەربایجانی ڕۆژئاواش 3 حاڵەت.

بەپێی زانیارییەکان، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا تەقەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کۆڵبەران چڕتر بووەتەوە و زیادکردنی ژمارەی کوژراو و بریندارەکانیش ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت.

چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن زیادبوونی ژمارەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە کاتێکدایە کە زۆربەی ئەو کۆڵبەرانەی تەقەیان لێدەکرێت، بار و کۆڵەکەیان بە پێچەوانەی بانگەشەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئیران ئەو کەلوپەلە قەدەغەکراوانەی کە باسیان لێوە دەکەن، نییە.

هەر لەمبارەیەوە کچی یەکێک لەو کۆڵبەرانەی بە دەستی هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژراوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هێزەکانی ئێران هیچ هۆکارێکی تایبەتیان نییە بۆ تەقەکردن. بۆ نمونە باوکم هەرگیز خواردنەوە کحولیەکان و ئەو جۆرە شتانەی نەدەگواستەوە، کەچی دەڵێن تەقەمان لێکردوون چونکە خواردنەوە کحولیەکان و کەلوپەلی قاچاخیان گواستوەتەوە."

هەر لەم چوارچیوەیەدا ماوەیەک پێش ئێستاش کۆڵبەر نیوز کە تایبەتە بە ڕۆماڵکردنی هەواڵی کۆڵبەران ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لە ماوەی دوو مانگدا، واتە لە 22ی مانگی 9 تا 22ی مانگی 11 بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و مین و کەوتنەخوارەوە، 9 کۆڵبەر کوژراون و 145 کۆڵبەریش بە قورسی برینداربوون.

کۆڵبەر نیوز نووسیویبووی لە کۆی گشتی ئەو 154 کۆڵبەرەی لەو ماوەیەدا یان کوژراون یان و بریندار بوون، 141 حاڵەت کە دەکاتە 92% ی ئەو ژمارەیە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ئێرانەوە بووە.

کۆڵبەران بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانن لە ئێران کە بۆ دەستبەبەرکردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان، ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن کە یەکێک لە قورسترین و مەترسیدارترین ڕێگاکانە بۆ پەیداکردنی نان.

چاودێران گرنگترین هۆکاری سەرهەڵدانی دیاردەی کۆڵبەری بۆ زاڵبوونی ڕوانگەی ئاسایشی حکومەت بەرامبەر بە شارەکانی کوردستان دەگێرنەوە کە ئەمەش هەژاری ڕەها و هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی و گرنگی نەدانی حکومەت بۆ وەبەرهێنانی لەو ناوچانەدا لێکەوتووەتەوە.

XS
SM
MD
LG