ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) لەم دواییانەدا چەند لێدوانێکی ئەرێنی دا سەبارەت بە کێشەکانی کورد و گەلی کورد و هەدەپ.
لێدوانەکانی ئۆزەل لە نزیکەوە لەلایەن کورد و ڕێکخراوە کوردییەکانەوە چاودێری دەکرێن.
ئۆزەل لە کۆنگرەی جەهەپە کە لە ڕۆژانی 4 و 5ی مانگی یازدە بەڕێوەچوو لە کەمال کلیچدارئۆغڵوەوە پۆستی سەرۆکایەتی بۆ مایەوە و بوو بە سەرۆکی نوێی جەهەپە.
لەم کۆنگرەیەدا نوێنەرێکی زۆری کورد بەشداربوون. ئۆزەل لە وتارەکەیدا چەند پەیامێکی سەبارەت بە کورد پێشکەشکرد و نوێنەرە کوردەکانیشی لە دەوری خۆی کۆکردەوە.
ئۆزەل، لە ناو گرووپی جەهەپە لە پەرلەماندا ڕایگەیاند، "لەم وڵاتەدا هەمووان یەکسانن، تەنها کورد یەکسانیەکی ئەوتۆی نیە". ئۆزەل هەروەها سەبارەت بە پارێزگارەکان دەڵێت "لە ئامەد، وان، ماردین، کورد سەرۆکی شارەوانی هەڵدەبژێرێت، بەڵام ئێوە پارێزگارەکان دیاری دەکەن". بۆیە کورد لە بەکارهێناندا کەمتر یەکسانە."
ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە لەگەڵ پەرڤین بوڵدان، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، ئامادەی کۆنسێرتی هونەرمەندی کورد پەرڤین چاکار بوو.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، ئایا جەهەپ بە ڕاستی دەیەوێت هەندێک شت لەسەر پرسی کورد بگۆڕێت یان تەنها دەیەوێت کورد جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکانی 31ی ئازاری 2024دا پشتیوانی جەهەپ بکاتەوە؟
دەسەڵاتدارانی هەدەپ خۆیان لەم قسانەی ئۆزێل بە دوور ناگرن و خۆشیان زۆر نزیک نیشان نادەن. دەڵێن ئەوان ڕێگای سێییەمیان لەبەردەمدایە، واتە لە هەر شوێنێک لەگەڵ کاندیدەکانیان بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.
مەهمەت عەلی کولات، بەرپرسی توێژینەوەی ماک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەگەر جەهەپە بیەوێت جارێکی دیکە لەو شارەوانیانەی بەدەستیانەوەیە سەربکەوێت، پێویستیان بە هاوکاری "هەدەپ هەیە، بۆیە ئۆزەل پەیامی گەرم دەدات بە دەنگدەرانی کورد.
گوتیشی "بەڕێز ئۆزگول ئۆزەل زۆر باش دەزانێت کە دەنگدەرانی هەدەپ چارەنووسی ئەم هەڵبژاردنە دیاری دەکەن". ئەگەر جەهەپە بیەوێت جارێکی تر ئەم 11 شارە گەورانە بباتەوە، پێویستی بە هەدەپ هەیە. ئەگەر هەدەپ یارمەتی نەدات، ناتوانرێت جەهەپە بە تەنها شارەکانی ئەستەنبوڵ، ئەنتالیا، ئەدەنە، مێرسین و سەمسور ( هاتای) بباتەوە. لەبەر ئەوەیە ئۆزەل بەم شێوازە لێدوان دەدات بۆ ئەوەی دەنگدەرانی هەدەپ ڕابکێشێت”.
هەروەها شارەزایان دەڵێن لەم هەڵبژاردنەدا هەدەپ زیاتر بیر لە خۆی دەکاتەوە لەبەرئەوەی هەدەپ هێندەی جەهەپە لە ئاکەپە نزیکە. لە لێدوانی بەرپرسانی هەدەپدا باس لەوە کرابوو کە دەرگایان بەڕووی هەموو لایەکدا کراوەیە.
هەروەها ڕێکخەری گشتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی سەها، یوکسەل گەنچ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند جەهەپە بەبێ هەدەپ ناتوانێت بەرگری لە باڵادەستی خۆی بکات لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
گوتیشی "ئەگەر هەدەپ یارمەتی یەکێک لە ئەندامانی جەهەپە بدات لە ڕۆژئاوای تورکیا، ڕەنگە هەدەپ داوا لە جەهەپە بکات کە پاڵپشتی ئەندامێکی هەدەپە لە ڕۆژئاوای تورکیاش بکات". هەدەپە دەیەوێت جەهەپە یارمەتی بدات. جەهەپە بە هاوکاری کورد چەندین شارەوانی گەورەی بەدەستهێنا. بەڵام بەداخەوە دوای ئەوەی شارەوانی لە لایەن جەهەپەیەوە بەڕێوەبرا، هیچ شتێکی تایبەت بۆ کورد نەکرا”.
دەنگدەرانی هەدەپ ڕایدەگەیەنن کە ئەگەر حزبەکەیان هەدەپ بیەوێت هاوپەیمانی پێکبهێنێت، پێویستە ئەمە لەبەردەم خەڵک و بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ئەنجام بدرێت.