Accessibility links

گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئایندەی هەناردەکردنەوەی ئەو نەوتە


ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان وا لە ساڵێک نزیک دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار تورکیا و خودی بەرپرسانی هەرێمیش جەختیان لە ئامادەیی خۆیان کردووەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتەکە، بەڵام هێشتا کاتەکەی دیار نییە. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێڵەکەی زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک ئۆباڵی دەستپێنەکردنەووەی هەناردەی نەوتی هەرێمی خستە ئۆباڵی حکومەتی عێراق و دەڵێت بەهۆی ئامادەنەبوونی عێراقە لە پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت. بەشێک لە پەرلەمانتاران ئاماژە بە جیاوازی نرخی دەرهێنانی نەوت لە هەرێم لەگەڵ عێراق دەکەن، دەڵێن لە هەرێم بە شێوەیەکە کە کۆمپانیاکان بۆ هەر بەرمیلێک نەوت 30 دۆلاری ئەمەریکی بۆخۆیانە، بەڵام لە عێراق 6 دۆلارە.
دەپرسین:
بۆچی جیاوازی لە نێوان نرخی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم و بەغداد هەیە؟
چارەنوسی هەناردەی نەوتی هەرێم چی لێدێت؟
ناوەڕۆکی گرێبەستەکان چین و چۆن کراون؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە دەکرێت بە میوانداری بەڕێزان:
دکتۆر غالب محەمەد، پەرلەمانتاری پێشوی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق.
دکتۆر ڕێبین سەمەد، شارەزا لە تەکنۆلۆژی نەوت و سەرۆکی بەشی ئەندازیاری ڕوپێوان لە زانکۆی پۆلەتەکنینکی هەولێر.
محەمەد حسێن، توێژەر لە تۆڕی ئابوریناسانی عێراق و شارەزای کەرتی وزەی عێراق.

please wait

No media source currently available

0:00 1:08:48 0:00

دکتۆر غالب محەمەد:
"بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بەهۆی نەشارەزاییان و ئەو ڕاوێژکارە نەزانانەی لەگەڵییانە، نەیاندەزانی شێوازی ئەم گرێبەستە نەوتییانە کێشەیان بۆ دروست دەکات و دەیوەستێنن. ئێمە لە 2014وە ئەوەمان باسدەکرد بۆیان کە ئەمە کێشە بۆ هەرێم دروستدەکات، بەڵام ئەوان گاڵتەیان بە ئێمە دەکرد."

"گرێبەستەکانی نەوتی حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیاکان بە شێوەی خزمەتگوزارییە کە بۆ هەر بەرمیلێک یەک دوو دۆلار دەدات، بەڵام گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم هاوبەشییە، واتە کۆمپانیاکە هاوبەشە لەگەڵ حکومەتی هەرێم. بەپێی ئەو ئامارانەی ئێمە دەستمان دەکەوێت داهاتی نەوتی هەرێم لە 58%ی دەڕوات بۆ کۆمپانیاکان، بەڵام نەک کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت، چونکە ئەوان لە 14%یە، ئەوی تر کە دەیبات کۆمپانیای سانەوییە، کە نزیکن لە پارتی و یەکێتییەوە، ئەمەش جیاوازی نرخی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێم لەگەڵ بەغداد دروستکردووە. بۆ نمونە کۆمپانیای(کار) ئەگەر حسابی لەگەڵ بکرێت لە 33%ی داهاتی نەوت دەخرێتە خزمەتییەوە، ئەم گرێبەستانەش بە نەزانی نەکراوە، بەڵکو خۆیان شەریکن تێیدا، بۆیە حکومەتی عێراق نایەت سەرانە بدات،کە دەشڵێن نەوتمان تەسلیمکردووە لە ڕاستیدا نەوتییان تەسلیم نەکردووە، تەنها 70 هەزار بەرمیل نەبێت کە زۆری دەدەنە کۆمپانیای کار و ئەوی تر قەیوان، بۆیە ئەوەی ئێمە دەیبینین ڕۆژانە بە تەنکەر دەگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی هەرێم ، کەواتە ئەمانە نەوتییان ڕادەستی ئێران و تورکیا کردووە نەک ڕادەستی عێراقی بکەن."

"دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئەوەندە ئاسان نییە، چونکە لە هەرێم چەند کەسێک ئاگادارە لەم پڕۆسەیە و قەرزاریشن کەس نازانێت ئەم قەرزەیان لە کێ کردووە؟بەڵام لە عێراق هەموو شتێک بە سیستماتیکە و هەموو شتەکان ڕوونن، عێراق نایەوێت کۆمپانیایەکی تورکی بێت لە هەموو شتێک بەشدار بێت، چونکە عێراق خۆی کۆمپانیای نەوتی(سۆمۆ)ی هەیە، تورکیا لە دەرهێنانی نەوت هیچ نازانێت، خۆ ئەو وڵاتە خۆی 10 بیرە نەوتی نییە، کەچی دەسەڵاتی کوردی هەموو بیرە نەوتە باشەکانی ڕادەستی کۆمپانیایەکی تورکی کردووە کە لە کارەبادا ئیش دەکات نەک نەوت، ئەوەی ئەم دەسەڵاتی کوردە بە بیرە نەوتەکانی کرد، دەسەڵاتی بەعس نەیکردووە."

"گرێبەستی پەنجا ساڵە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە هەر زمانێک بڵاویدەکردەوە جیاواز بوو لە زمانەکەی تر و زمانە ئەسڵیەکەی گرێبەستەکە."

"ڕوون و ڕاستر بڵێم عێراق پێویستی بە نەوتی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم نییە."

"خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت مەمنونی حکومەتی عێراق بێت کە ناهێڵێت نەوتی هەرێم بڕوات، چونکە کەرامەتی بۆ تاکی کورد گێڕایەوە، خەڵکی کورد جگە لە چەند کەسێکی حزبی و کۆمپانیای حزبی هیچ سوودمەند نەبووە لە نەوت، خەڵک هەیە پێشتر ئۆتۆمبێلی نەبووە کەچی ئێستا فڕۆکەی تایبەتی هەیە، چەندەها خەڵکی نەخوێندەواری نەزانی کردە ملیاردێر، کەچی خەڵکی کردە موفلیس، کۆمپانیا هەیە دەیان باخیرەی هەیە، لەکاتێکدا کۆمپانیای گەورەی نەوتی جیهانی و سۆمۆی عێراقی حەوت باخیرەیان هەیە."

"خەڵکی کورد نایەوێت نەوتی هەرێم بدرێتە تورکیا، چونکە دەرکەوتووە تورکیا ئەو سووتەمەنیە بۆ بۆردومانی ناوچەکانی هەرێم خۆی بەکاردەهێنێت."

دکتۆر ڕێبین سەمەد:
"جۆری ئەو گرێبەستانەی کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکان واژۆیان کردووە، یەکێکە لە هۆکارەکانی گرانی تێچوونی وەبەرهێنانی نەوتی هەرێم لەچاو نەوتی عێراق، دوای ئەوە لە عێراق یەک یاسای نەوت و گاز نییە کە لە عێراق کاری لەسەر بکرێت، ئەمەش وایکردووە کە وڵاتانی تورکیا و بیانی زۆرترین سوودمەند بن لە نەبوونی یەک یاسایە کە لە هەرێم کار بە یاسایەک دەکرا و لە عێراقیش یاسایەکی تر، بەبڕوای من هەرێمی کوردستان یەکەم جار هەڵەیەکی گەورەی کرد، چونکە دەتوانرا لە ڕێگای هاوردەکردنی ئەزمونی وڵاتانی تر وەک عێراق و سعودیە لە بواری وەبەرهێنانی نەوت هەتا هەرێمی کوردستان وەک ئەزمون سوودی لێببنێت، دوای ئەوە کۆمپانیای نەوتی دروست بکەن و دواتریش کۆمپانیای بیانی بهێنین، وە شیرینی گرێبەستەکان یەکێک بوو لە خاڵە خراپەکان ."

"عێراق لە ئێستادا نایەوێت کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم چارەسەر بکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئاڕاستە و سیاسەتی وەزارەتی نەوتی عێراق بەو ئاڕاستەیە دەڕوات دەیەوێت کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان هەرێمی کوردستان جێبهێڵن، هەتا کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێم هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەگەر شایستە داراییەکانی خۆیان وەرنەگرنەوە ئەوا دەچنە دادگای لەندەن سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمار دەکەن و داوای شایستە داراییەکانی خۆیان دەکەن، کە ئەمەش ڕەنگە لە داهاتوو کێشە و گرفتی گەورە دروست بکات، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیاکان لە هەرێم سەرقاڵی وەبەرهێنانی غازن، کە ئەمەش هاوشێوەی نەوت بگرە زیاتر و گەورەتر کێشە بۆ هەرێم دروست دەکات. "

"حکومەتی عێراق نایەوێت کێشەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم چارەسەر بکات، بەڵکو دەیەوێت ئیدارەی بدات، دەیەوێت لەم رێگایەوە وەک چۆن دەڵێن بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژێت، یەکەم، کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێم بکشێنەوە، دووەم، کێشەکان لە ناوخۆی هەرێم بتەقنەوە، ئەگەرنا کێ دەستی حکومەتی عێراقی گرتووە لە ناردنی نەوتی سپی و بەنزینی هەرزان؟! لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی هەرێم لە گرێبەستە نەوتییەکان هەڵەی زۆری کرد، نەدەکرا بەو شێوەیە بێت وە هەر خۆی پێدانی ئەو نەوت و گازە بەکۆمپانیای تایبەت پێچەوانەی دەستوری عێراقیە، کە ئەمەش لە داهاتوو کێشە بۆ هەرێم دروست دەکات، چونکە بەپێی دەستور نەوت و غاز موڵکی گەلن، ناکرێت کۆمپانیای تایبەت بەڕێوەی ببەن دەبێت هاوشێوەی عێراق هی دەوڵەت بن کۆمپانیاکە."

ئێمە زانکۆ و کەسانی ئەکادیمی باشمان هەن دەکرا بۆ ئەو گرێبەستانە سوود لە کۆلێژ و زانکۆکان و کەسانی پسپۆڕ وەربگرن، بۆیە نەگەڕانەوە بۆ ئەو کەسانە و پچڕانی پەیوەندی نێوان زانکۆ و حکومەت ئەم گرێبەست و بەرهەمانەی هەبوو."

محەمەد حسێن:
"ڕەنگە من تۆزێک جیاوازتر لەم دوو میوانە بەڕێزە بیربکەمەوە، چونکە بەبڕوای من مەرج نییە لەبەر ئەوەی گرێبەستەکانی هەرێم بە شێوەی هاوبەشە هەڵەبێت، چونکە بەشی زۆری وەبەرهێنەرە بیانییەکان کە بۆ مەبەستی وەبەرهێنانی نەوت و غاز دەچنە وڵاتانی تر بە شێوەی ئەمەی حکومەتی هەرێم دەیکەن کە بە شێوەی هاوبەشە، لە بەریتانیا و کەنەدا و ئەمەریکا نمونەی ئەو وڵاتانەن، بەڵام گرفتەکە لە شوێنی تردایە کە بۆچی لە بەسرە وەبەرهێنانی بەرمیلێک نەوت دۆلارێکی تێدەچێت و لە هەرێم سەروو 50دۆلار ! ئەمەش بۆ چەند هۆکارە، یەک لەوانە، هەرێمی کوردستان بۆ هەموو پڕۆسەکە پشتی بەو کۆمپانیایانە بەستووە، دووەم، کارکردن لە کوردستان(ڕیسک-مەترسی)زۆرە، مەترسی گەندەڵی هەیە کە دەبێت سەرانە بدەن بە کۆمپانیا و بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، مەترسی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد هەیە، کە هەموو سەرمایەکەیان لە ژێر مەترسی لە ناوچوندایە، وە هۆکارێکی تر ئەویش هەیە، کە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمن کێڵگەی بچوک بچوکن، لەچاو بەسرە و شوێنەکانی تری عێراق، پارتی و یەکێتیش بۆ سەرانە و دۆزینەوەی ئیش بۆ هاوبەشی کۆمپانیای خۆیان ترانجدۆتە ئەو کێڵگانەوە لەگەڵ کۆمپانیا بیانیانە، ئەمانەش هەڵە نین، بەڵکو تاوانی داراییە."

"ئێستا بەرپرسانی کورد دەیانەوێت دۆخەکە بگەڕێننەوە بۆ پێش 2013، هەموو نەوت و هەرچی هەیە ڕادەستی عێراقی بکەنەوە، چونکە ئەمە دوابژاردە و تاکە بژاردەیانە، هەرچییان تاقیکردەوە سەرکەوتوو نەبوون، بۆیە ئەو هەوڵەدەدەن، زیانی بۆ حکومەتی هەرێمی خۆیان هەبووە."

"لە ڕووی ماتماتیکییەوە حساب بکەیت حکومەتی عێراق نەک قازانج، بەڵکو زیان دەکات لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بەهۆی گرێبەستی پێشووی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکان کە بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت زۆر زیاترە لە نەوتی بەشەکانی تری عێراق، بۆیە عێراق پێویستی بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم نییە."

XS
SM
MD
LG