کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە هۆشداریدا لەوەی ئەگەر کۆنگرێس هەنگاو نەنێت، سەرچاوەکانی ئەمەریکا بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئۆکرانیا تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبن.
شالاندا یەنگ، بەڕێوەبەری بودجەی کۆشکی سپی لە نامەیەکدا بۆ سەرکردەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و سینات نووسیویەتی، "ئەمە کێشەی ساڵی داهاتوو نییە، کاتی یارمەتیدانی ئۆکرانیایەکی دیموکراسی لە بەرەنگاربوونەوەی شەڕانگێزییەکانی ڕووسیا، ئێستایە. کاتی ئەوە هاتووە کۆنگرێس هەنگاو بنێت".
یەنگ ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی هەموو ئەو 111 ملیار دۆلارەی کە بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا تەرخانکرابوو، بەکارهێنراوە. گەورەترین بەشی پارەکە بۆ هاوکاری سەربازی بەکارهاتووە، بەشێکی دیکەش بۆ هاوکاری ئابووری و مەدەنی و هەروەها هاوکارییە مرۆییەکان تەرخانکراوە.
بەڕێوەبەرایەتی بایدن فشاری خستووەتە سەر کۆنگرێس بۆ پەسەندکردنی پاکێجێکی 106 ملیار دۆلاری کە هاوکاری ئۆکرانیا و ئیسرائیل و ناوچەکانی دیکە لە خۆدەگرێت. بەشی ئۆکرانیا دەگاتە 61 ملیار دۆلار.
ئەم پێشنیازە ڕووبەڕووی دژایەتی هەندێک لە کۆمارییەکان بووەتەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران کە پرسیار دەخەنە سەر پێشکەشکردنی یارمەتی زیاتر بۆ ئۆکرانیا و هەوڵیانداوە هەر بودجەیەکی زیادە ببەستنەوە بە داواکارییەکانی ڕێوشوێنی ئاسایشی سنوورەکان لە سنوورەکانی ئەمەریکا و مەکسیک.