Accessibility links

قەیرانی بێ موچەیی ساڵێکی خوێندنی بەشێکی خوێندکارانی هەرێم دەخاتە بەر مەترسییەوە


جارێکی تر مامۆستایان و بەشێک لە فەرمانبەران لە سنووری سلێمانی و پارێزگاری هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان هاتنەوە سەر شەقام و بایکۆتی دەوامیان دووپاتکردەوە بەهۆی پێنەدانی موچەکانیان. ئەم دۆخە هەر وا بەردەوامە لە کاتێکدا وا 80 ڕۆژە ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکردووەتەوە.
دەپرسین:
بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق چارەسەرێکی بە پەلە نادۆزنەوە؟
کەی پرۆسەی خوێندن لەو ناوچانە دەستپێدەکاتەوە و چارەسەر چیە؟
چی بکرێت بۆ ئەوەی ساڵێکی خوێندنی سەدان هەزار خوێندکار نەفەوتێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
مامۆستا عەبدولواحید محەمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان.
مامۆستا دەروێش ئیسماعیل فەتاح، بەڕێوەبەری قوتابخانەی خواکورکی بنەرەتی.
مامۆستا عادل حەسەن، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی.

please wait

No media source currently available

0:00 0:54:24 0:00

مامۆستا عەبدولواحید محەمەد:
"بەداخەوە لە 2014وە مامۆستایانی هەرێم لە دۆخێکدان کەس خۆزگەیان پێ ناخوازێت، ئێمە لە مانگی حەوتەوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کۆبووینەوە ئاماژەمان پێدان کە پێش وەختە کێشەکان پێش دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن چارەسەربکرێن، بەداخەوە ئەوان چارەسەرییان نەکرد، بەداخەوە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار ئامادەی گفتوگۆ نین و هیچ ڕێکخراو و نارێزایەتیش ناخوێننەوە، خۆی دەبوو چەندین جار وەزیری پەروەردە بچوایە سلێمانی و لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردە و نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی کۆببونایە، لە وڵاتی خواپێداودا ڕێگەنادەن یەک ڕۆژ خوێندن بڕوات، کەچی ئەوەتا لای ئێمە 80 ڕۆژە پرۆسەی خوێندن وەستاوە کەس خۆی ناکاتە خاوەن و پێییان خۆشە هەروا کێشەکە بمێنێتەوە."

"چارەنوسی خوێندن لە ناوچەکانی بایکۆت زۆر زۆر خراپە، لە مەترسییەکی گەورەدایە، ئێستا هەرچیش بکرێت وەک چارەسەرێکی کاتی وایە و چارەسەری دۆخەکە ناکات، چونکە قوتابیان و خوێندکاران شتێکی ئەوتۆیان نەکردووە، گرفتی ساڵانی داهاتووشە، هەرچی بکرێت تەنها دەربازکردنی ساڵەکەیە و دەبێت خەمی قوڵی لێبخۆین."

مامۆستا دەروێش ئیسماعیل فەتاح:
ئێمە لە 17ی مانگی نۆوە لە قوتابخانەکەمان دەستمان کردووە بە خوێندن و قوتابخانەکەمان سەرجەم قۆناغەکان خوێندن تێیدا بەردەوامە، سوپاسی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەم کە بەبێ هیچ فشار و هەڕەشەیەک خۆیان بە ویستی خۆیان وەک هەستی بەرپرسیارێتی هاتونەتەوە دەوام، تەنها دوو مامۆستام بایکۆتی کردووە و تەواو ڕێزییان لێدەگرم و ئازادن، هیچ ڕێکارێکی ئیداریشم نەگرتووەتەبەر چونکە هەر ڕێکارێک دژ بەوان دژ بەخۆمە ئەوان هاوپیشەی منن."

"ڕاستە ئێمەی مامۆستایان ئەرک و مافمان هەیە، بەڵام مافی ئێمە دەبێت لەسەروخۆمان داوا بکەین نەک لە خوار خۆمان، مافی ئێمە لای قوتابیان نییە تا بێین سزای ئەوان بدەین و بایکۆتی خوێندن بکەین ، مافی من لای ئەو مناڵە خوێندکارە نییە بێم سزای بدەم، بەڵکو بەپێچەوانەوە واجبی منە دەبێت فێری بکەم، ئەم بایکۆتە ئێستا تەنها مناڵی هەژار لێی زیانمەندە بووە، نەک مناڵی دەوڵەمەند."

"ئێمەی مامۆستایان دەبێت موچەکەمان حەڵاڵ بکەین، سبەی موچەی ئەم مانگانەمان بۆ خەرج کرا، ئایا هیچ مامۆستایەک ئامادەیە بێت بڵێ ئەو موچەیەم ناوێ چونکە من ئەوکاتە بایکۆتم کردبوو؟! لە 2016ش بایکۆت کرا، مامۆستایان موچەی ئەو ماوەیەی بایکۆتییان وەرگرت، ئەگەر نیوە موچە یا چارەکە موچە بێت گرنگ موچە درا."

"ئەم بایکۆت و خۆپیشاندانانەی ئێستای مامۆستایان کۆمەڵێک شتی سیاسیین و سیاسەتییان لەپشتە، ئێستا سێ هەڵبژاردنمان لەپشتە، هەڵبژاردنی یەکێتی مامۆستایان، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەڵبژاردنی پەرلەمان، چونکە فێر نەکراوین و دیموکراسی نین بەداخەوە ئەم شەڕە سیاسییانە هەندێک کات بەچەند مانگ پێشتر بەم بایکۆت و شتە کراوە."

مامۆستا عادل حەسەن:
"ژمارەی ئەو قوتابخانانەی کراونەتەوە و بایکۆتییان شکاندووە لە پەنجەی دەست تێناپەڕێت، بەڕاستی ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە بێویژدانن ئەگەر ناتوانن ئیدارەی ئەم وڵاتە بکەن بۆچی ناڕۆن، مەعقول نییە 80 ڕۆژە پرۆسەی خوێندن وەستاوە یەک کۆبوونەوە نەکراوە، کەچی بۆ وەبەرهێنان پێنج کۆبوونەوەیان کردووە، لەکاتێکدا هەموو وەبەرهێنانێک لەم وڵاتە بۆ دروستکردنی کۆمپانیا بۆ بەرپرس و کوڕەکانیان و دەسەڵات و حزبەکانیانە و دابەشکردنی زەوییە بەو ناوەوە بەسەر خۆیان و دەستوپێوەندەکانیان، ئەمانە خوێندن کوژی دژە زانستی دژە تاک بەتاکی کوردن، ئەم دەسەڵاتە بەس بۆ سوکایەتیکردن بە تاکی کورد و بەرژەوەندی دوژمنانی کورد و دروستکردنی نەوەیەکی نەخوێندەوار دروست بوون."

"ئەگەر حکومەت پارەی نییە بۆ موچەی مامۆستا، بۆ پارەی هەیە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم بە فڕۆکەی تایبەت و جیا بچنە دوبەی؟! بۆ پارەیان هەیە بۆ پانێڵی دهۆک کە 10 ملیۆن دۆلاری تێبچێت، کەچی هەموو موچەی مامۆستایانی وانەبێژ 16 ملیۆن دۆلارە؟! چەند ساڵە ئەم هەموو پانێڵ و کۆنفرانسە دەکەن کوا بەرهەم و سودییان؟!"

"مناڵی منیش منای هەژارە، مەکتەبی مناڵەکانیشم بایکۆت بشکێنن، نایانێرمەوە تا خۆم نەچمەوە وانە بەمناڵی هەژار نەڵێمەوە، ئێمە لە 2015 وە لەسەر شەقامین خۆ هەموو ساڵێک هەڵبژاردن نەبووە هەتا پێمان بڵێن لەبەر هەڵبژاردنە ئەمانە جۆرێکە لە قسەی هەڵخەڵەتاندنە هی کەسانی دەزگا جاسوسییەکان و دەسەڵاتە بۆ ناشرینکردنی ئەو خەباتە جوانە شارستانیەی مامۆستایانە کە هەیە، ئێمە بڕیار لەهیچ حزبێکی سیاسی وەرناگرین بۆ خۆپیشاندان و بایکۆت یا کۆتایی پێهێنان."

XS
SM
MD
LG