Accessibility links

پرسی فرە لیستی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا


بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان) لە 18 ی مانگی دوازدەی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، پارێزگای کەرکوک یەکێکە لەو پارێزگایانەی هەڵبژاردنەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت. لایەنە کوردییەکان بڕیاریان داوە بە پێنج لیستی جیاواز لەم پارێزگایە بەشداری بکەن، لە کاتێکدا ئەم هەڵبژاردنە بە وتەی خودی سەرکردایەتی لایەنە کوردییەکان بۆ کوردی شارەکە چارەنووسسازە.
دەپرسین:
ئایا فرە لیستی لایەنە کوردییەکان لایەنی باشی بۆ کورد هەیە؟
لایەنە کوردییەکان چاوەڕوانی چی لە هەڵبژاردنەکانی کەرکوک دەکەن؟
چی وەهای کردووە لایەنە کوردەکان نەبنە هاوپەیمانی یەکتر؟
کورد بەنیازە چەند کورسی بەدەستبهێنێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی پرسی فرە لیستی کورد لە پارێزگای کەرکوک دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
دارا دڵشاد پیروت، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان.
مامۆستا فەرحان غەریب، کاندیدی کۆمەڵی دادگەری لە هاوپەیمانی مەشخەڵی کەرکوک.
مامۆستا ڕەسوڵ ڕەئوف، سەرپەرشتیاری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک.

please wait

No media source currently available

0:00 0:49:30 0:00

مامۆستا فەرحان غەریب:
"ئێمە پێش هەڵبژاردنەکان، وەک لایەنە کەرکوکییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی سەردانی پارتی و یەکێتیمان کرد، داوامان لێکردن، هاوارمان کرد، تەنانەت وەک دەڵێن لێییان پاڕاینەوە کە ململانێکانیان نەگوازنەوە بۆ کەرکوک، دۆخی کورد لە کەرکوک و خەڵکی کەرکوک ئەمە تەحەمول ناکەن و کورد بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکات لە کەرکوک، بەڵام خەڵکی کورد بە گشتی لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی و ئێمە ئەو خەفەتەی ئێمە بۆ هەستی نەتەوایەتی هەمانە پارتی و یەکێتی بەهۆی بیری تەسکی حزبایەتییەوە نیانە."
"تەنانەت ئەمە زانیارییە، کە دوای هەڵبژاردنەکان ئەگەر کورد زۆرینەش بەدەست بهێنێت، هەر بەهۆی ئەم ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی و فرە لیستییە، ئەوا ترسی لەدەستدانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک هەیە ."

دارا دڵشاد پیروت:
"پێمان باشتر بوو کورد هەموو بە یەک دەنگ و لیست بچوایە ناو هەڵبژاردن، کەرکوک پێی خۆش نییە و گلەیی هەیە لەو هەموو لیستە کوردییە، بەڵام هەر لیستە و دەنگی خۆی هەیە، وە هەوڵدەدەین وەک کورد زۆرترین کورسی بەدەست بهێنین، تا پارێزگار دیار بکەین وەک کورد، وە بەڕێوەبەری دائیرەکان و هەموو شتەکان دیار بکرێنەوە، تەنانەت خەڵک زۆر بێزارە لە ئیدارەی شارەکان، ئەوەش ڕاستە ڕەنگە خەڵک هەندێک توڕە بن لە لایەن و لیستەکان، بەڵام خەڵک کەسایەتی ناو لیستەکانیان بەدڵە و دەنگ دەدەن بە کەسایەتیە ناسراوەکان، باوەڕناکەم ئەم فرە لیستییە زیان لە دەنگی کورد بدات، چونکە ئەم هەڵبژاردنە دەنگی کورد لەم هەڵبژاردنە هیچ نافەوتێت."

"پێشبینی نۆ کورسی دەکەین کە کورد لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستی بهێنێت، وە بۆ لیستی خۆشمان (پارتی دیموکراتی کوردستان) هەوڵی بەدەستهێنانی(4-5) کورسی بەدەستبهێنین، بەڵام دەبێت دوای هەڵبژاردن هەموو لیستە کوردییەکان ببنە یەک دەنگ لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەگەرنا عەرەب و تورکمان دەسەڵاتی شارەکە و پارێزگار لە کورد دەسێنن و کورد پۆستەکان لەدەست دەدەن."

مامۆستا ڕەسوڵ ڕەئوف:
"بەپێی یاسا ئەگەر کورد هەموو کورسی ئەنجومەنی پارێزگاش بەدەستبهێنن، بەڵام کورد بە تەنها ناتوانێت پارێزگار دابنێت، بەڵکو دەبێت بە تەوافوقی عەرەب و تورکمان بێت، سەبارەت بە یەک لیستیش حزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی زۆر هەوڵییان دا، بەڵام بەداخەوە پارتی و یەکێتی بەیەکەوە هەڵناکەن، هەروەک چۆن بۆ بەرنامەیەکی وەک ئەم بەرنامە هەڵییان نەکرد پێکەوە بەشداربن، ئێستا چۆن بۆ پارێزگایەکی وەک کەرکوک لەسەر پۆست و دەسەڵات دەتوانن پێکەوە هەڵبکەن! لەبەر ئەوە هۆکاری یەکەمی ئەوەی کە کورد نەیتوانی لە کەرکوک یەک لیست بێت دەگەڕێتەوە بۆ یەکێتی و پارتی، وە ئەم جارە دەنگی کورد بەنزیکەی 10 هەزار دەنگ دەفەوتێت، هەر لەبەر ئەم ململانێی ئەو دوو حزبەوە ڕەنگە هەستی نەتەوایەتی خەڵک کەمیکردبێتەوە، حزبی دەسەڵات نەگەیشتۆتە ئەوەی ئیش لەسەر هەستی نەتەوایەتی و کورد بوون بکات، باشە لە 2014 بەس سەرۆکی لیستەکە 250 هەزار دەنگی هێنا کەچی لەهەڵبژاردنی ڕابردوو حزبەکە 70 هەزار دەنگی هێنا، وە بۆ پارتیش هەروایە دەنگەکان کەمیکردووە، ڕۆژ بەڕۆژ دەسەڵاتی کوردی لە کەرکوک لە لاوازبووندایە."

"هەر بەرپرسەکانی ئەو دوو حزبە (پارتی و یەکێتی) ماڵییان لە کەرکوک ماوە؟! هەتا ئاگایان لە دۆخی شارەکە و هەستی نەتەوایەتی و کورد بوون بێت، من ڕەشبین نیم، بەڵام بەداخەوە بەڕاستی داهاتووی باش نابینم بۆ دۆخی کەرکوک، چونکە دوو لایەنە کوردییەکە هەوڵی گەڕانەوەی کەرکوک نادەن و دۆخ و کاریگەرییە هەرێمەکەش کاریگەری هەیە لەسەر شارەکە."

"ئەگەرچی پێشبینییەکان بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکان ڕەنگە بەو جۆرە نەبێت، و ئەمە یەکەم جاریشە کورد بەو بەربڵاوی و فرە لیستییە بەشدار دەبێت."

XS
SM
MD
LG