Accessibility links

دەسەڵاتی کاربەدەستانی کورد لە ناو حکومەتی فیدراڵی عێراقدا


لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن و بەعس لە عێراق، کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی ناو حکومەتی وڵاتەکەیە. لە سەرەتادا و و بە تایبەتی لە ئەنجومەنی حوکم و حکومەتی قۆناغی ڕاگوزەری ڕۆڵێکی بەرچاوی لە حکومڕانیدا هەبوو، بەڵام وەک باسدەکرێت وردە وردە ئەو ڕۆڵە کەمدەبێتەوە.
دەپرسین:
ئێستا دەسەڵاتەکانی کاربەدەستانی کورد لە بەغداد چین و هەتا چەند توانیویانە مومارەسەی دەسەڵاتەکانیان بکەن؟
بۆچی لەگەڵ ئەو هەموو پۆستانەی بەدەست کوردەوە هەن نەتوانراوە بەشی زۆری کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی چارەسەربکرێن؟
ئایا کورد لەکاتی بنیادنانەوەی عێراق پێشبینی ئەمڕۆی ئەو عێراقەی دەکرد کە ئێستا گلەیی لێی هەیە؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژی تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری بەڕێزان:
محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان.
دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
دکتۆر عەبدوڵا عەلیاوەیی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق.

please wait

No media source currently available

0:00 1:03:07 0:00

محەمەدی حاجی مەحمود:
"کورد دەبوو سەرەتا ڕازی نەبووایە وەک کەمینە بەشدار بێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، بەڵکو دەبوو وەک نەتەوەیەک بەشدارببوایە لە پێکهێنانەوەی حکومەتی نوێی عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، خاڵێکی تر ئەوەیە کورد شەرمنە لە داواکردنی مافی خۆی، ڕەنگە لێرە قسەیەک بکات و لە شوێنی تریش قسەیەکی تر بکات."

"هەندێک جار لێرە و لەوێ گوێمان لێدەبێت دەڵێن، سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی نییە، بەڵکو دەسەڵاتەکانی تەشریفاتین، نەخێر بەو جۆرە نییە، بەڵکو سەرۆک کۆمار لە عێراقدا دەسەڵاتی زۆری هەیە."

"کورد کارتی فشاری هەیە، بۆ نمونە جگە لە یەکڕیزی نێو ماڵی کوردی، کشانەوەیانە لە بەغداد و بگەڕێنەوە کوردستان، بۆ لە بەغدادن، مەعقولە خۆیان لە بەغداد دانیشتوون بە موچەی مانگانە و پاسپۆڕتی دیپلۆماسییەوە سەفەر دەکەن خەڵکیش سێ مانگە بێ موچە کراوە لەلایەن بەغدادەوە، بۆچی؟ چی دەکەن لە بەغداد بەو زەلیلیلییە دانیشتوون لە بەغداد؟ ئەم هەموو بڕیارە دەردەچێت لە دژی کورد ئەوان هەر دانیشتوون، دوور نییە سبەی بڕیاریش بدەن بە داخستنی یەکێک لە حزبە کوردەکان."

دکتۆر بەشیر حەداد:
"کورد لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس چاوەڕێی دەکرد کۆمەڵێک ماف و دەستکەوت بەدەستبهێنێت، بەڵام نەک هەر نەیتوانی بەڵکو دەبینرێت کێشەکانی پێشوتریشی هەرماوە، هۆکاری ئەوەی بۆ کورد نەیتوانیوە دەسەڵاتی خۆی لە بەغداد مومارەسە بکات، دەیگەڕێنمەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە سرووشتی کارکردن لە بەغداد جیاوازە، وە هۆکاری ناسەقامگیری و نایەکڕیزی و نایەکبوونەی کورد لە ناو خۆیدا، هەروەها یەکڕیزنەبوونی فراکسیۆنە کوردەکان لە ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، وە هۆکارێکی تر لاوازی پەیوەندی شاندەکانی هەرێم لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان کە دێنە بەغداد، جگە لەوەش لاوازی پەیوەندی نێوان تیمە کوردییەکان کە لە بەغدادن."

"سەرۆک کۆمار کە پارێزەری دەستورە، بەلانی کەم دەبێت هەر ئەمڕۆ داوای ئەوە بکات کە بۆچی دادگای فیدراڵی هەتا ئەمڕۆ یاسای نییە؟! ئەمە بە یاسایەکی کۆن پێکهاتووە نەک بەپێی دەستور ماددە 92، دووەم، دەیتوانی یاسای بودجە بەلانی کەم مانگ بۆ 40 ڕۆژ دوابخات، ئەم دواخستنە فشارێک بۆ سەر شیعە، بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی کە زۆر پەلەیان بوو، بۆیە زۆر شت هەیە دەکرێت سەرۆک کۆمار فشار بکات."

دکتۆر عەبدوڵا عەلیاوەیی:
"کورد بە چەند قۆناغێک تێپەڕی، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، قۆناغی بەشدارینەکردنی سوننە لە حکومەتدا کورد بەهێزبوو، شیعەش بەو جۆرە بەهێز نەبوو، کورد وەک میر وابوو لە بەغداد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لایەنەکان دەگەڕانەوە بۆلای سەرۆک مام جەلال."

"قۆناغێکی تر بریتییە لە قۆناغی ناو پەرلەمان، کە لایەنەکوردییەکان هەمووی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستان کۆببونەوە. من ئەو کات خۆم پەرلەمانتار بووم، هەموو فراکسیۆنەکانی تر دەهاتنە لای هاوپەیمانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، هەماهەنگی تەواو لە نێوان سەرۆک بارزانی و سەرۆک مام جەلال هەبوو ، کورد لەوپەڕی بەهێزیدا بوو، هەموو مانگێک کۆبوونەوە لە سەرۆکایەتی کۆمار بە هاوپەیمانی کوردستان و وەزیرەکان دەکرا، هەر کێشەیەک هەبووایە چارەسەر دەکرا."

"قۆناغی دوای ئەوە، قۆناغی دووە، قۆناغی زۆر لاواز بوو، ئەمەش دوای ئەوەی حزبە کوردییەکان لەیەکتر جیابوونەوە، جەنابی مام جەلال نەخۆش کەوت، لە دوای مام جەلال ئەو سەرۆک کۆمارانەی هاتن پێ بەپێ لاواز بوون، نەیانتوانی کێشەکان چارەسەر بکەن و پەیوەندی نێوان سەرۆکایەتی هەرێم و کۆمار ڕێکبخەن و هەماهەنگ بن، جگە لەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی دەهاتنە بەغداد بەشێکییان عەرەبییان نەدەزانی."
"ئێستا کورد لە لاوازترین قۆناغدایە لە بەغداد، ئەگەر بە خۆمان نەکەوین ئەگەری هەیە خراپتریش ببینین لە ڕۆژانی داهاتوو، هیچ هەمانگیەک نییە لە نێوان ئەوانەی نوێنەرایەتی کورد دەکەن لە بەغداد، هەماهەنگی نییە لە نێوان سەرۆک کۆمار و وەزیرەکان."

"ئێستا کە جێگری سەرۆک کۆمار نییە، کشانەوەی لە بەغداد یان هەڵوێست وەربگرێت دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەزمەیەک کە فشار لە چوارچێوەی شیعە دەکات، من سەرۆک کۆمار بوومایە دەهاتمەوە کوردستان و دەموت ئەگەر هەتا مانگێک موچە و بودجەی خەڵکی کوردستان نەنێرن بە تەواوەتی ئەوا وازدەهێنم، ئەو کات بزانە چۆن کاریگەری دەبوو، ئەگەر کوردایەتی بیربکرێتەوە دەبێت وابێت، ئەگەرنا دادەنیشم لە بەغداد وەک سەرۆک کۆمار هیچ کێشەیەکم نییە و موچە و نەسریەیەکی زۆر وەردەگرم و سەفەری خۆم دەکەم، بەڵام ئایا ئەوە ڕاستە من لەوێ وابژیم و میللەتەکەشم لە هەرێم برسی بێت و نان نەبێ بیخوا، سەرۆک کۆمار دەتوانێت هەندێک شت ڕابگرێت، دەتوانێت لە پەرلەمان داوا بکات متمانە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق بسەنێتەوە لەسەر بەشە بودجەی هەرێم."

XS
SM
MD
LG