Accessibility links

حکومەتی هەرێم: ئەوەی بەغدا دەیکات پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە


ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە لە ڕاگەیێندراوێکیدا هیچ ئومێدێکی دەرنەبڕی لەسەر چارەنوسی دانوستانەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و بە زمانێکی توند دەڵێت، "ئەوەی بەغدا دەیکات پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە."

ئەنجومەنەکە ئەمڕۆ 6 مانگی 12ی 2023 کۆبوونەوەیەکی بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجامدا.

لە ڕاگەیێندراوی کۆبوونەوەکە ئاماژە بەوە کراوە لەگەڵ بەغدا "لەیەکترگەیشتنێکی هاوبەش" دروستبووە لەسەر ئەوەی پرسی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم "بە هیچ شێوەیەک پێوەری خەرجی ڕاستەقینەی لەسەر جێبەجێ نەکرێت" تێکەڵی پرسە سیاسیەکان نەکرێت.

بەڵام سەرباری ئەو تێگەیشتنە هاوبەشە، ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، "شاندی دانوستانکار ئاماژەیان بەوە دا کە لە دانوستانەکانی ئەم دواییە، ئەوەی بۆ شاندی هەرێم خراوەتەڕوو، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە و کێشەی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات کە مانگانە 944 ملیار دینارە و بۆ ساڵێکی دارایی زیاتر لە 11 ترلیۆن دینارە، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیکات، پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە."

لە ڕاگەیێندراوەکەیدا ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کە "لە نزیکترین دەرفەتدا" پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵی پەسەند بکات و ڕەوانەی پەرلەمانی عێراقی بکات "دوور لە پێوەری خەرجی فیعلیی و ناکۆکیی نەوتی و داهاتی نانەوتی."

لە سەر ئاستی سیاسیش، داوا لە لایەنە پێکهێنەرەکانی کابینەی محەمەد شیاع سودانی دەکات پشتیوانی پڕۆژە هەمواری یاسای بودجە بکەن، "تا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانيان لە کاتی خۆیدا وەربگرن و چیتر ناعەدالەتی بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێم نەکرێت و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان و یاسای بوجەدا، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکان بدرێن."

حکومەتی هەرێم دووبارە جەختی لەوە کردووەتەوە کە "هەموو ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵیی جێبەجێکردووە." دەشڵت هەرێم نەوتی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، "بەڵام حکومەتی فیدراڵ هیچ بڕە پارەیەکی بۆ کۆمپانیا نەوتیەکان خەرج نەکردووە."

حکومەتی هەرێم دەڵێت "هیچ بەهانەیەک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ نەماوە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکات و ئێمە حکومەتی فیدراڵ بە تاکە بەرپرسی دواخستنی مووچەکان دەزانین و داوا دەکەین چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوا نەخەن."

ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی سێ هەناردەی نەوتی لە لایەن تورکیاوە ڕاگیرا، زیاتر لە 15 شاندی باڵای ناردووە بۆ بەغدا بەمەبەستی ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق، وە دوایین سەردان هەتەی ڕابردوو بوو بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی.

بەڵام سەرەڕای گفتوگۆکان، تا ئێستا چارەسەری کێشەکان ڕوون نییە و مووچەخۆرانی هەرێم تا ئێستا مووچەی مانگی 9 و 10 و 11 یان وەرنەگرتووە.

XS
SM
MD
LG