Accessibility links

میلیشیا شیعەکانی عێراق ئەمڕۆ 5 هێرشیان ئەنجامدا و چاودێران دەڵێن "حیساب" بۆ حکومەتی عێراق ناکرێت


گرووپە چەکردارەکانی سەر بە ئێران تەنها لەماوەی ئەمڕۆدا پێنج هێرشی جیاوازیان لە عێراق ئەنجامداوە، چەند چاودێرێکیش دەڵێن حکومەتەکەی سودانی کەوتۆتە دۆخێکی نەخوازراوەوە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی، 8ی مانگی دوانزە، کاتژمێر 4:15ی بە کاتی بەغدا، دوو موشەک ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کران. دوای ئەوە دەزگا ناوخۆییەکان ئاماژەیاندا بە دوو هێرشی جیاواز بۆ سەر بنکەی سەربازی عەین ئەل ئەسەد؛ وە بەدوایاندا ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشکرایە سەر دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و "باڵەخانەیەکی مەدەنی" شاری هەولێر.

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هێرشکەکان، بەتایبەت بۆ سەر دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە پێشهاتێکی "سەیر" و چاوەڕواننەکراو دەبینێت.

دکتۆر مەحمود عوسمان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێرشی سەر دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق وەڵامێکی توندی شیعەکانبوو بۆ قسەکانی سودانی، کە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکای بە تیرۆرستی ناوبردبوو."

ئەو وتیشی، "سودانی کەوتە بەردەم تەحەدایەکی گەورە. دەبێت چاوەڕێ بکەین تا بزانین چی بەرامبەر بەو هێزە شیعانە پێدەکرێت."

هێرشەکان کاردانەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتۆتەوە. باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەریان تۆمەتبارکرد و داوای لە حکومەتی عێراق کرد ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئەندامان و دامەزراوە دیپلۆماسییەکان کە چالاکن لە عێراقدا.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەرکی پاراستنی بارەگای دیپلۆماتکارانی خستە ئەستۆی حکومەتی عێراق و جەختیکردەوە لەوەی "عێراق بەرگەی پشێوی زیاتر ناگرێت."

کاردانەوەی هێرشەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، حکومەتی عێراقی هێنایە سەر هێڵ و لە ڕاگەیەنراوێکدا هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکای بە تیرۆرستی ناوبرد.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد دەستدرێژیکاران بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەستگیربکەن و ڕایگەیاند، "گروپە لە یاسا دەرچووەکان نوێنەرایەتی گەلی عێراق ناکەن و بەئامانج کردنی نێردە دیپلۆماسییەکان کارێکە پاساوی نییە."

بەچەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیەنراوەکەی سودانی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەغدا هێرشی موشەکی کرایە سەر. بەرپرسانی دەزگاکە ”گروپە لە یاسا دەرچووەکان" تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی هێرشەکە.

ئەرشەد حاکم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ڕایگەیاند، "بارەگای ئاسایشی نیشتمانی لەلایەن گروپە لە یاسا دەرچووەکانەوە کراوەتە ئامانج، زیانی ماددی بەر ئۆتۆمبێل و بینای دەزگاکە کەوتووە."

هێرشەکانی ئەمڕۆی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە کاتێکدایە، لە شەوی 3 ی مانگی 12 ی ساڵی 2023، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا 5 چەکداری حەشدی شەعبی لە دەوروبەری کەرکوک کردە ئامانج، کە بە پێی ڕاگەیەنراوی هێزەکانی ئەمەریکا سەرقاڵی ئامادەکردنی درۆن بوون بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانیان.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە شاری بەغدا کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێرشی هێزە شیعەکان بۆ سەر دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق پەیامێکە بۆ حکومەتەکەی سودانی بەوەی بێدەنگبە و دەسەڵاتت نییە."

سەرچاوەکە، وتیشی، "هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و ئاسایشی نیشتمانی عێراق هاوکاتە لەگەڵ چالاکبوون و جموجۆڵی زیاتری حوسییەکانی یەمەن و حزبوڵای لوبنان."

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، لە سەرەتای جەنگی غەزەوە تا ئیستا نزیکی 78 جار هێرشکراوەتە سەر بنکە و هێزەکانیان لە عێراق و سوریا. پاساوی هێزە شیعەکان بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا پاڵپشتیکردنی ئەمەریکایە لە ئیسرائیل.

لەسەر ڕووداوەکەی شاری هەولێر، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگیێندراوێکدا دەلێت هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراوە و باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی پێکاوە، بەڵام تەنها زیانی مادیی هەبووە.

لە راگەیەنراوی ئەنجومەنی ئاسایش هاتووە، "وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە لە دژی هاوڵاتییانی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی عێراق بە بەرپرسیار دەزانن لە ڕاگرتنی ئەم هەوڵانەی گروپە لەیاسادەرچوەکان."

بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە هەولێر، هێرشە درۆنییەکە لە گەڕەکی 32ی پارکی نزیک لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بووە.

حەمدی گلی، شارەزای بواری ئاسایشی نیشتمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئاڵۆزیەکانی ئێستای ئاسایش لە عێراق پەیوەندی بە ناکۆکی قوڵی ‌هێزە شێعەکانی عێراقەوە هەیە و ئەگەری پێکدادان لە نێوانیان هەیە.

حەمدی گلی وتی، "ناکۆکییەکی قوڵ لە نێوان شیعەی عەرەبی و شیعەی وەلائیدا دروستبووە، ئەمەش ناکۆکی لە نێو شیعەکانی عێراقدا دروستکردووە و چاوەڕوانی پێکدادانیش دەکرێت. شیعەی عەرەبی دەیەوێت عێراق لە ژێر هەژموونی ئێران دەربهێنێت و شیعەی وەلائیش شەڕی بەرژەوەندی ئێران دەکات."

ڕاشیگەیاند، "سودانی لە دۆخێکی نەخوازراودایە و لێکتێگەشتنی لەگەڵ ئێران و ئەمەریکاش هەیە، دەیەوێت باڵانس ڕابگرێت، بەڵام هەندێک لە گروپە شیعەکان یاخی بوون و حسابی بۆ ناکەن."

XS
SM
MD
LG