پێکهاتەکانی کەرکوک چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقن بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکەیان، لە کاتێکدا بڕیارە 8 ڕۆژی ترو لە ڕۆژی 18 ی مانگی دوازدە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بە کەرکوکیشەوە ئەنجام بدرێت.
بڕیارە ڕۆژی 12ی مانگی دوازدەی ساڵی 2023، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیار لە بارەی سکاڵایەکی عەرەب و تورکمان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و وردبینیکردن لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە بدات.
شێرزاد سەمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عەرەب و تورکمان سکاڵایان تۆمار کردووە گوایە وردبینی نەکراوە لە تۆماری دەنگدەران، بەڵام کۆمیسیۆن وەڵامی داونەتەوەو ڕەتیکردووەتەوە ناوی زیادە لە تۆمارەکەدا هەبێت."
گوتیشی،"بەپێی یاسای هەڵبژاردن، ناکرێت لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و تەنها پارێزگایەک پرۆسەکەی تێدا نەکرێ."
سەرژمێری ساڵی 1957 ی کەرکوک کراوەتە پێوەر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، بە پێی ئەم سەرژمێرییە کورد زۆرینەی دانیشتوانی کەرکوک پێکدەهێنێت.
کورد لەلایەن عەرەب و تورکمانەوە بە دەستکاریکردنی تۆماری دەنگدەران تۆمەتبار دەکرێت، بۆیە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن تا ئەوکاتەی وردبینی لە تۆمارەکەدا دەکرێت.
کوردیش پێیوایە عەرەب و تورکمان لە دوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە باڵادەستن لە پارێزگاکەداو بەردەوامی ئەم دۆخەیان دەوێت، بۆیە نایانەوێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
قەحتان وەنداوی، سەرۆکی لقی کەرکوکی بەرەی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە دڵمان نەبێت، ئێمە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دەکەین."
هاوکات خالد مەفرەجی، سەرکردەی عەرەبی سونە لە کەرکوک، لە بارەی سکاڵا تۆمارکردنیان لەدادگای فیدراڵی و داواکاری بۆ دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن، دەڵێت،"سکاڵا تۆمارکردنمان لە دادگای فیدراڵی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە. وەکو عەرەب و تورکمان ئامادەکاریمان بۆ هەڵبژاردن کردووەو لیست و کاندید و بەرنامەی هەڵبژاردنمان هەیە."
دەشڵێت،"ڕەخنەمان لە تۆماری دەنگدەران هەیە کە ناوی زیادەی تێدایە، ناوە زیادەکان سەرووی 200 هەزار دەنگدەرن، ئەمە وەکو ئەوە وایە بچینە نێو یارییەکەوەو پێشوەخت سێ بەیەک دۆڕابین."
لە ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە، کورد دەسەڵاتی لە پارێزگای کەرکوک لاواز بووە، بە جۆرێک پۆستی پارێزگارو نزیکەی 100 پۆستی ئیداری و ئەمنی لەدەستداوە، دەیەوێت هەڵبژاردن بکاتە دەرفەتێک بۆ گێڕانەوەی بەشێک لە دەسەڵاتەکانی.